رووداو دیجیتاڵ
نیکۆڵ پاشینیان، سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیا، پێشنیازێکی نوێ دەخاتە بەردەم باکۆ و رایدەگەیێنێت، باشترین چارەسەر بۆ کۆتاییهێنان بە ناکۆکیی ناوچە دابڕاوەکانی (ئینکلەیڤ) نێوان هەردوو وڵات، ئاڵوگۆڕکردنی خاکە بە پێوەرێکی گونجاو، تاوەکو هیچ ناوچەیەکی دابڕاو لەسەر سنوورەکان نەمێنێتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 14ی تشرینی یەکەمی 2026، پاشینیان لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا باسی لە پرۆسەی ئاشتیی نێوان یەریڤان و باکۆ کرد و گوتی: "پێویستە ئەرمینیا خاوەنی 29 هەزار و 743 کیلۆمەتری چوارگۆشە بێت لە خاک، ئەمەش لەسەر بنەمای هێڵکاریی سنوورەکان و بەپێی پەیماننامەی مێژوویی ئالماتی دەبێت."
سەبارەت بە چارەنووسی ناوچە ناکۆکەکانیش، سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیا روونیکردەوە: "کێشەی ناوچە دابڕاوەکان دەبێت بە جۆرێک چارەسەر بکرێت کە لە هیچ لایەکی سنوورەکەدا ناوچەی دابڕاو جێنەمێنێت؛ واتە ئەرمینیا و ئازەربایجان لە ئاستێکی گونجاودا خاکی ناوچە دابڕاوەکان ئاڵوگۆڕ بکەن."
پاشینیان جەختی لە گرنگیی ئاساییکردنەوەی هاتووچۆ کردەوە و گوتیشی: "هەموو رێڕەوەکانی گواستنەوە و پەیوەندی دەبێت بەردەوام کراوە بن و کار بکەن، نەک تەنیا لەسەر کاغەز. گرنگترین پرسیاری ئێستاش ئەوەیە کە ئایا ئیرادەیەکی راستەقینە بۆ بەدیهێنانی ئاشتی هەیە؟"
ناوچە دابڕاوەکان چین؟
بەپێی نەخشەی سەردەمی سۆڤیەت، پێنج ناوچەی دابڕاو لەنێوان هەردوو وڵاتدا هەن کە لە ساڵانی نەوەدەکانەوە هۆکاری ناکۆکین:
ناوچە دابڕاوەکانی ئازەربایجان (لە نێو خاکی ئەرمینیا): چوار ناوچەی بچووکن (یوخاری ئەسکیپارا، کەرکی، بارخودارلی و سۆفولو) بە رووبەری نزیکەی 45 کیلۆمەتری چوارگۆشە کە لەژێر کۆنترۆڵی ئەرمینیادان.
ناوچەی دابڕاوی ئەرمینیا (لە نێو خاکی ئازەربایجان): ناوچەی ئارتسڤاشێنە (باشکەند) بە رووبەری 44 کیلۆمەتری چوارگۆشە لە رۆژئاوای ئازەربایجان، کە لە ساڵی 1992ـەوە لەژێر کۆنترۆڵی باکۆدایە.
پەیماننامەی ئالماتی 1991 چییە؟
ئەم پەیماننامەیە لە 21ی کانوونی یەکەمی 1991 لەلایەن سەرکردەی 11 کۆماری پێشووی سۆڤیەت (رووسیا، ئۆکراینا، بیلاڕووس، ئەرمینیا، ئازەربایجان، کازاخستان، ئۆزبەکستان، تورکمانستان، تاجیکستان، قرغیزستان و مۆڵدۆڤا) لە ئاڵماتی پایتەختی کازاخستان واژۆکرا و بە فەرمی کۆتایی بە یەکێتیی سۆڤیەت هێنا.
لە پەیماننامەکەدا سەرجەم کۆمارە سەربەخۆبووەکان دانیان بە سەروەری، یەکپارچەیی خاک و سنوورە کارگێڕییەکانی سەردەمی سۆڤیەتدا نا وەک سنووری نێودەوڵەتی، کە ئێستاش یەریڤان دەیەوێت بیکاتە بنەمای رێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ باکۆ.



