رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی خەڵاتی نۆبڵ لە شاری ئۆسلۆ، خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بۆ ساڵی 2026ی بەخشییە (ناڤی پیلای)، کۆمیسیاری باڵای پێشووی مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان و دادوەری خەڵکی ئەفریقای باشوور، ئەوەش لە بەرامبەر هەوڵە درێژخایەنەکانی بۆ چەسپاندنی یاسای نێودەوڵەتی و بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ لە سەرانسەری جیهاندا.
ئەمڕۆ هەینی، 9ـی تشرینی یەکەمی 2026، لیژنەی نۆبڵ لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج بە فەرمی ناوی براوەی ئەم ساڵی خەڵاتەکەی راگەیاند و ئاشکرای کرد، لەنێو 287 بەربژێردا، ناڤانیسێم پیلای (ناسراو بە ناڤی پیلای) بەهۆی کارەکانی لە برەودان بە ئاشتی و پێشخستنی دادپەروەری لە رێگەی یاسای نێودەوڵەتییەوە شایستەی ئەم خەڵاتە بووە.
لیژنەی نۆبڵ لە راگەیێندراوەکەیدا تیشکی خستە سەر رۆڵی مێژوویی ناڤی پیلای و ئاماژەی بەوە کرد، لە سەردەمێکدا کە جیهان بە دەست پەرەسەندنی جەنگە خوێناوییەکان و پێشێلکردنی بەردەوامی بنەماکانی مرۆڤایەتییەوە دەناڵێنێت، پێویستییەکی زۆر بە پاراستنی سیستمی یاسای نێودەوڵەتی هەیە.
لیژنەکە جەختی لەوە کردەوە پیلای لە رێگەی کارەکانی لە دادگە نێودەوڵەتییەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان، سەلماندوویەتی ئاشتی بەردەوام تەنیا لە سایەی سەروەریی یاسا و دادگاییکردنی ئەنجامدەرانی تاوانەکانی جەنگدا بەدی دێت.
ناڤی پیلای لە ساڵی 1941 لە شاری (دێربانی) ئەفریقای باشوور لە خێزانێکی هەژار لەدایکبووە و لە کاتی دەسەڵاتی رەگەزپەرستیی (ئاپارتاید) دا بووە یەکەم ژن لە هەرێمەکەی خۆیدا کە نووسینگەی پارێزەری بکاتەوە. دەیان ساڵ بەرگریی لە زیندانییە سیاسییەکان و چالاکڤانانی دژ بە رەگەزپەرستی کرد.
لە دوای رووخانی رژێمی (ئاپارتاید) لە ساڵی 1995، پیلای وەکو یەکەم ژنی رەشپێست لە مێژووی ئەفریقای باشووردا بووە دادوەر لە دادگەی باڵا. دواتریش بۆ ماوەی هەشت ساڵ دادوەر و سەرۆکی دادگەی نێودەوڵەتیی تاوانەکانی رواندا بوو، کە لەوێ رۆڵێکی مێژوویی بینی لە ناساندنی دەستدرێژیی سێکسی وەکو بەشێک لە تاوانی جینۆساید.
پیلای لە ساڵی 2003 بووە دادوەر لە دادگەی نێودەوڵەتیی تاوانەکان (ICC) لە شاری لاهای، و لەنێوان ساڵانی 2008 تاوەکو 2014 پۆستی کۆمیسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکانی وەرگرت.
لە ساڵانی دواییشدا، سەرۆکایەتیی لێکۆڵینەوە نێودەوڵەتییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانی کردووە لەسەر پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ، ئەمەش پێگەیەکی جیهانیی وەکو یەکێک لە بوێرترین پارێزەرانی ماف و یاسا لە مێژووی هاوچەرخدا پێبەخشیوە.



