رووداو دیجیتاڵ
وەزیرانی دەرەوەی هەشت وڵاتی هاوپەیمانی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا دژایەتیی خۆیان بۆ بڕیارەکەی واشنتن تایبەت بە سەپاندنی سزا بەسەر دادگای تاوانی نێودەوڵەتیدا دەربڕی و جەختیان لە پشتیوانیی نەگۆڕی خۆیان بۆ سەربەخۆیی و بێلایەنیی ئەو دادگایە کردەوە.
رۆژی هەینی 9ـی تشرینی یەکەمی 2026، وەزیرانی دەرەوەی کەنەدا، دانیمارک، ئەڵمانیا، فەرەنسا، ئیتاڵیا، ژاپۆن، هۆڵەندا و بەریتانیا وەک وڵاتانی ئەندام لە پەیماننامەی رۆما، کە بنەمای دامەزرێنەی دادگەی تاوانی نێودەوڵەتییە، راگەیێندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند: "وەک لایەنگرانی پابەندبووی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، نیگەرانیی خۆمان رادەگەیێنین و دژایەتیی راگەیاندنی سەپاندنی سزا دەکەین بەسەر دادگاکە لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە."
وەزیرانی دەرەوەی ئەو وڵاتانە هۆشدارییان داوە کە جێبەجێکردنی ئەم سزایە کاریگەرییەکی گەورە لەسەر کارەکانی دادگاکە، کارمەندەکانی و خێزانەکانیان دروست دەکات، کە رۆژانە هەوڵ دەدەن تۆمەتبارانی تاوانە نێودەوڵەتییە هەرە مەترسیدارەکان رووبەڕووی دادپەروەری بکەنەوە و پشتیوانی لە قوربانییان بکەن.
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا، هەشت وڵاتەکە جەختیان لە یەکڕیزیی خۆیان لە پشتیوانیکردنی دادگاکە کردووەتەوە و ئامادەیی خۆیان بۆ دیالۆگێکی بنیاتنەرانە لەگەڵ ئەو وڵاتانەی ئەندام نین لە پەیماننامەی رۆما نیشانداوە، هاوکات دووپاتیان کردەوە کە پێکەوە بەردەوام دەبن لە پاراستنی سیستمی نێودەوڵەتیی بنەمادراو لەسەر یاسا و چەسپاندنی لێپرسینەوە.
ئەم راگەیێندراوە دوای ئەوە هات کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سەپاندنی سزای بەسەر دادگای تاوانی نێودەوڵەتیـدا راگەیاند.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەمڕۆ هەینی گوتی: "بۆ چەندین دەیەیە هەردوو پارتی کۆماری و دیموکرات ئەو بیرۆکەیەیان رەتکردووەتەوە کە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی هیچ دەسەڵاتێکی بەسەر هاووڵاتییانی ئەمریکادا هەبێت".
روبیۆ گوتی: "ئەمریکا هەرگیز نەبووەتە ئەندامی ئەو دادگایە؛ نە پێویستمان پێیەتی و نە دەشمانەوێ. بەڵام ئێستا شارەزایان کە زەریایەک لێمانەوە دوورن، بێ گوێدانە بۆچوونی گەلی ئەمریکا، دەیانەوێ دەسەڵاتی دادگاکە فراوانتر بکەن بۆ دادگاییکردنی هاووڵاتییانمان، ئەو سەربازانەی بەرگری لە وڵات دەکەن، پاسەوانانی سنوور و ئەو سەرکردە هەڵبژێردراوانەی ئاسایشی نیشتمانیمان دەپارێزن، ئەوەش بە تەواوی لەسەر حیسابی سەروەریی نیشتمانیمانە".
