رووداو دیجیتاڵ
میدیای فەرمیی کۆریای باکوور بڵاویکردەوە، کیم جۆنگ ئون، رێبەری وڵاتەکە لەگەڵ کچەکەیدا سەرپەرشتیی تاقیکردنەوەی مووشەکێکی ستراتیژیی کردووە کە بە سیستەمی ژیری دەستکرد کاردەکات بە مەبەستی گۆڕینی ئاراستە و هێڵی فڕینەکەی.
رۆژی یەکشەممە، 4ی تشرینی یەکەمی 2026، کیم یۆ جۆنگ، خوشکە بەدەسەڵاتەکەی رێبەری کۆریای باکوور رایگەیاند، تەکنەلۆژیای ژیری دەستکرد وا دەکات مووشەکەکە بتوانێت لە بەرزییەکی کەمدا رێڕەوی فڕینەکەی بگۆڕێت، ئەمەش وا دەکات "هیچ رێگەیەک بۆ خۆلادان" لە لێدانەکەی نەمێنێتەوە.
بەپێی سوپای کۆریای باشوور، مووشەکەکە بەرەبەیانی رۆژی شەممە لە ناوچەیەکی دەوروبەری شاری وۆنسانی کەناراوی لە رۆژهەڵاتی کۆریای باکوورەوە هاوێژراوە و زیاتر لە 700 کیلۆمەتری بڕیووە.
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی کۆریای باکوور لەسەر زاری کیم جۆنگ ئون بڵاویکردەوە: "لە رێگەی مەشقی هاوێشتنەوە، سەربازانی مووشەکی ستراتیژی بە تەواوی لێهاتوویی و ئامادەیی خۆیان بۆ هێرشی پێچەوانە پیشاندا." کیم گوتیشی: "دەبێت بەردەوام بین لە هەوڵە بەرپرسیارانەکانمان بەبێ وەستان، بۆ ئەوەی دوژمن بەردەوام و دووبارە پەی بە جێمتمانەیی و کوشندەیی ئامرازە هێرشبەرە ستراتیژییەکانمان ببات."
وێنە بڵاوکراوەکانی ئاژانسی فەرمیی ئەو وڵاتە دەرکەوتنی مووشەکەکە بە ئاگرێکی پڕتەقاڵییەوە لە ئاسمان پیشاندەدەن. هاوکات لە وێنەیەکی دیکەدا کیم جۆنگ ئون بە دەمبەخەندەوە لە پاڵ جو ئەی، کچەکەی و ری سۆل جو، هاوژینەکەی دەردەکەوێت. جو ئەی کە بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2022 دەرکەوت، بەپێی هەواڵگریی کۆریای باشوور بەهێزترین بەربژێرە بۆ وەرگرتنی جێگەی باوکی.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، تاقیکردنەوەکە بە ئامانجی راهێنانی سەربازان بووە لەسەر "سیستەمی چەکی ستراتیژیی هایپەرسۆنیک."
ئەم هەنگاوەی پیۆنگ یانگ چەند رۆژێک دوای ئەوە دێت کە سیئۆل داوای لێبوردنی لە کۆریای باکوور کردبوو بەهۆی تەقینەوەیەک لە ناوچەی داماڵراو لە چەک کە بووە هۆی برینداربوونی سێ سەربازی کۆریای باشوور؛ بەڵام پیۆنگ یانگ بەرپرسیارێتیی ئەو تەقینەوەیەی رەتکردەوە و بەرپرسانی باشووری بە "قێزەون" وەسفکرد.



