رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی بزووتنەوەی ئەنساروڵڵا (حووسییەکان)ی یەمەن رایگەیاند، لە 24 کاژێری رابردوودا فڕۆکە جەنگییەکانی سعودیە 42 هێرشی ئاسمانی و مووشەکییان بۆ سەر ناوچە جیاوازەکانی یەمەن ئەنجامداوە، بەوەش کۆی گشتیی هێرشەکان لە سەرەتای دەستپێکردنی گرژییەکانەوە گەیشتووەتە دوو هەزار و 323 هێرش.
رۆژی چوارشەممە، 14ی تشرینی یەکەمی 2026، یەحیا سەریع، گوتەبێژی حووسییەکانی یەمەن لە ئێکس بڵاویکردەوە، "لە هێرشەکانی 24 کاژێری رابردوودا چەندین پێگەی مەدەنی لە سەنعای پایتەخت و پارێزگاکانی تەعز، لەحج، مەئریب، عومران و دوورگەی مایۆن کراونەتە ئامانج"، ئاماژەی بەوەش کردووە، هێرشەکان لە رێگەی فڕۆکەکانی ئێف-15 و تایفوون ئەنجامدراون کە لە بنکە ئاسمانییەکانی خەمیس موشەیت و تائیفەوە فڕیون، هاوکات هێرشە مووشەکییەکانیش لە ناوچەی نەجرانەوە ئاراستە کراون.
گوتەبێژەکەی حووسییەکان هۆشداریی تووندی دا سەبارەت بە هێرشکردنە سەر دوورگەی مایۆن لە تەنگەی بابولمەندەب و رایگەیاند: "کردنە ئامانجی دوورگەی مایۆن لە رێگەی هێرشی ئاسمانی و مووشەکییەوە هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ سەر رێڕەوەکانی کەشتیوانیی دەریایی، ئێمەش بەرپرسیارێتیی هەر لێکەوتەیەک لەسەر سەلامەتیی کەشتیوانیی نێودەوڵەتی دەخەینە ئەستۆی دەستدرێژیکارانی سعودی."
گوتەبێژی حووسییەکان: وەڵامی هێرشەکانمان داوەتەوە
گوتەبێژی حووسییەکان لە نووسینێکی دیکەدا لە ئێکس ئاماژەی بە وەڵامدانەوەیان بۆ هێرشەکانی 24 کاژێری رابردوو کرد و گوتی، "هێزە چەکدارەکانمان توانییان بە مووشەکێکی بالیستی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالید لە ریازی پایتەختی دووژمنی سعودی بکەنە ئامانج و لێدانەکەش ورد و راستەوخۆ بوو".
سەیع ئاماژەی بەوەش کرد، "هێزە چەکدارەکانمان لە رێگەی سێ مووشەکی بالیستییەوە ئۆپەراسیۆنێکی بەئامانجگرتنیان بۆ سەر چەندین خاڵی کۆبوونەوە و ئامادەباشیی دووژمنی سعودی لە ناوچەکانی رەئس عارە و موزارەبە ئەنجامدا و لێدانەکان بە فەزڵی خودا ورد بوون، کە بووە هۆی کوژران و برینداربوونی ژمارەیەکی زۆر و هەروەها لەکارکەوتنی چەندین ئۆتۆمبێل و کەرەستەی سەربازی".
سەرەتای مانگی ئەیلوول، حووسییەکان دەستیان بە ئۆپەراسیۆنێک بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچەیەکی فراوانتر لە خاکی وڵاتەکەیان کرد و رایانگەیاند، هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ دەرکردنی هێزەکانی سعودیە لە خاکی وڵاتەکەیان.
لەو کاتەوە بە گوتەی حووسییەکان، سعودیە دەستی بە هێرشکردنە سەر هێزەکانیان کردووە و ئەوانیش بە مووشەک و درۆن هێرشیانکردووەتە سەر ناوچەکانی باشوور و ریازی پایتەختی سعودیە.



