رووداو دیجیتاڵ
خۆپێشاندان و ناڕەزایەتیی فراوانی قوتابیان لە شاری لیێژی بەلجیکا بۆ دووەم رۆژ لەسەریەک گرژی و تووندوتیژیی لێکەوتەوە؛ قوتابییە ناڕازییەکان پەنجەرەی قوتابخانە و باڵەخانەکانیان شکاند، ئاگریان لە شەقامەکاندا بەردا و بەهۆی پێکدادان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانیش، لانیکەم 22 ئەفسەری پۆلیس بریندار بوون و دەیان کەسیش دەستگیرکران.
شەپۆلی ناڕەزایەتییەکانی بەلجیکا دژی سیاسەتەکانی کەرتی پەروەردە و بەرزبوونەوەی نرخی هۆکارەکانی گواستنەوەی گشتی سەریهەڵداوە.
بەپێی میدیاکانی ئەو وڵاتە، لەنێویاندا کەناڵی (RTBF)، خۆپێشاندەران هێرشیان کردووەتە سەر قوتابخانەی شاهانەی لیێژ، دواتر ئاژاوەکە پەڕیوەتەوە بۆ وێستگەی سەرەکیی شەمەندەفەر، پردی فراگنی و مەیدانی سانت و لامبێرت، ئەمەش وایکرد بەشێک لە مۆڵ و بازاڕە گەورەکانی شارەکە بە ناچاری دەرگاکانیان دابخەن.
پۆلیسی دژەئاژاوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە و بڵاوەپێکردنی خۆپێشاندەران گازی فرمێسکڕێژ و ئاوی بەکارهێنا، دوای ئەوەی خۆپێشاندەران چەندین سکۆتەر و سەبەتەی زبڵیان سووتاند و بە یاریی ئاگرین هێرشیان کردە سەر پۆلیس، بەوەش هاتووچۆی تەواوی شارەکە پەکی کەوت.
داواکاری گشتیی شاری لیێژ رایگەیاند، جگە لە برینداربوونی 22 پۆلیس، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 53 کەس دەستگیرکراون کە 17 کەسیان مێرمنداڵ و خوار 18 ساڵن؛ لەنێو دەستگیرکراوەکانیشدا مێرمنداڵێکی تەمەن 13 ساڵ هەیە کە لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هانی خەڵکی دابوو بە بەنزین قوتابخانەیەک بسووتێنن.
تێئۆ فرانکن، وەزیری بەرگریی بەلجیکا، بە تووندی سەرکۆنەی ئەو تووندوتیژییانەی کرد و لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک نووسی: "مێرمنداڵان زیان بە قوتابخانەکان دەگەیێنن و هێرش دەکەنە سەر مامۆستایان و ئەفسەرانی پۆلیس؛ بۆیە پێویستە یاسای خزمەتی نیشتمانی بگەڕێندرێتەوە نەک تەنیا بۆ کەرتی سەربازی، بەڵکو بۆ ئەوەی گەنجان لە کەرتەکانی تەندروستی و پەروەردەدا خزمەت بکەن."
وەزیری بەرگریی بەلجیکا هێرشی تووندی کردە سەر پلاتفۆرمی تیکتۆک و گوتی: "تیکتۆک ئامرازێکە بۆ تێکدانی سەقامگیریی کۆمەڵگە رۆژئاواییەکان، بۆیە دەبێت بە یەکجاری لە وڵاتەکەماندا قەدەخە بکرێت."
ئەم ئاڵۆزییانەی بەلجیکا هاوکاتن لەگەڵ ناڕەزایەتیی هاوشێوەی سەدان هەزار قوتابی لە فەرەنسا کە بەهۆی کەمیی خزمەتگوزاری و خراپیی ژینگەی خوێندنەوە دەرگای دەیان خوێندنگەیان داخستووە.


