رووداو دیجیتاڵ
مێرمنداڵێکی تەمەن 16 ساڵان بە چەکەوە هێرشی کردە سەر قوتابخانەیەکی سەرەتایی لە شاری بێند لە ویلایەتی ئۆریگۆنی ئەمریکا، بەهۆیەوە چوار کەس کوژران کە سێیان منداڵ بوون؛ پۆلیس دەڵێت هێرشبەرەکە لەلایەن هاووڵاتییەکەوە کە دوای کەوتبووە نێو قوتابخانەکە، کوژراوە و رێگری لە کوژرانی کەسانی دیکە کراوە.
رۆژی پێنجشەممە، 15ـی تشرینی یەکەمی 2026، مایک کرانتز، فەرماندەی پۆلیسی شاری بێند لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە هێرشبەرەکە بە فیشەک دەرگاکانی شکاندووە و توانیویەتی بچێتە نێو قوتابخانەیەکی سەرەتایی.
قوربانییەکانی رووداوەکە پێکهاتوون لە سێ منداڵی تەمەن 5، 8 و 11 ساڵ لەگەڵ مامۆستایەک. هاوکات قوتابییەکی تەمەن 7 ساڵ و مامۆستایەکی تەمەن 54 ساڵیش بە برینداریی گەیێندراونەتە نەخۆشخانە.
تینا کۆتێک، حاکمی ویلایەتی ئۆریگۆن کە لەگەڵ فەرماندەی پۆلیس لە رووداوەکەدا ئامادە بوو، ستایشی ئەو هاووڵاتییەی کرد کە "بە قارەمانانە دەستوەردانی کرد بۆ رێگریکردن لە کوژرانی کەسانی دیکە" لەنێو قوتابخانەکەدا.
پۆلیس تەنیا ئەوەندەی خستەڕوو کە ئەو هاووڵاتییە، دوای ئەوەی بینیویەتی چەکدارەکە دەچێتە نێو قوتابخانەکە، بە چەکەوە دوایکەوتووە و تەقەی لێکردووە.
بەپێی گوتەی کرانتز، تیمی فریاگوزاری یەکەمین پەیوەندییان لە کاژێر 12:59ـی خولەکی پاشنیوەڕۆ پێگەیشتووە لەلایەن کەسێکەوە لەناو ئۆتۆمبێلەکەیدا کە پێی گوتوون "کەسێک بە چەکێکی درێژ چەندین جار تەقەی لێکردووە."
تەنیا دوای چەند خولەکێک لەو پەیوەندییە، دەیان پەیوەندیی دیکە بە پۆلیسەوە کراون و ئاگاداریان کردوونەتەوە کە تەقەکەرەکە چووەتە نێو قوتابخانەکەوە؛ دەستبەجێ هێزە ئەمنییەکان فەرمانیان بە قوتابخانەکە کردووە دەرگاکان دابخەن و بچنە دۆخی ئامادەباشییەوە.



