رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی ئوسترالیا رایگەیاند، دوای ئەوەی کامێرایەک لە نێو یەکێک لە کەشتییە سەربازییەکانیان، بە دیاریکراویش لە سەرشۆری تایبەت بە ژناندا دۆزراوەتەوە، دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە. ئەم رووداوەش لەلایەن ئەندامێکی ئەنجوومەنی پیرانەوە ئاشکرا کرا.
وەزارەتی بەرگری لە راگەیێندراوێکدا باسی لەوە کرد، کامێراکە لە نێو کەشتیی "ئێچ ئێم ئەی ئێس لیوین" (HMAS Leeuwin) دۆزراوەتەوە کە لە شاری کێرنز لە باکووری رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە لەنگەری گرتووە، بێ ئەوەی هیچ وردەکارییەکی زیاتر لەبارەی رووداوەکە پێشکێش بکات.
جاکی لامبی، سیناتۆری ئوسترالی رۆژی چوارشەممە بە هاوپیشەکانی لە پەرلەمان راگەیاند، نامەیەکی لە ئەندامێکی پێشووی هێزی دەریاییەوە پێگەیشتووە کە تێیدا باسی لەوە کردووە بەم دواییانە کامێرای نهێنی لە سەرشۆری تایبەت بە ژناندا دۆزراوەتەوە.
ئەو سیناتۆرە گوتیشی: "ئەوەی جێگەی نیگەرانیی زیاترە، ئەو دەنگۆیانەن کە دەڵێن ئەو وێنانەی بەم کامێرایانە گیراون، پێش دۆزینەوەی کامێراکان لەسەر ئینتەرنێت بڵاوکراونەتەوە."
وەزارەتی بەرگری دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەی فەرمیی راگەیاند و جەختی لەوە کردەوە کە "زۆر بە جیددی مامەڵە لەگەڵ ئەم رووداوە دەکات و چاوپۆشی لە هیچ رەفتارێکی قبووڵنەکراو ناکات، لە هەر شێوەیەکدا بێت."



