رووداو دیجیتاڵ
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، پرسی کۆچبەری و کێشەی "تێکەڵنەبوونی کۆچبەران"ـی بە هۆکاری سەرەکیی توندوتیژی و پشێوییەکانی فەرەنسا دانا، لە کاتێکدا گرتەیەکی ڤیدیۆیی ساتی سووتانی باڵەخانەی شارەوانیی لیمۆژی لە فەرەنسا بڵاوکردەوە.
رۆژی یەکشەممە، 18ی تشرینی یەکەمی 2026، ڤانس نووسیویەتی: "لیبراڵەکانی رۆژئاوا بە ناوی هەمەڕەنگی و بەزەییەوە جیهانی سێیەمیان هاوردەی فەرەنسا و وڵاتانی دیکە کرد. ئەوان پرسیارە بنەڕەتییەکانی پەیوەست بە خۆگونجاندن و تێکەڵبوونیان پشتگوێخست. پێیان گوترا کە ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی ئەم ئەنجامە، بەڵام گوێیان نەگرت."
جێگری سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی: "نزا دەکەم فەرەنسا، کە وڵاتێکی جوان و خاوەن خەڵکێکی سەرنجڕاکێشە، ئەم شێتییە رابگرێت پێش ئەوەی شوێنەوارە مێژوویی و دیارەکانی دیکەی بسووتێن."
ڤانس، کە وەک بەربژێرێکی ئەگەریی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ساڵی 2028 سەیر دەکرێت، رووداوەکانی فەرەنسای بە هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی ئەمریکاوە بەستەوە کە بڕیارە لە 3ی تشرینی دووەم بەڕێوەبچێت و هۆشداریی دایە دەنگدەران: "هیوادارم ئەمریکییەکان سەرنج بدەن؛ ئەمە ئەو داهاتووەیە کە دیموکراتەکانی کۆنگرێس بۆ وڵاتەکەتانی دەخوازن."
ئەم لێدوانانەی ڤانس هاوکاتە لەگەڵ بەڕێوەچوونی خۆپێشاندانی بەرفراوان لە فەرەنسا کە تێیدا پێکدادانی توند لە نێوان پۆلیس و خۆپێشاندەراندا روویدا، دوای ئەوەی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان دژی هەڵاوسان گۆڕان بۆ توندوتیژیی سەر شەقام، تاڵانکردن و ئاگرتێبەردان.
ڤانس کە نوێنەرایەتیی باڵی ناسیۆنالیستی پارتی کۆماری دەکات، بەردەوام رەخنەی توند لە سیاسەتەکانی کۆچبەری لە ئەورووپا دەگرێت و بە لاوازیان دەزانێت.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاش چەند جارێک رایگەیاندووە کە کۆچبەر و پەنابەران هۆکاری خۆپێشاندانەکانی فەرەنسان و ئەوە ئەوانن کە وڵاتەکەیان وێرانکردووە.
دوێنێ، ترەمپ لە ترووس سۆشیال بڵاویکردەوە، "ئەوەی لە فەرەنسا روودەدات هۆکارەکەی هیچ شتێک نیە جگە لە کۆچی بە کۆمەڵ" بۆ ئەو وڵاتە؛ دەشڵێت، "خۆپێشاندانەکان پەیوەندییان بە قوتابخانەکانەوە نییە بوڵکو ئەوە ئیسلامە کە وڵاتەکەی کۆنترۆڵکردووە".
جگە لە ترەمپ، پێشتریش چەند جارێک ئیلۆن مەسک، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای سپەیسئێکس و تێسلا رایگەیاندبوو، پێویستە وڵاتانی ئەورووپا رێگری لە کۆچی بە کۆمەڵ بۆ وڵاتەکانیان بکەن ئەگەرنا باجەکەی دەدەن.



