رووداو دیجیتاڵ
لە چەند وڵاتێکی کیشوەری ئەوروپا، شەپۆلێکی بەرفراوان و تووندی خۆپیشاندان سەریهەڵداوە. هاووڵاتیان، خوێندکاران و سەندیکاکانی کرێکاران رژاونەتە سەر شەقامەکان بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرامبەر بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان، تەنگژەی نیشتەجێبوون و زیادبوونی کرێی خوێندنی قوتابخانە و زانکۆکان. ئەم ناڕەزایەتییانە لە زۆربەی وڵاتان تووندوتیژی و پێکدادانی لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزەکانی ئەمنی لێکەوتووەتەوە.
فەرەنسا: چەقی ئاڵۆزییەکان و سووتانی باڵەخانە مێژووییەکان
فەرەنسا گەورەترین و تووندترین ئاستی خۆپیشاندانەکانی بەخۆیەوە بینیوە. لە پاریس و چەندین شاری دیکەی وەک لیۆن، لیمۆژ، مارسیلیا و مۆنپێلیێ، سەدان هەزار کەس (کە مەزەندە دەکرێت ژمارەیان گەیشتبێتە 800 هەزار کەس) رژانە سەر شەقامەکان. پێکهاتەی خۆپیشاندەران بە زۆری لە قوتابیان، بزووتنەوەی هێلەک زەردەکان و چالاکڤانانی ژینگە پێکهاتووە.
تووندوتیژی و وێرانکاری
شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان بە خێرایی گۆڕدرا بۆ تووندوتیژی. لە شاری لیمۆژ، خۆپیشاندەران ئاگریان لە باڵەخانەیەکی مێژوویی شارەوانی بەردا کە تەمەنی 140 ساڵە و بەهۆیەوە بەشێکی بنمیچەکەی داڕما.
لە مارسیلیا، کەسانێکی پۆشاک رەش هەڵیانکوتایە سەر باڵەخانەی شارەوانی و بە درووشمی تووند دیوارەکانیان شێواند. هەروەها لە لیۆن، نووسینگەی گەشتیاریی شارەکە سووتێنرا و نزیکەی 10 هەزار گەنج رووبەڕووی پۆلیس بوونەوە بە دانانی بەربەست و سووتاندنی تەنەکەی خۆڵ.
پێکدادان لەگەڵ پۆلیس و تاڵانکردنی مارکێت و دووکان
هێزە ئەمنییەکان بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران، پەنایان بردە بەر بەکارهێنانی گازی فرمێسکڕێژ، بۆمبی دەنگی و رشاندنی ئاو. لە بەرامبەردا، خۆپیشاندەران لە مۆنپێلێ و لیۆن یارییە ئاگرینەکانیان ئاراستەی پۆلیس کرد و چەندین دووکان و مارکێتیان تاڵان کرد.
لەبارەی ئەم رووداوانە، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هۆکاری ئەم تووندوتیژییانەی فەرەنسا دەگەڕێتەوە بۆ کێشەکانی کۆچبەران و لاوازیی پرۆسەی تێکەڵبوونیان بە کۆمەڵگەوە.
ئەلبانیا: تووڕەیی خوێندکاران و تەنگژەی سیاسی
لە شاری تیرانای پایتەختی ئەلبانیا و چەند شارێکی دیکە، خۆپیشاندانەکان پێیان نایە رۆژی پێنجەمەوە. هەزاران خوێندکار و هاووڵاتی بەهۆی خراپیی بارودۆخی بژێوی، دابەزینی ئاستی پەروەردە، کەمیی هەلی کار و بوونی گەندەڵییەکی بەرفراوان لە حکومەتدا، رژانە سەر شەقامەکان.
پێکدادانی تووند لە نێوان پۆلیس و خۆپیشاندەران روویدا و داواکاریی سەرەکیی شەقامیش بریتییە لە دەستلەکارکێشانەوەی ئیدی راما، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە.
پۆرتوگال و ئیسپانیا: ناڕەزایەتی و تەنگژەی نیشتەجێبوون
بە پێچەوانەی وڵاتانی دیکە، ناڕەزایەتییەکانی پۆرتوگال زیاتر ئاشتیانە بوون، بەڵام قەبارەیەکی گەورەیان هەبوو. لەسەر بانگهێشتی یەکێتیی سەندیکاکانی کرێکاران، دەیان هەزار کەس لە لیسبۆنی پایتەخت گردبوونەوە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین دژی گرانبوونی کرێی خانوو و تەنگژەی نیشتەجێبوون.
لە گۆڕەپانی (رۆسیۆ)ی ناوەڕاستی پایتەخت، سەدان گەنج دەیان خێوەتیان هەڵدا و بڕیاری مانەوەیان دا، لەکاتێکدا گۆرانییان دەگوت و لە دەوری پەیکەری پاشا پێدرۆی چوارەم گردببوونەوە.
ئەم هەنگاوەی پۆرتوگالییەکان درێژکراوەی ئەو شەپۆلە ناڕەزایەتییەیە کە چەند هەفتەیەکە ئیسپانیای دراوسێی گرتووەتەوە لەسەر هەمان پرسی نیشتەجێبوون.
بەلجیکا: پێکدادان و سووتاندن لە دڵی ئەورووپا
ناڕەزایەتییەکان گەیشتنە برۆکسلی پایتەخت و شاری لیێژ. ئەم خۆپیشاندانانە، کە بەبێ مۆڵەتی فەرمی و لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە رێکخرابوون، پەیوەندییان هەبوو بە زیادکردنی کرێی زانکۆکان کە لە سەرەتای مانگی ئۆکتۆبەرەوە بووەتە هۆی تووڕەیی خوێندکارانی ئامادەیی.
لە برۆکسل گەنجان رووبەڕووی هێزەکانی پۆلیس بوونەوە، ئەوانیش بە گازی فرمێسکڕێژ و رشاندنی ئاو وەڵامیان دانەوە. خۆپیشاندەران زیانیان بە موڵکی گشتی گەیاند و چەندین ئۆتۆمبێل و حاوییەی خۆڵیان سووتاند.
بەرنار کوینتین، وەزیری ناوخۆی بەلجیکا، سەرکۆنەی ئەو رووداوانەی کرد و بە "تووندوتیژییەکی رێکخراو بۆ تێکدانی سەقامگیریی کۆمەڵگە" وەسفی کرد و نزیکەی 10 کەسیش دەستگیرکران.
ئیتاڵیا: گازی فرمێسکڕێژ لە گۆڕەپانەکانی میلانۆ
پریشکی ناڕەزایەتییەکان دژی بەرزیی تێچووی ژیان ئیتاڵیاشی گرتەوە. لە شارەکانی میلانۆ و بۆلۆنیا، پێکدادانی تووند لە نێوان پۆلیس و خۆپیشاندەران روویدا.
لە گۆڕەپانی بەرامبەر کەنیسەی گەورەی میلانۆ، کاتێک خۆپیشاندەران بە بەرد و کەلوپەلی جۆراوجۆر هێرشیان کردە سەر پۆلیس، هێزە ئەمنییەکان ناچار بوون گازی فرمێسکڕێژ بەکاربهێنن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بارودۆخەکە.


