رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی جەنگی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (پێنتاگۆن) بڕی ئەو دەرماڵە داراییەی زیادکرد کە سەربازانی ئەمریکی لە ناوچەکانی پێکدادان و بەرەکانی جەنگدا وەریدەگرن، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامیی ئاڵۆزییە سەربازییەکان لەگەڵ ئێران.
شۆن پارنێڵ، گوتەبێژی پنتاگۆن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویکردەوە، بڕیارەکە چووەتە واری جێبەجێکردنەوە و بەپێی رێکارە نوێیەکان، دەرماڵەی بەرکەوتن بە تەقەی دوژمن بۆ ئەو سەربازانەی راستەوخۆ رووبەڕووی تەقە دەبنەوە، بۆ بەرزترین ئاست کە مانگانە 450 دۆلارە بەرزکرایەوە. هاوکات دەرماڵەی مەترسیی تاکەکەسی بۆ ئەو سەربازانەی لە ناوچەکانی پێکداداندا خزمەت دەکەن، بۆ 275 دۆلاری مانگانە زیاد کرا؛ لە کاتێکدا پێشتر بەرزترین ئاست بۆ هەردوو دەرماڵەکە 225 دۆلار بوو لە مانگێکدا.
ئەم بڕیارەی پێنتاگۆن هاوکاتە لەگەڵ خۆلادانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لە بەکارهێنانی دەستەواژەی جەنگ بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازییە بەردەوامەکانی دژی ئێران؛ ترەمپ جەنگەکەی بەوە وەسفکردبوو کە "شتێکی ئەوتۆ و گەورە نییە"، سەرەڕای ئەوەی هێرشە پچڕپچڕەکان بەردەوامن و لە هەندێک حاڵەتدا برینداربوونی سەربازانی ئەمریکیی لێکەوتووەتەوە.
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، لە دوای ئەوەی ئیدارەی ترەمپ بە هاوبەشی لەگەڵ ئیسرائیل لە 28ـی شوباتەوە جەنگی ئێرانیان دەستپێکرد، 19 سەربازی ئەمریکی کوژراون و زیاتر لە 860 سەربازی دیکەش بریندار بوون.
لە هەمان کاتدا بەرپرسانی ئەمریکی بە رۆژنامەی واشنتن پۆستیان راگەیاندووە، ژمارەی راستەقینەی ئەو سەربازانەی لەوکاتەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گیانیان لەدەستداوە لانیکەم 22 سەربازە، هەرچەندە رەنگە هەموو گیانلەدەستدانەکان راستەوخۆ بەهۆی شەڕ و پێکدادانەوە نەبووبن.



