رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای ئۆپن ئەی ئای رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند کە دوو هەڵمەتی گەورەی چەواشەکاریی هەڵوەشاندووەتەوە کە لەلایەن ئێران و رووسیاوە بەڕێوەدەبران؛ ئەم لایەنانە بەرنامەی ژیریی دەستکردی (چات جی پی تی)ـیان بەکارهێناوە بۆ دروستکردنی کەسایەتیی رۆژنامەڤانیی ساختە و بەڕێوەبردنی "سەنتەری توێژینەوە" بە مەبەستی بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندەی نهێنی دژی ئۆکراینا و ئەمریکا.
کۆمپانیا ئەمریکییەکە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو کرد کە ژمارەیەکی زۆر لە هەژمارەکانی (چات جی پی تی) داخستووە کە سەرچاوەیان لە رووسیا و ئێرانەوە بووە.
بەگوێرەی ئۆپن ئەی ئای، هەڵمەتەکەی ئێران پێکهاتبوو لە دروستکردنی حەوت پرۆفایلی "رۆژنامەڤان" کە گوایە خەڵکی وڵاتانی رۆژئاوا و بەتایبەت ئەمریکان. ئەم کەسایەتییە ساختانە بەکارهێندراون بۆ نووسین و بڵاوکردنەوەی گوتاری درێژ لە دەزگا میدیاییەکانی سەرانسەری جیهان.
کۆمپانیای ئۆپن ئەی ئای لە راپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، "نزیکەی 100 گوتارمان دەستنیشان کردووە کە بە ناوی ئەم رۆژنامەڤانە ساختانەوە لە نزیکەی 12 ماڵپەڕی هەواڵیی مامناوەند لە سەرانسەری جیهان بڵاوکراونەتەوە، کە بە زۆری سەرنجیان لەسەر کاروباری نێودەوڵەتی، جیۆپۆلەتیک و رووداوەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بووە."
بڵاوکردنەوەی ئەم گوتارانە لە تەممووزی 2025ـەوە دەستیپێکردووە و لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی ئەمریکا و ئێران لەمساڵدا، ژمارەی گوتارەکان و کۆمێنتەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر جەنگەکە زۆر زیادیان کردووە. یەکێک لەو کەسایەتییە ساختانە بەناوی (ئێرڤن هۆسکینز) لە بایۆیەکەیدا خۆی وەک "نووسەری سەربەخۆی ئەمریکی" ناساندووە و هەژماری لە ئێکس و ئینستاگرام هەبووە، بەڵام داتاکان سەلماندیان کە هەژمارەکان لە ناوخۆی ئێرانەوە بەڕێوەبراون.
سەنتەری توێژینەوەی ساختەی رووسیا لە ئەمریکای لاتین
سەبارەت بە هەڵمەتەکەی رووسیا، ئۆپن ئەی ئای ئاماژەی بەوە کردووە کە مۆسکۆ بەبێ ئاگاداریی خۆیان، خەڵکی لە ئەمریکای لاتین بەکارهێناوە بۆ بەڕێوەبردنی "سەنتەرێکی توێژینەوە" و سەنتەرەکە بۆ تێکدانی ناوبانگی ئۆکراینا لە ناوچەکە و دەستوەردان لە سیاسەتی ناوخۆیی وڵاتانی ئەمریکای لاتین بەکارهێندراوە.
کۆمپانیاکە دەڵێ، "بەڵگەکان دەریدەخەن کە کارمەندانی سەنتەرەکە لە ئەمریکای لاتین نەیانزانیوە کە بۆ گرووپێکی رووسی کار دەکەن. ئەمە ئاڵۆزترین و پێشکەوتووترین هەوڵی دروستکردنی ناسنامەی ساختەیە کە لە ماوەی دوو ساڵ و نیوی رابردوودا پووچەڵمان کردبێتەوە."



