رووداو دیجیتاڵ
رۆژی هەینی، 16ی تشرینی یەکەمی 2026، لە پەرلەمانی ئەڵمانیا گرژی و ناکۆکی دروستبوو، ئەوەش کاتێک پەرلەمانتاران لە کاتی پێشکێشکردنی گوتارەکاندا لەسەر تاوانە مێژووییەکان و دۆسیەی نامیبیا پشتیان لە پەرلەمانتارێکی ئۆپۆزیسیۆن کرد؛ دیمەنێک کە بە روونی قووڵیی ناکۆکییە سیاسییەکانی بەرلین لە مامەڵەکردن لەگەڵ مێژووی کۆلۆنیالیزم پێشان دەدات.
ئەم رووداوە لە کاتێکدا بوو کە پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە پەرلەمان مشتومڕێکی گەرمیان لەبارەی ئەو جینۆسایدە دەستپێکردووە کە ئەڵمانیا لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا لە نامیبیا ئەنجامی دا. پرسیارە سەرەکییەکەش ئەوەیە کە ئایا ئەم مشتومڕە دەبێتەهۆی پێشکەوتنی کرداری لە مامەڵەکردن لەگەڵ تاوانەکانی سەردەمی داگیرکاری یان نا.
لە کاتی دانیشتنەکەدا، گاوب دانیاڵ تیمۆتیۆس فرێدریک لە ریزی پێشەوە دانیشتبوو. گاوب دانیاڵ تیمۆتیۆس فرێدریک کەسایەتییەکی کاریگەری نامیبیایەوە و لەو وڵاتەوە هاتبوو بۆ ئەم دانیشتنە. نزیکەی 120 ساڵە بنەماڵەکەی چاوەڕێی گەڕاندنەوەی رووفاتی باپیریان، کۆرنێلیۆس فرێدریک دەکەن، کە سەرکردایەتیی بەرگریی گەلی نامای کرد دژی دەسەڵاتی داگیرکاریی ئەڵمانیا و لە یەکەم کەمپی زۆرەملێی ئەڵمانیا لە دوورگەی شارک گیانی لەدەستدا.
فرێدریک لەوێ ئامادە بوو بۆ داواکردنی "داوای لێبوردنێکی بێ مەرج" لە ئەڵمانیا.
پشتێکردنەکە چۆن و بۆچی بوو؟
لە کاتی دانیشتنەکەی پەرلەمانی ئەڵمانیادا، پەرلەمانتارانی پارتی چەپ لە هۆڵی پەرلەماندا پشتیان لە پەرلەمانتارێکی پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا کرد وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر رەتکردنەوەی ئەو کۆدەنگییە مێژووییەی کە لەسەر جینۆسایدی داگیرکاری ئەڵمانیا لە نامیبیا هەیە.
ئەم ناڕەزایەتییە بە شێوەیەکی سەرەکی لە دوو هۆکارەوە سەرچاوەی گرت. یەکەمیان، رۆناڵد گلێزەر، پەرلەمانتاری پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا گوتارەکەی خۆی بۆ ئەوە بەکارهێنا بانگەشەی ئەوە بکات کە پۆلێنکردنی ئەو تاوانانە وەک جینۆساید "هێشتا جێی مشتومڕە"، ئەمەش لە کاتێکدایە مێژوونووسان بە شێوەیەکی بەرفراوان کۆمەڵکوژیی سیستماتیکیی تاوەکو 100 هەزار کەس لە گەلانی ئۆڤاهێرێرۆ و ناما لە نێوان ساڵانی 1904 بۆ 1908 وەک یەکەم جینۆسایدی سەدەی بیستەم دەناسێنن، هەربۆیە پەرلەمانتارانی پارتی چەپ گوتەکانیان وەک شێواندنێکی قبووڵنەکراوی مێژوو لێکدایەوە.
هۆکاری دووەمیش بریتی بوو لە رەتکردنەوەی رێزی پەرلەمان، چونکە پشتکردنە مینبەری گوتارەکە پەیامێکی بێدەنگ و ئاشکرا بوو کە گوتاری پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا هێڵە ئەخلاقییەکانی بەزاندووە و شایستەی گوێگرتن نییە، بەتایبەت لە کاتێکدا پارتی چەپ خۆی ئەو پڕۆژەبڕیارەی پێشکەش کردبوو بۆ بەدەستهێنانی دادپەروەریی قەرەبووکەرەوە بۆ نەوەی قوربانییان، بۆیە لە رێگەی ئەو ناڕەزایەتییە جەستەییە بێدەنگەوە بە تەواوی خۆیان لەو هەوڵانە بێبەری کرد کە بە نیەتێکی خراپەوە تاوانە بەکۆمەڵەکانی سەردەمی کۆلۆنیالیزمیان پێ بچووک دەکرایەوە.
بەڵگە مێژووییەکان حاشاهەڵنەگرن
لە ساڵانی 1904 بۆ 1908، ئیمپراتۆریەتی ئەڵمانیا شەڕێکی دژی دانیشتووانی رەسەنی باشووری رۆژئاوای ئەفریقا، لەوانە ئۆڤاهێرێرۆ، ناما، دامارا و سان بەرپا کرد و سەرچاوەکان دەڵێن، لانیکەم 100 هەزار کەس کوژران و هەمان ژمارەش ئاوارە بوون، هاوکات دەستبەسەرداگرتنی زەوییەکانی ئەو سەردەمە تاوەکو ئەمڕۆش کاریگەریی لەسەر نەوەکانیان ماوە.
