رووداو دیجیتاڵ
رومێن رادێڤ، سەرۆکوەزیرانی بولگاریا دەڵێ، دوو کەشتی لە کەناراوەکانی وڵاتەکەی کراونەتە ئامانج؛ ئاماژە بەوەش دەکات، باڵیۆزی رووسیا بانگێشت دەکات.
رۆژی سێشەممە 13-10-2026 رادێڤ لە سۆشیاڵ میدیا نووسی، کەشتییەکی بارهەڵگری ئۆکراینی "بە سێ درۆن لێیدراوە؛" دوای ماوەیەکی کەمیش کەشتییەکی دیکە پێکراوە و ژێرئاو کەوتووە.
هەروەها نووسیویەتی: "بەڵگەی روون و بەهێزمان نییە بۆ ئەوەی تۆمەت ئاراستەی لایەنێکی دیاریکراو بکەین."
سەرۆکوەزیرانی بولگاریا گوتی، کەشتیی یەکەم ناوی (چێلسی 3)ـیە، ئۆکراینا خاوەندارێتی دەکات و ئاڵای ماڵتای بەسەرەوە بووە؛ ئاماژەی بەوەش کرد، هەر 15 کارمەندی کەشتییەکە، کە حەوت ئۆکراینی و هەشت ئازەربایجانی بوون، رزگارکراون.
سەرۆکوەزیرانی بولگاریا لەبارەی کەشتیی دووەمیشەوە گوتی، "پێکراوە" و تەنیا یەک ئەندامی تیمی کەشتییەکە رزگارکراوە، بەبێ ئەوەی وردەکاریی زیاتر لەسەر رووداوەکە بدات.
رادێڤ گوتی: "ئەم هێرشەی دوایی بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە نزیک سنووری ئاویی بولگاریا بە تەواوی قبووڵنەکراوە؛" ئەوەشی خستەڕوو، بولگاریا باڵیۆزی رووسیا لەسەر هێرشەکان بانگێشت دەکات و لەگەڵ مارک رووتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ تاوتوێی رووداوەکە دەکات.
ئۆرسولا ڤۆندەرلاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا، سەرکۆنەی هێرشەکانی کرد و بە "بەرەیەکی دیکەی هەڵکشان و پەرەسەندنی جەنگی رووسیا لە ئۆکراینا" باسی کرد. ڤۆندەرلاین لە سۆشیاڵ میدیا نووسیویەتی: "ئێمە لەگەڵ بولگاریا دەوەستین و سوپاسی تیمەکانی رزگارکردن دەکەین بۆ وەڵامدانەوەی خێرایان. دەبێت بکەران لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت."
لەلایەکی دیکەوە، ئەندری سیبیگا، وەزیری دەرەوەی ئۆکراینا رووسیای تۆمەتبار کرد و سەرکۆنەی ئەو کارەی کرد کە بە "بێباکیی مۆسکۆ بەرامبەر ژیانی سڤیل و ئاسایشی دەریایی لە دەریای رەشدا" ناوی برد.
وەزیری دەرەوەی ئۆکراینا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی: "دەریای رەش دەمارێکی گرنگە بۆ ئاسایشی خۆراکی جیهانی؛ رووسیا هێرشی دەکاتە سەر بۆ ئەوەی برسییەتی وەک چەکێک بەکاربێنێت و جیهان بە بارمتە بگرێ."
لەگەڵ بەردەوامبوونی لێکەوتەکانی جەنگی رووسیا لە ئۆکراینا، هێرشە درۆنییەکان لە مانگەکانی رابردوودا لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ئەورووپا روویان لە زیادبوون کردووە.
مانگی رابردوو گرووپی بەڕێوەبردنی مەترسییە دەریاییەکان رایگەیاند، گرژییەکان بۆ رۆژهەڵاتی دەریای رەش تەشەنەیان سەندووە، بە جۆرێک لە 12 مانگی رابردوودا لانیکەم 45 کەشتیی بازرگانی کراونەتە ئامانج لەو ناوچانەی دەریای رەش کە پێشتر وەک ناوچەی مەترسیدار پۆلێن نەکرابوون.
بەگوێرەی گرووپەکە، لە 12 مانگی پێشتردا هیچ هێرشێک لەو ناوچانە تۆمارنەکرابوو.
هەفتەی رابردووش، دوو کەشتیی بازرگانی لە دەریای رەش لە کەناراوەکانی بولگاریا کرانە ئامانج، کە تێیدا رووسیا تۆمەتبار کرا، هەرچەندە بولگاریا گوتی دۆخەکە روون نەبووە.
ئەو هێرشە دووانەیە رۆژێک دوای ئەوە هات کە کەشتییەکی دیکە لە کەناراوەکانی رۆمانیا ئاگری گرت و نوقم بوو، بەهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستدا و یەکێکی دیکەش بێسەروشوێن بوو. ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند، کەشتییەکە بە درۆنی رووسی لێیدراوە.



