رووداو دیجیتاڵ
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە هەوڵدایە لە کۆتایی ئەم مانگەدا نێوەندگیری لە گەڕێکی نوێی دانوستاندنی سێقۆڵیدا لەنێوان واشنتن، کیێڤ و مۆسکۆ بکات، بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە جەنگ.
زێلێنسکی لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەڤانان گوتی: "لایەنی ئەمریکی لە پەیوەندیدایە لەگەڵ ئۆکراینا و رووسیا؛ پێشنیازیان کردووە تاوەکو کۆتایی مانگی تشرینی یەکەم کۆبوونەوەیەک لەسەر ئاستی تەکنیکی بە شێوەی سێقۆڵی بەڕێوەبچێت."
سەرۆکی ئۆکراینا ئاشکرای کرد کە دوێنێ شەممە لەگەڵ دانوستاندنکارانی ئەمریکا لەسەر هێڵ بووە و گوتوویەتی: "بۆم پشتڕاستکردنەوە کە ئێمە ئامادەین بۆ ئەم وادەیە."
سەبارەت بە شوێنی بەڕێوەچوونی دانوستاندنەکان، زێلێنسکی هیچ وڵاتێکی دیاریکراوی وەک بڕیاری کۆتایی دەستنیشان نەکرد، بەڵام ئاماژەی بەوە دا کە وڵاتەکەی "ئامادەیە کۆبوونەوەکە لە ئیمارات یاخود هەر شوێنێکی دیکە بێت کە ئەمریکا پێشنیازی دەکات."
ئیمارات لە رابردووشدا میوانداریی چەندین دانیشتنی نهێنی و ئاشکرای بە نێوەندگیریی واشنتن لە نێوان رووسیا و ئۆکراینادا کردووە، بەتایبەت لە دۆسیەکانی ئاڵوگۆڕی دیلەکاندا.
پێشتر کۆشکی کرێملینیش ئاماژەی بە ئەگەری دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکان لەم مانگەدا دابوو. دمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملین، بە میدیای فەرمیی وڵاتەکەی راگەیاندبوو: "ئێمە ئەگەرێکی لەو شێوەیە رەتناکەینەوە و باسی داهاتوویەکی نزیک دەکەین."
سەرەڕای ئەم هەوڵە نوێیانەی ئەمریکا بۆ دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی، چاودێران دەڵێن گەڕەکانی پێشووی دانوستاندن بەهۆی سووربوونی مۆسکۆ لەسەر مەرجە سەختەکانی لەوانە هێشتنەوەی ناوچە داگیرکراوەکان و پاشەکشەی کیێڤ لە چوونە نێو ناتۆ، بە بنبەست گەیشتبوون.


