رووداو دیجیتاڵ
دادگای کارگێڕیی شاری ڤیسبادن لە ئەڵمانیا، بڕیاری فەرمانگەی فیدراڵیی کۆچ و پەنابەرانی بۆ ناردنەوەی منداڵێکی کوردی تەمەن سێ مانگی بۆ تورکیا هەڵوەشاندەوە، دوای ئەوەی بڕیاردرابوو منداڵەکە بە تەنیا و بەبێ دایک و باوکی دیپۆرت بکرێتەوە.
کەیسەکە پەیوەستە بە خێزانێکی کوردی باکووری کوردستانەوە کە هەڵگری وڵاتینامەی تورکیان و داواکاریی پەنابەریی دایک و باوکەکە لەلایەن فەرمانگەی فیدراڵیی کۆچ و پەنابەران رەتکراوەتەوە، بەڵام تانەیان لە بڕیارەکە دابوو و تاوەکو ئێستاش دادگا بڕیاری کۆتایی لەسەر کەیسەکەیان نەداوە. سەرەڕای بەردەوامیی پرۆسەی یاسایی دایک و باوکەکە، فەرمانگەی کۆچ بڕیاری دابوو منداڵە سێ مانگەکە بنێردرێتەوە تورکیا.
لە روونکردنەوەی بڕیارەکەدا کە رۆژی هەینی، 16ی تشرینی یەکەمی 2026 لە میدیاکانی ئەڵمانیا بڵاوبووەوە، دادگای کارگێڕیی ڤیسبادن رایگەیاندووە، "شتێکی روون و ئاشکرایە کە منداڵێکی سێ مانگ نابێت لە دایک و باوکی جیا بکرێتەوە." دادوەران ئاماژەیان بەوە کردووە کە بەپێی بڕیارەکانی پێشووی دادگاکان، پەیوەندییە خێزانییەکان رێگری لە دابڕانی خێزان دەکەن، تەنانەت ئەگەر مافی مانەوەی هەمیشەییشیان نەبێت و تەنیا لە قۆناخی تاوتوێکردنی داواکاریی پەنابەرێتیدا بن.
لە بەرامبەر بڕیارەکەی دادگادا، گوتەبێژێکی فەرمانگەی فیدراڵیی کۆچ و پەنابەران بۆ ئاژانسی دەنگوباسی (epd) باسی لەوە کرد کە پێویست بوو فەرمانگەی ناوخۆیی بیانییەکان لە ئاستەنگە مەیدانییەکان بکۆڵێتەوە، چونکە بە گوتەی ئەو، "دیپۆرتکردنەوەی منداڵێکی سێ مانگ بەبێ دایک و باوکی راستەوخۆ جێبەجێ ناکرێ."
ئەو گوتەبێژە بەرگریی لە رێکارە گشتییەکان کرد و گوتی، ئەگەر مافی پەنابەری نەدرێتە خێزانەکە، هیچ بنەمایەکی یاسایی نامێنێتەوە کە رێگری لە دیپۆرتکردنەوەی ئەندامانی خێزانەکە بکات.
ئەم بڕیارەی دادگا لە کاتێکدایە، پرسی دیپۆرتکردنەوە بووەتە یەکێک لە گەرمترین و هەستیارترین پرسە سیاسییەکانی ئەڵمانیا. لەم چەند ساڵی رابردوودا حکومەتی فیدراڵی لەژێر گوشاری بەردەوامی پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکان و بەتایبەت لایەنگرانی راستڕۆی تووندڕۆ، زنجیرەیەک رێکاری نوێی بۆ خێراکردنی پرۆسەی ناردنەوەی ئەو پەناخوازابە گرتووەتەبەر کە داواکارییەکانیان رەتدەکرێتەوە.



