رووداو دیجیتاڵ
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا بە تووندی وەڵامی لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ و ئیلۆن مەسک دەداتەوە سەبارەت بە داواکارییەکانیان بۆ لادانی لە دەسەڵات و رایدەگەیێنێت کە تەنیا گەلی ئۆکراینا مافی دیاریکردنی سەرۆکی وڵاتەکەیان هەیە.
زێلێنسکی لە هەڤپەیڤینێکدا لە لەندەن لەگەڵ بەرنامەی (پیرس مۆرگان ئۆنسێنسۆرد)، لە وەڵامی داواکارییەکانی ترەمپ بۆ گۆڕینی سەرکردایەتیی کیێڤ گوتی: "بڕیاری گۆڕینی من تەنیا لە دەستی گەلی ئۆکراینادایە. نە ترەمپ، نە مەسک و نە هیچ کەسێکی دیکە لەم جیهانەدا ناتوانن سەرۆک بۆ وڵاتێکی دیکە هەڵبژێرن. دڵنیام هەر پیاو یان ژنێکی دیکەش لە شوێنی من بێت هەر بەرگری لە خاکەکەمان دەکات، چونکە ئەمە نیشتمانی هەموومانە."
سەرۆکی ئۆکراینا کردنی هەڵبژاردنی لە ژێر بۆردوومانی بەردەوامدا بە "مەحاڵ" ناوبرد و گوتی: "کاژێر بە کاژێر هێرشمان دەکرێتەسەر؛ چۆن دەکرێت هەڵبژاردن بکەین لە کاتێکدا سەربازەکانمان لە بەرەکانی پێشەوە گیانیان دەبەخشن؟ ئەوان دەبێت یەکەم کەس بن دەنگ بدەن."
سەبارەت بە رێککەوتنی نوێی واشنتن بۆ کڕینی دیزڵ لەگەڵ مۆسکۆ، زێلێنسکی رەخنەی لە هەڵوێستەکانی سەرۆکی ئەمریکا گرت و گوتی: "ئەمە بۆ ئێمە بازرگانی نییە، ژیانمانە، جەستەمان و ماڵ و منداڵمانە، ئێمە وڵاتی خۆمان نافرۆشین. زۆر ئازاربەخشە کاتێک دەبینین سەرۆک ترەمپ لایەنگریی رووسیا دەکات؛ ئەمە وەستان نییە لەسەر لایەنی دروستی مێژوو."
زێلێنسکی ئاماژەی بەوە کرد، هێزەکانی رووسیا مانگانە نزیکەی 43 هەزار سەربازیان دەکوژرێن یان بریندار دەبن و پوتین لە بەرەکانی شەڕدا تووشی شکستی گەورە بووە، هەربۆیە پەنا بۆ وێرانکردنی ژێرخانی وزە دەبات. هەروەها رووسیای تۆمەتبار کرد بە پێشێلکردنی ئاگربەستی وزە و گوتی مۆسکۆ بە 40 مووشەکی بالیستی و 128 درۆن هێرشی کردووەتە سەر وێستگەکان کە بەهۆیەوە کارەبا لەسەر نیو ملیۆن کەس بڕدراوە.
سەرۆکی ئۆکراینا رەخنەی لە سنووردارکردنی خێرایی هێڵی ئینتەرنێتی ستارلینک لەلایەن کۆمپانیای سپەیس ئێکسەوە گرت و گوتی: "لە کاژێر 1:00ـی شەوی هێرشەکاندا خێرایی ستارلینکیان کەمکردەوە. ئەمە هەڵەیەکی گەورە بوو لەلایەن ئیلۆن مەسکەوە، چونکە نەمانتوانی بەرپەرچی درۆنەکان بدەینەوە و بەو هۆیەوە هاووڵاتییانی سڤیل گیانیان لەدەستدا. پەیامی من بۆ ئەو ئەوەیە کە دەبێت بە تەواوی هێڵەکە کارپێبکاتەوە."
پەیوەندییەکانی واشنتن و کیێڤ بەهۆی هەڵوێستەکانی ئەم دواییەی دۆناڵد ترەمپەوە روویان لە ئاڵۆزی کردووە، بەتایبەت دوای بڕیاری کڕینی سووتەمەنی لە رووسیا و داواکارییەکانی بۆ دەستلەکارکێشانەوەی زێلێنسکی، کە لەلایەن کیێڤ و هاوپەیمانە ئەورووپییەکانەوە وەک کشانەوە لە پشتیوانیکردنی ئۆکراینا لێکدەدرێتەوە.



