رووداو دیجیتاڵ
لۆرد ئاشکرۆفت، سیاسەتڤان و ملیاردێری بەریتانی لە سەردانێکیدا بۆ هەرێمی کوردستان و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردە باڵاکان، سەرسامیی خۆی بە ئارامی و پێشکەوتنی کوردستان دەربڕی و باسی لە گرنگیی بەردەوامیی پەیوەندییەکانی نێوان کورد و وڵاتانی رۆژئاوا کرد.
رۆژی یەکشەممە 04-10-2026 ئاشکرۆفت لە گوتارێکدا کە لە میدیای بەریتانیا بڵاویکردووەتەوە، باس لە سەردانەکەی بۆ ماڵی "کەسایەتییە ئەفسانەییەکە،" سەرۆک مەسعود بارزانی دەکات.
ئاشکرۆفت دەڵێ، سەرۆک بارزانی بە جلوبەرگ و جامانە سوورە تایبەتەکەیەوە پێشوازییەکی گەرمی لێکردووە. لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک بارزانی سوپاسی ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا (لە نێویاندا بەریتانیا)ی کردووە بۆ ئەو هاوکارییانەی لە رابردوودا پێشکێشی کوردیان کردووە.
هاوکات سەرۆک بارزانی نیگەرانیی خۆی دەربڕیوە لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی هەڕەشەکانی تیرۆر لە ناوچەکە دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و گوتوویەتی: "دەترسم سیناریۆی 2014 [هاتنی داعش] دووبارە ببێتەوە."
ئاشکرۆفت ئاماژەی بەوەش کردووە، هەرچەندە سەرکردەکانی کورد ئاشتییان لا پەسەندە، بەڵام ئازایەتیی پێشمەرگە نابێت بە کەم سەیر بکرێت، وەک چۆن سەرۆک بارزانی پێی گوتووە: "ئەگەر ناچار بین بەرگری لە خۆمان بکەین، تاوەکو کۆتایی شەڕ دەکەین".
لە بەشێکی دیکەی سەردانەکەیدا، لۆرد ئاشکرۆفت لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبووەتەوە.
بەگوێرەی گوتارەکە، نێچیرڤان بارزانی بە زەردەخەنەوە باسی لە دۆخی ئاڵۆزی پێکهاتەکانی عێراق کردووە و گوتوویەتی: "سوننەکان ترسیان لە رابردوو هەیە، شیعەکان ترسیان لە داهاتوو هەیە، کوردەکانیش ترسیان لە رابردوو، ئێستا و داهاتووش هەیە."
هەروەها سەبارەت بە کۆبوونەوەی لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئاشکرۆفت نووسیویەتی، مەسرور بارزانیش هەمان نیگەرانیی هەبووە سەبارەت بە هەڕەشەی درۆن و مووشەک بۆ سەر هەرێمەکە.
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە کردووە، عێراق رێگە بە کوردستان نادات سیستمی بەرگریی ئاسمانی بەدەستبهێنێت یان بۆی دابین بکات. سەرۆکوەزیران بە ئاشکرۆفتی گوتووە: "ئێمە بەدوای هاوکاریی خێرخوازیدا ناگەڕێین، بەڵام بەرامبەر بە هێرشە ئاسمانییەکان بێتواناین و لە ناوچەیەکی پڕ لە دووژمنکاریدا بە تەنیا ماوینەتەوە".
لۆرد ئاشکرۆفت لە گوتارەکەیدا ستایشی پێشکەوتنەکانی هەولێر و ئارامیی هەرێمی کوردستان دەکات و بە "مێرگێک لە نێو گێژاودا" باسی کردووە، هەروەها هیوای خواست کورد لە کاتی گونجاودا بگاتە خەونی سەربەخۆیی کە شایستەی ئارامگری و ئازایەتییەکەیانە.

