رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کەیتی زاکارایای لە پۆستی گوتەبێژی کۆشکی سپی دوورخستەوە، دوای ئەوەی کەمتر لە هەفتەیەک بوو ئەو ئەرکەی وەرگرتبوو.
زاکارایا رۆژی هەینی لە پۆستەکەی دوورخرایەوە، لە کاتێکدا نە کۆشکی سپی و نە زاکارایا وەڵامی داواکارییەکانیان بۆ لێدوان نەداوەتەوە.
ترەمپ رۆژی هەینی لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەڤانان گوتی، بە زاکارایای گوتووە پێداچوونەوە بە مانەوەی لەو پۆستەدا بکات. ترەمپ لە گێڕانەوەی گفتوگۆکەیدا گوتی: "بە راستی پێم گوت، ئەگەر من لە شوێنی تۆ بوومایە، پێداچوونەوەم بەم کارەدا دەکرد. پێم گوت کەیتی، ئایا تۆ پێویستت بەمەیە؟ پێم وانییە تۆ پێویستت بەم جۆرە سەرئێشەیە بێت."
سەرۆکی ئەمریکا هۆکاری ئەم دۆخەی بۆ مامەڵەی میدیاکان گەڕاندەوە و رایگەیاند: "بە کەیتیـم گوت کە بە بۆچوونی من لەلایەن هەواڵەکانەوە یان با بڵێین میدیا ساختەکانەوە، بە شێوەیەکی زۆر زۆر نادادپەروەرانە مامەڵەی لەگەڵ کراوە. پێم گوت تۆ پێویستت بەمە نییە، چونکە بە راستی لەلایەن میدیاکانەوە هێرشی تووندت دەکرێتەسەر. ئێمە بیر لە کارێکی دیکە دەکەینەوە و دەمەوێ ژیانێکی باشی هەبێت."
دەستپێکی کارەکەی زاکارایا لەگەڵ یەکەمین و دوایین کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی خۆیدا لە رۆژی سێشەممە رووبەڕووی شەپۆلێکی گەورەی رەخنە بووەوە، کاتێک لە میدیاکاندا باسی ئەوە کرا کە خۆی وەک پارێزەر ناساندووە و تەنانەت ترەمپیش پێی گوتووە "پارێزەر"، لە کاتێکدا لە تاقیکردنەوەی سەندیکای پارێزەراندا دەرنەچووە. هاوکات، کاتێک لە وەڵامی پرسیارێکدا لە دەمی دەرچوو و لەبری "سەرۆک"، ترەمپی بە "هاوژینەکەم" ناوبرد، ئەمەش شەپۆلێکی بەرفراوانی گاڵتەجاڕی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیاکاندا لێکەوتەوە.
پۆستی گوتەبێژی کۆشکی سپی بە یەکێک لە پڕگوشارترین کارەکان دادەنرێ، بەتایبەت لە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپدا کە پەیوەندییەکی پڕ لە گرژی لەگەڵ میدیاکاندا هەیە؛ هەربۆیە دروستبوونی گومان لەسەر پێشینەی پیشەیی زاکارایا و دەستپێکە لەرزۆکەکەی لە رووبەڕووبوونەوەی رۆژنامەڤاناندا زۆر بە خێرایی کۆتایی بە کارەکەی هێنا.


