رووداو دیجیتاڵ لەکاتێکدا ئامارەکان دەریدەخەن کە یارمەتییە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئەفریقا لە ساڵی 2000ەوە نزیکەی سێ هێندە زیادیان کردووە، ژمارەی ئەو کەسانەی لە کیشوەرەکەدا لەژێر هێڵی هەژارییەوە دەژین، بە هەمان شێوە لە هەڵکشاندایە. ئەمەش پرسیاری جددیی لەبارەی کاریگەریی کۆمەکە مرۆییەکان و هۆکارەکانی بەردەوامیی هەژاری دروست کردووە. لێرە لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، لەکاتێکدا یادی رۆژی نێودەوڵەتیی بنەبڕکردنی هەژاری دەکرێتەوە، بەرپرسێکی باڵای ئەفریقی رایگەیاند کە کۆمەکە مرۆییەکان زیانیان لە قازانجیان زیاتر بووە بۆ کیشوەرەکەیان. پێندا ناندا، باڵیۆزی نامیبیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بە رووداوی گوت: "ئێمە یارمەتیمان ناوێت، هاوبەشیی یەکسانمان دەوێت. یارمەتیمان ناوێت، چونکە مەرجی لەگەڵدایە و یەکێک لەو مەرجانە زیادکردنی خەڵکی هاوڕەگەزباز و فرەڕەگەزە لە ئەفریقا، کە دژی نەریت و بەها کولتوورییەکانمانە. یەک وڵاتم پێ بڵێ کە یارمەتی گۆڕانکارییەکی گەورەی تێدا کردبێت، تەنیا یەک دانە." بەپێی پێناسەی نەتەوە یەکگرتووەکان، هێڵی هەژاری بریتییە لە داهاتی کەمتر لە 3 دۆلار لە رۆژێکدا. دۆناڵد لی، سەرۆکی رێکخراوی (ATD)، بە رووداوی گوت: "یارمەتیی مرۆیی قەیرانێک چارەسەر دەکات، بەڵام مامەڵە لەگەڵ کێشە ریشەییەکانی هەژاری ناکات. دەبێت ئاگاداری ئەو بڕە گەندەڵییەش بین کە دەتوانێت بەشێک لەم پارەیە هەڵبمژێت." ئەفریقا، کیشوەرێکی دەوڵەمەندە بە سامانی سروشتی و نزیکەی 30%ی یەدەگی کانزاکانی جیهانی هەیە. بۆ نموونە، کۆنگۆ نزیکەی سێ لەسەر چواری کۆباڵتی جیهان بەرهەم دەهێنێت، کە لە دروستکردنی پاتریی مۆبایلە زیرەکەکاندا بەکاردێت، کەچی بەپێی داتاکانی بانکی جیهانی، زیاتر لە 80%ی دانیشتووانەکەی لەژێر هێڵی هەژارییەوەن. ژێرۆم بۆنافۆن، باڵیۆزی فەرەنسا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەم دۆخە بە "ئابڕووچوون" ناودەبات و دەڵێت: "هەرگیز لەسەر زەوی ئەوەندە پارە نەبووە کە ئێستا هەیە، کەچی هێشتا بەشێکی بەرچاو لە دانیشتووانمان لە هەژاریی تونددا دەژین." نەتەوە یەکگرتووەکان، دان بەوەدا دەنێت کە ناتوانێت تاوەکو ساڵی 2030 بگاتە ئامانجی بنەبڕکردنی هەژاریی توند. فەرحان حەق، جێگری گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە رووداوی گوت: "چاوەڕێ ناکرێت تاوەکو ساڵی 2030 بگەینە ئامانجەکانمان، چونکە هێشتا رووبەڕووی هەژارییەکی سەخت دەبینەوە."