رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ لە گوتارێکی بانگەشەی هەڵبژاردندا گوتی، هەوڵی دا یەکێک لە زەریا گەورەکانی جیهان بە ناوی خۆیەوە بێت، بەڵام کۆمپانیای گووگڵ داواکارییەکەی رەتکردووەتەوە.
رۆژی هەینی لە شاری داڵتن لە ویلایەتی جۆرجیا، ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد پێشنیازی بۆ بەرپرسانی گووگڵ کردووە زەریای ئەتڵەسی یان زەریای هێمن ناو بنێن "زەریای ترەمپ".
بە گوتەی ترەمپ، کۆمپانیاکە بە تووڕەییەوە وەڵامی داوەتەوە و گوتوویەتی: "ئیدی بەسە؛ تاوەکو ئێرە بەسە. کاری لەو شێوەیە ناکەین".
ترەمپ لە درێژەی گێڕانەوەی رووداوەکەدا بۆ ئەندام و لایەنگرانی پارتی کۆماری گوتی، نەخشەیەکی بۆ گووگڵ ناردووە کە ناوی "زەریای ترەمپ"ی لەسەر بووە، بەڵام نوێنەرانی کۆمپانیاکە رەتیانکردووەتەوە و گوتوویانە: "گەورەم، سەیرکە، ئەمەیان ناکرێ؛ زەریاکان جیاوازن و بەسەر سنووری دەیان وڵاتدا دابەش دەبن، بۆیە ناتوانین جێبەجێی بکەین".
ترەمپ گوتی تەنیا بە گاڵتەوە ئەو قسەیەی کردووە. بەڵام تاوەکو ئێستا روون نییە ئایا گفتوگۆیەکی لەو شێوەیە لە نێوان کۆشکی سپی و گووگڵدا روویداوە یان نا.
سەرۆکی ئەمریکا پێشتر ناوی چەند شوێنێکی گۆڕیوە. لە سەرەتای 2025 ناوی "کەنداوی مەکسیک"ی کردە "کەنداوی ئەمریکا"، لە ئابی ئەمساڵیش ناوی "دەریاچەی ئۆنتاریۆ"ی لە سنووری کەنەدا گۆڕی بۆ "دەریاچەی ئەمریکا". خزمەتگوزاریی نەخشەکانی گووگڵ (Google Maps) هەردوو گۆڕانکارییەکەی بۆ بەکارهێنەرانی ناوخۆی ئەمریکا پەسند کرد
لە مانگی ئەیلوولی ئەم ساڵیشدا، ترەمپ لە کۆبوونەوەیەکی پارتەکەی لە تێکساس و لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ پێشنیازی کرد ناوی "تەنگەى هورمز" بگۆڕدرێ بۆ "تەنگەى ترەمپ".