سەبارەت بە هەڵوێستی کۆشکی سپی بەرامبەر بڕیارەکانی دادگاکە، روبیۆ باسی لەوە کرد، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سازش لەسەر هاووڵاتییانی وڵاتەکەی ناکات و گوتی: "سەرۆک ترەمپ هەرگیز رێگە نادات دادگای تاوانی نێودەوڵەتی ئەمریکییەکان دادگایی بکات. ئەمڕۆ بە فەرمی سزامان بەسەر ئەم دادگا لادەرەدا سەپاند، هەموو مامەڵەیەکی دارایی لەگەڵی قەدەخە دەکەین، سەرچاوەکانی دەبڕین و توانای کارکردنیان دژمان پەکدەخەین، چونکە پەیامەکەمان زۆر روونە: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و گەلەکەی ناچنە ژێر دەسەڵاتی دادوەریی ئەم دادگا لادەرەوە".
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، واشنتن زیاتر لە ساڵێک دانبەخۆداگرتنی نواندووە بۆ ئەوەی دەرفەت بە چارەسەری دیپلۆماسی و نیازپاکی بدات لەگەڵ وڵاتانی ئەندام، بەڵام هیچ هەنگاوێکی کرداری بۆ نەهێشتنی نیگەرانییەکانی ئەمریکا نەبینراوە.
لە پەیامێکدا بۆ هاوپەیمانانی واشنتن لە ئەورووپا و جیهان، مارکۆ روبیۆ هۆشداری دا کە دەبێت دەستبەجێ سنوورێک بۆ ئەو دادگایە دابنێن.
روبیۆ لە کۆتایی پەیامەکەیدا راگەیاند، "تەنیا سەرۆک ترەمپ ئەو ویستەی هەیە کە جارێک بۆ هەمیشە کۆتایی بەم هەڕەشەیە بهێنێت. دەبێت دادگای تاوانی نێودەوڵەتی کۆتایی بە هەڕەشەکانی بهێنێت یان ئێمە کۆتایی بەو دادگایە دەهێنین. ئێمە چاوەڕوانین هاوپەیمانەکانمان، کە زۆربەیان ئەندامن لەو دادگایە و بۆ پاراستنی خۆیان پشت بە سەربازانی ئەمریکا دەبەستن، ئەو دادگا لادەرە کۆنترۆڵ بکەن. ئەگەر ئەوە نەکەن، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە هەڵمەتەکەی بۆ هەڵوەشاندنەوەی دادگاکە تاوەکو ئەو کاتەی هیچ مەترسییەک لەسەر ئەمریکییەکان نامێنێت".
کێشەی ئەمریکا و دادگەی تاوانی نێودەوڵەتی چییە؟
ژمارەیەک کێشە و پرسی چارەسەرنەکراو لەنێوان دادگەکە و کۆشکی سپیدا هەن. واشنتن هەر هەوڵێکی دادگاکە بۆ لێپێچینەوە لە سەربازانی ئەمریکی یان پاسەوانانی سنوور بە بەزاندنی راستەوخۆی سەروەریی نیشتمانیی خۆی دەزانێت، لە کاتێکدا دادگەکە ژمارەیەک داوای بۆ ئەو کەسانە لەبەر دەستە.
دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن لە کۆتاییەکانی 2024 بۆ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و بەرپرسانی دیکە، ئاڵۆزییەکانی نێوان واشنتن و دادگاکەی گەیاندە لووتکە و ئەمریکا ئەو هەنگاوەی بە نایاسایی و نادادپەروەرانە ناوبرد. سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش دەستخۆشی لە ئیدارەی ترەمپ بۆ ئەو بڕیارە کرد.
کۆشکی سپی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بە "دادگایەکی یاخیبوو و ساختە" ناودەبات کە بێ گوێدانە رای گەلی ئەمریکا دەیەوێ لەسەر حیسابی دەسەڵاتی وڵاتان سنووری کارکردنی خۆی فراوان بکات.
واشنتن هۆشداریی داوەتە هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکانی کە پێویستە دەستبەجێ سنوورێک بۆ ئەو دادگایە دابنێن، ئەگەرنا بەردەوام دەبێت لە هەڵمەتەکەی تاوەکو بە تەواوی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی هەڵدەوەشێنێتەوە.



