رووداو دیجیتاڵ
کچێکی تەمەن 15 ساڵ لە گواتیمالا، لەنێو تابووتەکەیدا و لەکاتی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی پرسەکەیدا هۆشی هاتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی خێزانەکەی پێیان وابوو نزیکەی 8 کاژێر پێشتر گیانی لەدەستداوە.
رۆژنامەی (پرێنسا لیبرێ)ی گواتیمالایی بڵاویکردەوە، کچەکە ناوی (یولیدی ئێکسکۆتۆیاک)ـە، لە کاتی گواستنەوەیدا بۆ نەخۆشخانە لەگەڵ باوکیدا لە هۆش خۆی چووبوو. باوکی کچەکە ئاماژەی بەوە کردووە، نەیتوانیوە هەست بە هەناسەدان یان لێدانی دڵی بکات، بۆیە پێی وابووە گیانی لەدەستداوە و بەبێ ئەوەی نیشانی پزیشکی بدات، کچەکەی بۆ ماڵەوە بردووەتەوە تاوەکو رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی بۆ رێکبخەن.
بەپێی ماڵپەڕی (ئینفۆبای)، لەکاتی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی پرسەکەدا، دایکی کچەکە هەستی بە جووڵەیەک لەنێو تابووتەکەدا کردووە، دەستبەجێ ئەندامانی خێزانەکەی بەپەلە هاوکارییان کردووە بۆ ئەوەی لەنێو تابووتەکە دەریبهێنن، ئەمەش بووەتە هۆی سەرسوڕمانی تەواوی ئامادەبووان.
کچەکە لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵێکی ناوخۆیی گوتی، "پێش ئەوەی لە هۆش خۆم بچم، هەستم بە ئازارێکی تووند و قورسییەکی زۆر لەسەر سنگم کرد."
هاوکات خێزانی کچەکە ئەوەی روویداوە بە پەرچوو وەسف دەکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا هۆکاری پزیشکیی لەهۆشچوونی ئەو کچە لەلایەن لایەنە تەندروستییەکانەوە روون نەکراوەتەوە.




