رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ لە پەیامێکی نوێدا هێرش دەکاتە سەر حووسییەکانی یەمەن و دەڵێ، هێرشەکانی ئەم دواییەیان بۆ سەر سعودیە بە فەرمانی تاران ئەنجام دەدرێن.
ترەمپ لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ دەڵێ، حووسییەکان "رەفتارێکی زۆر خراپ" دەکەن و دیارە لەو هێرشە قورسانەی ساڵی رابردوو کرایە سەریان وانەیان وەرنەگرتووە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، لەسەر داوای حووسییەکان بۆردوومانەکان راگیران، بەڵام ئێستا بە شێوەیەکی ناشیرین دەستیان پێکردوەتەوە و هێرش دەکەنە سەر سعودیە.
سەرۆکی ئەمریکا لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا ئێران بە "وڵاتێکی شکستخواردوو" ناودەبات کە نە هێزی دەریایی هەیە و نە هێزی ئاسمانی، هەروەها خاوەنی "خراپترین ئابووریی جیهانە بە هەڵاوسانی 301٪".
ترەمپ باس لەوە دەکات، تاران لە پشت هێرشەکانی حوسییەکانەوەیە بۆ سەر سعودیە تاوەکو لە رێگەی تێکدانی بازاڕەوە نرخی سووتەمەنی لە جیهاندا بەرز بکاتەوە.
ئەم پەیامەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە لە چەند رۆژی رابردوودا گرژییە سەربازییەکانی نێوان ریاز و حوسییەکان گەیشتنە لوتکە؛ ئەوەش دوای ئەوەی درۆن و مووشەکەکانی حوسییەکان چەند پێگەیەکی ستراتیژییان لەناو خاکی سعودیە، بەتایبەت فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالید لە ریاز کردە ئامانج.
لە وەڵامی ئەوەیشدا، هاوپەیمانیی عەرەبی بە سەرۆکایەتیی سعودیە دامەزراوەیەکی سەرەکیی کۆمپانیای نەوتی یەمەنی لە ناوچەی سەباحە لە رۆژئاوای سەنعا بۆردوومان کرد، ئەمەش وایکرد حوسییەکان هەڕەشەی لێدانی پاڵاوگەکانی ئارامکۆ لە دەمام و ریاز بکەن.
دەقی پۆستەکەی دۆناڵد ترەمپ:
"حووسییەکان رەفتارێکی زۆر خراپ دەکەن. پێم وابوو ساڵێک لەمەوبەر وانەی خۆیان وەرگرت، کاتێک گەورەترین زەبرمان لێدان و لەسەر داوای خۆیان، هێرشەکانمان راگرتن. ئەوان بۆ ماوەیەکی درێژ بێدەنگ بوون، بەڵام ئێستا دووبارە سەریان هەڵداوەتەوە، رەنگە بە فەرمانی ئێران بێت کە وڵاتێکی شکستخواردووە، نە هێزی دەریایی هەیە و نە هێزی ئاسمانی، خاوەنی خراپترین ئابووریی جیهان و هەڵاوسانی 301٪ـە، بە شێوەیەکی زۆر ناشیرین لە سعودیەیان داوە و بە ئەنقەست هەوڵ دەدەن پێش هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا نرخی نەوت بەرز بکەنەوە — ئەمە کارێکی چاک نییە. پێویستە کەسێک تێیان بگەیەنێت کە من رکابەرایەتی لە هەڵبژاردنەکاندا ناکەم، من پێشوەختە بردوومەتەوە، بە سەرکەوتنێکی یەکلاییکەرەوە و گەورە. هەرگیزیش لەبیری ناکەم!"



