رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی بارانی بەخوڕ و دروستبوونی لافاو لە هەرێمی کەتەلۆنیا لە باکووری رۆژهەڵاتی ئیسپانیا، دوو کەس لە نزیک شاری بارسێلۆنا گیانیان لەدەستدا و کەسێکی دیکەش بێسەروشوێنە.
داڤید بۆرێل، بەڕێوەبەری دەزگای ئاگرکوژێنەوەی کەتەلۆنیا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "بەهۆی لافاوەکەوە دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و لانیکەم کەسێکی دیکەش بێسەروشوێنە."
قوربانیی یەکەم بەهۆی داڕمانی دیوارێک لە کەمپێکی شارۆچکەی تۆردێرا گیانی لەدەستداوە، قوربانیی دووەمیش لە نێو گەراجێکی ژێرزەمینیدا لە شارۆچکەی مۆنتۆرنێس دێل ڤایێس بەهۆی پڕبوونی لە ئاو خنکاوە.
بەرپرسانی کەتەلۆنیا هۆشداریی تووندیان لەبارەی پارێزگای خیرۆنا داوە، کە دەکەوێتە نێوان بارسێلۆنا و سنووری باشووری رۆژئاوای فەرەنسا. دەسەڵاتداران داوایان لە دانیشتووانی ناوچەکانی دەوروبەری هەردوو رووباری (ریداوورا و دارۆ) کردووە لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە، چونکە ئاستی ئاو بەرزبووەتەوە و هەردوو رووبارەکە سەرڕێژییان کردووە.
شەپۆلی بارانبارین و زریان لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا رۆژهەڵاتی ئیسپانیای گرتووەتەوە؛ پێشتریش لە هەرێمی کاستیلا لا مانچا ژنێکی تەمەن 102 ساڵان بەهۆی زریانەکەوە گیانی لەدەستدابوو. بەگوێرەی دەستەی کەشناسی، لە چەندین ناوچەی سەر بە بارسێلۆنا بڕی بارانبارین 200 ملیمەتری تێپەڕاندووە.
پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا، رۆژی یەکشەممە رایگەیاند کە دۆخی کەشوهەوا لە کەتەلۆنیا "زۆر ئاڵۆزە" و داوای لە هاووڵاتییان کرد بە تەواوەتی لە هاتووچۆ و گەشتی ناپێویست بەدوور بن و پابەندی رێنماییەکانی تیمەکانی فریاگوزاری بن.
بە درێژایی شەوی رابردوو، تیمەکانی فریاکەوتن هاوکاریی دەیان کەسیان کردووە کە لە نێو ئۆتۆمبێلەکانیاندا لەسەر شەقامەکانی شاری گرانۆیێرز و دەوروبەری بارسێلۆنا بەهۆی لافاوەوە گیریان خواردبوو؛ هاوکات سەرجەم چالاکییە گشتی و وەرزشییەکان لەو ناوچانە راگیراون.


