رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سەپاندنی سزای بەسەر دادگای تاوانی نێودەوڵەتیدا راگەیاند و هۆشدارییەکی تووندیشی ئاراستەی بەرپرسانی دادگاکە و هاوپەیمانەکانی واشنتن کرد. مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پەیامێکیدا لە ئێکس رایگەیاند، واشنتن هەرگیز رێگە نادات دادگایەکی بیانی هاووڵاتییان و سەربازانی ئەمریکی دادگایی بکات.
بەپێی فەرمانی جێبەجێکردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، ژمارە 14203، سزاکان بەسەر دادگای تاوانی نێودەوڵەتیدا سەپێندراون و سەرجەم مامەڵە داراییەکان لەگەڵ ئەو دادگایەدا قەدەخە دەکرێن، بۆئەوەی توانای کارکردنی پەکبخرێ.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتی، "بۆ چەندین دەیەیە هەردوو پارتی کۆماری و دیموکرات ئەو بیرۆکەیەیان رەتکردووەتەوە کە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی هیچ دەسەڵاتێکی بەسەر هاووڵاتییانی ئەمریکادا هەبێت."
روبیۆ گوتی، "ئەمریکا هەرگیز نەبووەتە ئەندامی ئەو دادگایە؛ نە پێویستمان پێیەتی و نە دەشمانەوێ. بەڵام ئێستا شارەزایان کە زەریایەک لێمانەوە دوورن، بێ گوێدانە بۆچوونی گەلی ئەمریکا، دەیانەوێ دەسەڵاتی دادگاکە فراوانتر بکەن بۆ دادگاییکردنی هاووڵاتییانمان، ئەو سەربازانەی بەرگری لە وڵات دەکەن، پاسەوانانی سنوور و ئەو سەرکردە هەڵبژێردراوانەی ئاسایشی نیشتمانیمان دەپارێزن، ئەوەش بە تەواوی لەسەر حیسابی سەروەریی نیشتمانیمانە."
سزادانی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی و بڕینی سەرچاوە داراییەکانی
سەبارەت بە هەڵوێستی کۆشکی سپی بەرامبەر بڕیارەکانی دادگاکە، روبیۆ باسی لەوە کرد، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سازش لەسەر هاووڵاتییانی وڵاتەکەی ناکات و گوتی، "سەرۆک ترەمپ هەرگیز رێگە نادات دادگای تاوانی نێودەوڵەتی ئەمریکییەکان دادگایی بکات. ئەمڕۆ بە فەرمی سزامان بەسەر ئەم دادگا لادەرەدا سەپاند، هەموو مامەڵەیەکی دارایی لەگەڵی قەدەخە دەکەین، سەرچاوەکانی دەبڕین و توانای کارکردنیان دژمان پەکدەخەین، چونکە پەیامەکەمان زۆر روونە: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و گەلەکەی ناچنە ژێر دەسەڵاتی دادوەریی ئەم دادگا لادەرەوە."
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، واشنتن زیاتر لە ساڵێک دانبەخۆداگرتنی نواندووە بۆ ئەوەی دەرفەت بە چارەسەری دیپلۆماسی و نیازپاکی بدات لەگەڵ وڵاتانی ئەندام، بەڵام هیچ هەنگاوێکی کرداری بۆ نەهێشتنی نیگەرانییەکانی ئەمریکا نەبیندراوە.
لە پەیامێکدا بۆ هاوپەیمانانی واشنتن لە ئەورووپا و جیهان، مارکۆ روبیۆ هۆشداری دا کە دەبێت دەستبەجێ سنوورێک بۆ ئەو دادگایە دابنێن.
روبیۆ لە کۆتایی پەیامەکەیدا رایگەیاند، "تەنیا سەرۆک ترەمپ ئەو ویستەی هەیە کە جارێک بۆ هەمیشە کۆتایی بەم هەڕەشەیە بهێنێت. دەبێت دادگای تاوانی نێودەوڵەتی کۆتایی بە هەڕەشەکانی بهێنێت یان ئێمە کۆتایی بەو دادگایە دەهێنین. ئێمە چاوەڕوانین هاوپەیمانەکانمان، کە زۆربەیان ئەندامن لەو دادگایە و بۆ پاراستنی خۆیان پشت بە سەربازانی ئەمریکا دەبەستن، ئەو دادگا لادەرە کۆنترۆڵ بکەن. ئەگەر ئەوە نەکەن، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە هەڵمەتەکەی بۆ هەڵوەشاندنەوەی دادگاکە تاوەکو ئەو کاتەی هیچ مەترسییەک لەسەر ئەمریکییەکان نامێنێت."
کێشەی ئەمریکا و دادگەی تاوانی نێودەوڵەتی چییە؟
ژمارەیەک کێشە و پرسی چارەسەرنەکراو لەنێوان دادگەکە و کۆشکی سپیدا هەن. واشنتن هەر هەوڵێکی دادگاکە بۆ لێپێچینەوە لە سەربازانی ئەمریکی یان پاسەوانانی سنوور بە بەزاندنی راستەوخۆی سەروەریی نیشتمانیی خۆی دەزانێت، لە کاتێکدا دادگەکە ژمارەیەک داوای بۆ ئەو کەسانە لەبەر دەستە.
دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن لە کۆتاییەکانی 2024 بۆ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و بەرپرسانی دیکە، ئاڵۆزییەکانی نێوان واشنتن و دادگاکەی گەیاندە لووتکە و ئەمریکا ئەو هەنگاوەی بە نایاسایی و نادادپەروەرانە ناوبرد. سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش دەستخۆشی لە ئیدارەی ترەمپ بۆ ئەو بڕیارە کرد.
کۆشکی سپی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بە "دادگایەکی یاخیبوو و ساختە" ناودەبات کە بێ گوێدانە رای گەلی ئەمریکا دەیەوێ لەسەر حیسابی دەسەڵاتی وڵاتان سنووری کارکردنی خۆی فراوان بکات.
واشنتن هۆشداریی داوەتە هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکانی کە پێویستە دەستبەجێ سنوورێک بۆ ئەو دادگایە دابنێن، ئەگەرنا بەردەوام دەبێت لە هەڵمەتەکەی تاوەکو بە تەواوی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی هەڵدەوەشێنێتەوە.



