رووداو دەجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێ، پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپا هەیە و بەنیاز نین قەدەخە بەسەر هەناردەی دیزڵ بۆ ئەو وڵاتانە بسەپێنن؛ دەشڵێت، دۆخی ئێران باش نییە.
رۆژی هەینی، 2ی تشرینی یەکەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و رایگەیاند: "پەیوەندی زۆر باشمان لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپا هەیە و قەدەخەی هەناردەی دیزڵ بۆ ئەو وڵاتانە ناسەپێنین".
گوتەکانی ترەمپ دوای ئەوە هاتن کە ئەمڕۆ ئەندامانی یەکێتیی ئەورووپا رەزامەندیان نیشاندا 100 ملیۆن بەرمیل نەوت و دیزڵ لە یەدەگی خۆیان بخەنە بازاڕەکانی جیهانەوە. دوێنێ، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا هەڕەشەی سەپاندنی قەدەخەی هەناردەی دیزڵی بۆ ئەو ناوچەیە کرد، ئەگەر بەشێکی نەوت و دیزڵی کۆگاکراویان هەناردەی بازاڕەکانی جیهان نەکەن.
بە گوێرەی ماڵپەری یۆرۆنیوز کە لە بەرپرسانی یەکێتیی ئەورووپاوە ئامارەکانی وەرگرتووە، پێش شوباتی ئەم ساڵ، یەکێتیی ئەورووپا نزیکەی 800 ملیۆن بەرمیل نەوت و جۆرەکانی دیکەی سووتەمەنی کۆگاکراوی هەبوو، بەڵام ئاداری ئەم ساڵ 92 ملیۆن بەرمیلی خستە بازاڕەکانەوە. ئەگەر ئەم بڕەی ئێستاش بخاتە بازاڕەکانەوە، ئەوا 608 ملیۆن بەرمیل لە کۆگاکانیدا دەمێنێت کە 66٪ی پێش جەنگی ئێرانە.
28ی شوباتی ئەم ساڵ، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و ئەویش بە هێرش بۆ سەر وڵاتانی دراوسێی وەڵامیدانەوە. لە 2ی ئادارەوە، ئێران وەکو وەڵامێک بۆ ئەو هەڕەشەیە تەنگەی هورمزی داخست کە پێش جەنگ رۆژانە 20 ملیۆن بەرمیل نەوتی پێدا هەناردەدەکرا. لەو کاتەوە رۆژانە تێکڕا نزیکەی یەک ملیۆن بەرمیل نەوتی پێدا هەناردە دەکرێ. ئەمەش گوشارێکی گەورەی لەسەر نرخی وزە لە بازاڕەکانی جیهاندا دروست کرد.
سەبارەت بە ئێران، سەرۆکی ئەمریکا گوتی، "کاتێک پرسی ئێران چارەسەرکرا، نرخی نەوت (و بەرهەمەکانی) دەگەڕێنەوە ئاستی ئاسایی خۆیان (مەبەستی پێش جەنگە)"؛ دەشڵێت، "ئێستا دۆخی ئێران لە جەنگەکەدا باش نییە".
رۆژێک پێش دەستپێکی جەنگی ئێران بەرمیلێک نەوت بە 72.5 دۆلاری ئەمریکی بوو، لەو کاتەوە گەیشتووەتە 120 دۆلار و ئێستاش بە نزیکەی 100 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێ.
سەبارەت بە تورکیاش ترەمپ گوتی، پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری وڵاتەکە هەیە.


.jpg&w=3840&q=75)