رووداو دیجیتاڵ
هێزی بۆشایی ئاسمانیی ئەمریکا بارەگایەکی بۆ بەشداریکردن لە ئۆپەراسیۆنە هەستیار و مەترسیدارەکانی سوپای وڵاتەکەی دامەزراند. ئامانجەکە ئەوەیە مانگە دەستکردەکان و تەکنەلۆژیای بۆشایی ئاسمان راستەوخۆ بخرێنە خزمەت هێزە کۆماندۆ و تایبەتەکان لە کاتی شەڕدا.
بەپێی یاداشتێکی هێزەکە کە دەست میدیای ئەمریکی کەوتووە، ئەم بارەگایە لە 7ـی تشرینی یەکەمەوە دەستبەکار بووە.
مەبەست لە کردنەوەی ئەم بارەگایە ئەوەیە کە چی دیکە مانگە دەستکردەکان تەنیا بۆ چاودێریکردن بەکارنەیەن، بەڵکو لە چرکەساتی هێرش و دابەزینی هێزە تایبەتەکاندا، رادار و پەیوەندییەکانی دووژمن لە رێگەی بۆشایی ئاسمانەوە پەکبخەن و زانیاریی دەستبەجێ بدەنە هێزە شەڕکەرەکان.
پێش دامەزراندنی ئەم بارەگایە، هێزی بۆشایی ئاسمان بەشی تایبەتی بۆ هاوکاریکردنی سوپای ئەمریکا لە چوار ناوچەی جیهان (رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئەورووپا، ئەفریقا و زەریای هێمن) کردبووەوە، ئێستاش ئەم هێزە نوێیەی راستەوخۆ بەستەوە بە فەرماندەیی هێزە تایبەت و کۆماندۆکانی ئەمریکاوە.
دان کەین، سوپاسالاری ئەمریکا پێشتر ئاماژەی بەوە کردبوو کە تواناکانی ئەم هێزە لە چەندین ئۆپەراسیۆنی گەورەدا رۆڵی یەکلاییکەرەوەیان هەبووە، لەوانە لە کانوونی دووەمدا باسی لەوە کرد کە چۆن رێگەیان بۆ نیشتنەوەی هێلیکۆپتەرەکان خۆشکرد لە کاتی دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا.
هەروەها لە لێدوانێکی دیکەیدا لە مانگی ئادار، کەین ئاشکرای کرد کە لە ئۆپەراسیۆنی (تووڕەیی داستانئاسا) بۆسەر ئێران، ئەم هێزە لە هێڵی پێشەوە بووە و لە رێگەی شەپۆلی کارۆموگناتیسییەوە سیستمی بینین و پەیوەندییەکانی سوپای ئێرانی لەکارخستبوو.
جەنەراڵ دۆگلاس شیس، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی بۆشایی ئاسمان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی لینکدئین رایگەیاند، لە چەند هەفتەی داهاتوودا رێوڕەسمی فەرمیی کردنەوەی بارەگاکە بەڕێوەدەچێت.
هێزی بۆشایی ئاسمانی ئەمریکا لە کانوونی یەکەمی 2019 لە سەردەمی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ وەک شەشەمین لقی سوپای ئەمریکا دامەزرا.
ئەرکی سەرەکیی ئەم هێزە بریتییە لە پاراستنی مانگە دەستکردەکان و سیستمی پەیوەندی و ئینتەرنێتی سەربازی، بەرپەرچدانەوەی جووڵەکانی چین و رووسیا لە ئاسمان و یارمەتیدانی هێزەکانی سەر زەوی و دەریا لە بەرەکانی جەنگدا.
.jpg&w=3840&q=75)


