رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی شاری کۆڵنی ئەڵمانیا بە رووداوی راگەیاند، لێکۆڵینەوە لە رۆبۆتێک دەکەن کە لەو شارەدا تۆمەتبارە بە دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر کچێک.
بە گوتەی پۆلیس، شەوی 11ـی تشرینی یەکەم، رۆبۆتێک کە باڵای 1.20 مەترە، لە کچێکی تەمەن 16 ساڵان نزیک بووەتەوە و رەفتاری نەشیاوی بەرامبەر کردووە. پۆلیس دەڵێ، خاوەنی رۆبۆتەکە رووداوەکەی تۆمار کردووە و بەشێوەی پەخشی راستەوخۆ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوی کردووەتەوە.
رۆژی هەینی، 16ـی تشرینی یەکەمی 2026، کریستۆفەر بێرمێل، سەرۆکی کۆمیسەری پۆلیسی کۆڵن لە هەرێمی نۆردراین-ڤێستفالن لەبارەی رووداوەکەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەڵسەنگاندنی بەڵگەکان لەلایەن لێکۆڵەرەکانمانەوە بەردەوامە."
کریستۆفەر بێرمێل ئاماژەی بە راگەیێندراوی پێشووتری پۆلیس لە 12ـی تشرینی یەکەم کرد کە تێیدا هاتبوو، لێکۆڵینەوە لەوە دەکەن ئاخۆ جووڵەکانی رۆبۆتەکە لە دوورەوە کۆنترۆڵ کراون یاخود خۆی بە تەنیا و بە شێوەیەکی سەربەخۆ ئەو کارەی کردووە.
سەبارەت بە تۆمەتەکەش، پۆلیس گوتی: "پۆلیسی تاوان لێکۆڵینەوە لەسەر بێڕێزیکردن و سووکایەتی لەسەر بنەمای سێکسی دەکات."
بەپێی زانیارییەکان، لەکاتێکدا دوو کچی تەمەن 16 و 17 ساڵان دوای کاژێر 23:45 لەو شەقامە لەبەردەم خواردنگەیەکی خێرا وەستابوون، رۆبۆتەکە لە دواوە لێیان نزیک بووەتەوە و رەفتاری نەشیاوی بەرامبەر کچە 16 ساڵانەکە کردووە.
سەبارەت بە خاوەنی رۆبۆتەکە، پۆلیس گوتی: "تۆمەتباری تەمەن 16 ساڵ کە خاوەنی رۆبۆتەکەیە لەگەڵ هاوڕێیەکی 19 ساڵەی، هێرشە گوماناوییەکەیان تۆمار کردووە و لە سۆشیاڵ میدیا بە شێوەی پەخشی راستەوخۆ بڵاویانکردووەتەوە."
دوای ئەوە، پۆلیس گەیشتووەتە شوێنی رووداوەکە و رۆبۆتەکەیان لەناو سندووقی گەنجە 16 ساڵانەکە دۆزیوەتەوە کە خەڵکی شاری ڤێگبێرگ بووە. پۆلیس دەستی بەسەر رۆبۆتەکە و دوو مۆبایلی گومانلێکراوەکانیشدا گرتووە.



