رووداو دیجیتاڵ
سامانی جێف بیزۆس، دامەزرێنەری کۆمپانیاکانی ئەمازۆن و بلو ئۆریجن بە شێوەیەکی بەرچاو هەڵکشا و بەو جۆرەش ئەو کەسایەتییە بووە دووەم دەوڵەمەندترین کەسی جیهان.
بەپێی پێوەری دامەزراوەی (بلوومبێرگ) بۆ ملیاردێرەکان، ئەم بەرزبوونەوەیە بەهای سامانی بیزۆسی بە 87 ملیار دۆلار زیادکرد و کۆی سامانی گەیاندە 368.5 ملیار دۆلار. بەمەش بیزۆس توانی پێش لاری پەیج، هاودامەزرێنەری کۆمپانیای گووگڵ بکەوێ.
لە پلەی یەکەمی لیستی دەوڵەمەندترینەکانی جیهاندا ئیلۆن مەسک بە سامانێکی خەمڵێندراو بە 1.02 تریلیۆن دۆلار دێت.
بلو ئۆریجن، کۆمپانیا بۆشاییگەرەکەى بیزۆس 10 ملیار دۆلار سەرمایەی لە کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی دەرەکی کۆکردەوە. سەرەڕای کرانەوە بەڕووی سەرمایەی دەرەکی، بیزۆس هێشتا خاوەندارێتیی نزیکەی 93%ی پشکەکانی بلو ئۆریجن دەکات؛ کۆمپانیایەک کە لە ساڵی 2000 دایمەزراندووە و بۆ دوو دەیە زیاتر لەسەر گیرفانی خۆی پشتیوانیی دارایی لێکردووە.
پێشبڕکێی سەخت لەگەڵ سپەیس ئێکس
ئەم هەنگاوەی بلو ئۆریجن لە کاتێکدایە، کۆمپانیاکە لە ململانێیەکی قورسدایە لەگەڵ رکابەرە سەرەکییەکەی، کۆمپانیای (سپەیس ئێکس)ی ئیلۆن مەسک.
سپەیس ئێکس کە لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا بە فەرمی چووە نێو بازاڕی پشکەکان، بەهای بازاڕییەکەی بە نزیکەی 2.23 تریلیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێ.
جیاوازیی قەبارەی بازرگانیی نێوان هەردوو کۆمپانیاکە هێشتا زۆرە. داهاتی ساڵانەی سپەیس ئێکس ساڵی رابردوو گەیشتە نزیکەی 18.7 ملیار دۆلار، بەراورد بە نزیکەی 800 ملیۆن دۆلار بۆ بلو ئۆریجن.
سەرەڕای ئەوەی لە مانگی ئایاری رابردوودا تەقینەوەیەک لە سەکۆی هەڵدانی مووشەکێکی پڕۆگرامەکەی دواخست، کۆمپانیاکەی بیزۆس ئامادەکاری دەکات تاوەکو لە مانگی کانوونی یەکەمی داهاتوودا گەشتە تاقیکارییەکانی مووشەکەکە دەستپێبکاتەوە.
پێشبڕکێی نێوان بیزۆس و مەسک تەنیا لەسەر ڕیزبەندیی دەوڵەمەندەکانی جیهان نییە، بەڵکو ململانێیەکە لەسەر کۆنترۆڵکردنی داهاتووی بۆشایی ئاسمان و بازرگانیی مانگە دەستکردەکان. هەردوو کۆمپانیا رکابەریی تووند دەکەن لەسەر بەدەستهێنانی پڕۆژە ملیار دۆلارییەکانی ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئەمریکا (ناسا)، بەتایبەت بەرنامەی ئارتەمیس - کە ئامانجی گەڕاندنەوەی مرۆڤە بۆ سەر مانگ.
ناسا ساڵی رابردوو گرێبەستێکی 3.4 ملیار دۆلاریی بەخشییە بلو ئۆریجن بۆ دروستکردنی کەشتیی نیشتنەوە لەسەر مانگ لە گەشتی ئارتەمیس 5دا.