یۆرگن تسیمەرەر، مامۆستای مێژوو لە زانکۆی هامبۆرگ ئاماژە بەوە دەکات کە لە پەرلەمان بڕیار لەسەر جینۆسایدی ئەرمەنەکان، هۆلۆدۆمۆر لە ئۆکراینا و جینۆسایدی کوردانی ئێزدی لە عێراق دراوە، بەڵام هیچ دانپێدانانێکی فەرمی بۆ جینۆسایدی هێرێرۆ و ناما لەلایەن پەرلەمانەوە نییە.
بنیاتنانەوە یان قەرەبووکردنەوە
پارتی چەپی سۆسیالیست دەستپێشخەریی ئەم مشتومڕەی لە پەرلەمان کرد لە رێگەی داڕشتنی پڕۆژەبڕیارێک بۆ دانپێدانانی تەواو و قەرەبووکردنەوە بە هاوکاریی نوێنەرانی قوربانییان بە مەبەستی بەدیهێنانی "دادپەروەریی قەرەبووکەرەوە." کاتجیووا ئەو رێککەوتنەی ئێستای نێوان حکومەتی نامیبیا و ئەڵمانیای رەتکردەوە و گوتی: "هاوکاریی گەشەپێدان ناتوانێت جێگرەوەی قەرەبووی گشتگیر بێت."
لە ساڵی 2021ـەوە هەردوو حکومەت سەرقاڵی دانوستاندنن لەسەر راگەیێندراوی هاوبەش کە بەڵێنی دابینکردنی 1.1 ملیار یۆرۆ (1.24 ملیار دۆلار) هاوکاریی بنیاتنانەوە بە نامیبیا لە 30 ساڵدا دەدات، تاوەکو دوای واژۆکردنی، سەرۆکی ئەڵمانیا داوای لێبووردنی فەرمی بکات.
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا هۆشداری داوە کە ناتوانرێت داواکاریی یاسایی بۆ قەرەبووکردنەوە لە دانپێدانان بە جینۆسایدەوە وەربگیرێ. ئەندریاس مێهلەر، پسپۆری سیاسی ئەم پلانەی حکومەتی بە "دیپلۆماسیی چەک" ناوبرد. تسیمەرەریش روونی کردەوە کە ئەڵمانیا ترسی دارایی هەیە و دەڵێ ئەگەر دان بە ئەرکی قەرەبووکردنەوەی قوربانییاندا بنێت، لەبەر رۆشنایی ملیۆنان قوربانیی جەنگی جیهانیی دووەم، ئەو هەنگاوە دەبێتە هۆی ئیفلاسبوونی وڵاتەکە.
بەڵێن لە رێککەوتننامەی هاوپەیمانیی حکومەتدا
لە کۆی 144 لاپەڕەی رێککەوتننامەی هاوپەیمانیی حکومەتی ئێستای ئەڵمانیا (لە نێوان یەکێتیی کریستیان دیموکرات/سۆسیال کریستیان و پارتی سۆسیال دیموکرات)، تەنیا چوار دێڕ بۆ ئەم پرسە تەرخانکراوە، کە تێیدا هاتووە: "هەوڵەکانمان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ مێژووی کۆلۆنیالیزم چڕتر دەکەینەوە، لەنێویاندا لێکۆڵینەوە لە پارچە شوێنەوارییەکان و گەڕاندنەوەی کەلوپەلی کولتووری؛ سەرنجی تایبەتیش دەدرێتە دروستکردنی شوێنێکی شایستەی یادکردنەوە و گەڕاندنەوەی رووفاتی مرۆڤەکان."
ئەلێکساندەر سترۆ-ستێکێلبێرگ، پرۆفیسۆری زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی بایرۆیت، پێیوایە بەراورد بە ساڵانی 2021 تاوەکو 2025، ئەم پرسە گرنگیی خۆی لەدەستداوە. تسیمەرەریش دەڵێت، پێیوایە ئەم حکومەتەی ئێستا تەنانەت بەرەو دواوە دەگەڕێتەوە لەو پێشکەوتنانەی پێشتر بۆ هۆشیارکردنەوە لەسەر نادادپەروەرییەکانی کۆلۆنیالیزم بەدەستهاتبوون.
گەڕاندنەوەی کەلوپەلە کولتوورییەکان و پاشماوەی مرۆڤ
سەبارەت بە نەوەکانی گەلی ئۆڤاهێرێرۆ، هێشتا کاری زۆر ماوە ئەنجام بدرێت، چونکە باوەڕ وایە رووفاتی دەیان هەزار مرۆڤ تاوەکو ئێستاش لە ئەڵمانیادا مابنەوە. فرێدریک و نەوەکانی دیکەی قوربانییان بۆ چەندین نەوەیە لە خەباتدان بۆ ساڕێژکردنی ئەم برینانە.
لە مانگی ئاداردا، ئەڵمانیا ئەنجوومەنێکی هاوئاهەنگی بە سەرۆکایەتیی وەزارەتی دەرەوە پێکهێنا و رایگەیاند، حکومەت نایەوێت بەسەر وڵاتانی سەرچاوەدا بسەپێنێت کە کام شوێنەوار و پاشماوەی مرۆڤ داوا بکەنەوە یان پرۆسەی گەڕاندنەوەکە چۆن بەڕێوەبچێت. سەراپ گولەر، وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی دەرەوە و سەرۆکی ئەنجوومەنەکە، بەرگری لە کارەکانی حکومەت دەکات و باسی لەوە کرد لە سەردانەکانیدا بۆ وڵاتانی ئەفریقا دەستخۆشی لە هەڵوێستی دڵسۆزانەی ئەڵمانیا بەرامبەر بە رابردوو دەکرێت.


