رووداو دیجیتاڵ
گەنجێکی سووریایی لە ئەڵمانیا، دوای ئەوەی رەتیکردەوە تەوقە لەگەڵ فەرمانبەرێکی ژن بکات، لە وەرگرتنی وڵاتینامەی ئەو وڵاتە بێبەشکرا، بەڵام دادگە کێشەکەی چارەسەرکرد.
ئەمە لە مانگی حوزەیرانی 2024 لە نووسینگەیەکی پێدانی وڵاتینامە لە ویلایەتی باڤاریا بوو. کاتێک گەنجەکە ئامادە نەبوو تەوقە لەگەڵ فەرمانبەرە ژنەکە بکات، لێی پرسیبوو، "ئەگەر پیاوێک بووایە، تۆقەت دەکرد؟" ئەویش بە "بەڵێ" وەڵامی دابووەوە.
بەرپرسانی نووسینگەکە رەفتارەکەیان وەک رێزنەگرتن لە یەکسانیی ژن و پیاو هەژمارکرد، کە مەرجێکی سەرەکیی وەرگرتنی وڵاتینامەیە لە ئەڵمانیا، بۆیە وڵاتینامەکەیان پێنەدا.
دوای ئەوەی گەنجەکە پەنای بۆ دادگە برد، لە بەردەم دادوەر روونیکردەوە کە لە کۆمەڵگەیەکدا گەورە بووە پیاوان تەوقە لەگەڵ ژنانی دەرەوەی بازنەی خێزان ناکەن و مەبەستی سووکایەتیکردن نەبووە. هەروەها داوای لێبووردنی کرد و پەشیمانی قووڵی خۆی دەربڕی. جەختی لەوە کردەوە کە باوەڕی بە یەکسانیی تەواوی نێوان ژن و پیاو هەیە.
لە کۆتاییدا، دادگە روونکردنەوەکانی گەنجەکەی قبووڵکرد و لە رێگەی رێککەوتنێکی دادوەرییەوە بڕیاردرا وڵاتینامەی ئەڵمانیی پێبدرێت و دۆسیەکە بە فەرمی داخرا.


