رووداو دیجیتاڵ
لە کاتێکدا پۆلیسی ئازەربایجان دەستگیرکردنی 37 کەسی راگەیاند بە تۆمەتی تێوەگلانیان لەو نائارامییانەی بەهۆی یاسای یەکپۆشیی قوتابخانەکانەوە دروست بوون، بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت لەو وڵاتە باس لەوە دەکەن کە لەکاتی خۆپێشاندانەکاندا دەستگەیشتن بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تووشی کێشە و پەککەوتن بووە.
بەکارهێنەرانی ئینستاگرام و تیکتۆک نیگەرانن لەوەی ناتوانن سەیری ڤیدیۆکان بکەن؛ هەندێکیان ئەوەیان خستەڕوو کە تەنیا لە رێگەی بەکارهێنانی ڤی پی ئێنەوە دەتوانن دەستیان بەو پلاتفۆرمانە بگات.
هەندێک لە بەکارهێنەران باس لەوە دەکەن کە ئەم پەککەوتنە پەیوەندیی هەبووە بە بڵاوبوونەوەی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی کە ناڕەزایەتیی قوتابییەکانی نیشان دا.
لە مانگی ئەیلوولدا، ئازەربایجان رێکارەکانی تایبەت بە یەکپۆشیی لە قوتابخانە حکومییەکاندا هەموار کردەوە و پۆشینی هەر جلوبەرگێکی قەدەخە کرد کە پێچەوانەی جلوبەرگی دیاریکراو یان بنەما سیکۆلارەکانی پەروەردە بێت، بێ ئەوەی بە ئاشکرا ناوی "حیجاب" بهێندرێت.
میدیا خۆجێییەکان بڵاویانکردەوە، رۆژی دووشەممە قوتابیان لە دەرەوەی قوتابخانەکان خۆپیشاندانیان کردووە و بایکۆتی وانەکانی خوێندنیان کردووە، وەک پشتگیرییەک بۆ ئەو کچانەی بە گوتەی خۆیان، رێگەیان پێ نەدراوە بە باڵاپۆشییەوە بچنە ناو پۆلەکانیانەوە.
لای خۆیەوە، وەزارەتی ناوخۆ بە بڵاویکردەوە، ژمارەیەک کەس لە باکۆی پایتەخت رووبەڕووی کارمەندانی قوتابخانەکان بوونەتەوە لەسەر پرسەکانی پەیوەست بە یەکپۆشی و و هەوڵیان داوە پرۆسەی خوێندن پەکخەن.
وەزارەتەکە دەڵێت: "37 کەس دەستگیر کراون و دۆسێیەکی لێکۆڵینەوەی تاوانکاری تایبەت بە تێکدانی ئارامیی گشتی کراوەتەوە."
ئازەربایجانی دەوڵەمەند بە نەوت، وڵاتێکە کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی موسڵمانی شیعەن، بەڵام بووەتە یەکێک لە سیکۆلارترین وڵاتانی جیهانی ئیسلامی.




