رووداو دیجیتاڵ
ناڕەزایەتییە تووندەکانی دژی حکومەتی ئەلبانیا پێیاننایە شەشەم رۆژیانەوە و ئێدی راما، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتەش داواکاریی شەقامی بۆ دەست لەکار کێشانەوە رەتکردەوە. لە ماوەی شەش رۆژی رابردووشدا زیاتر لە 270 کەس بەهۆی پێکدادانەکانەوە بریندار بوون کە زۆربەیان پۆلیسن.
رۆژی یەکشەممە 18-10-2026، سەدان خۆپێشاندەر لە بەردەم وەزارەتی پەروەردە لە تیرانای پایتەختی ئەلبانیا کۆبوونەوە و بە دروشمی "راما، دەست لەکاربکێشەوە" ناڕەزایەتییان دەربڕی. لە بەرامبەردا، ئێدی راما، سەرۆکوەزیرانی ئەلبانیا لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە زیاتر لە کاژێرێکی خایاند، دەست لەکارکێشانەوەی رەتکردەوە و رایگەیاند، ئەو خۆپێشاندانانە "دەستی دەرەکییان" لەپشتە.
خۆپێشاندانەکان لە رۆژی سێشەممەوە لە تیرانا سەریانهەڵداوە؛ لە کاتێکدا ناڕازییان داوای چارەسەرکردنی دۆخی خراپی زانکۆکان، دابەزاندنی کرێی خوێندن و بنبڕکردنی گەندەڵی دەکەن.
لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی رۆژی یەکشەممەدا، گرژی لەنێوان خۆپێشاندەران و هێزە ئەمنییەکان دروستبوو و پۆلیس ئاو و گازی فرمێسکڕێژی بۆ بڵاوەپێکردنیان بەکارهێنا، دوای ئەوەی خۆپێشاندەران ئاگریان کردەوە، پەنجەرەی باڵەخانەکانیان شکاند، لەوانەش بارەگای سەرەکیی پارتی سۆسیالیستی دەسەڵاتدار و بەرد و بۆمبی مۆلۆتۆڤیان هەڵدایە سەر هێزەکانی پۆلیس.
رۆژی شەممەش پایتەختی ئەلبانیا تووندترین ئاڵۆزیی بەخۆیەوە بینی، بە جۆرێک خۆپێشاندەران ئۆتۆمبێلیان سووتاند و هێرشیان کردە سەر باڵەخانەکانی دادگە، بانکەکان و بنکەیەکی پۆستە و زیانی گەورەیان پێگەیاندن، ئەمەش پۆلیسی ناچار کرد بۆ یەکەمجار لە دەستپێکی ناڕەزایەتییەکانەوە گوللەی پلاستیکی دژی بەشداربووان بەکاربهێنێت.
ئەلبێرت نووشی، بەرپرس لە بەشی ئاسایشی گشتیی پۆلیس رایگەیاند، بەهۆی "قەبارەی بێوێنەی هێرشەکان بۆ سەر پۆلیس،" کەرەستەی تایبەتی بڵاوەپێکردنی جەماوەر بە شێوەیەکی سنووردار بەکارهێنراوە. ئاماژەی بەوەش کرد، رۆژی شەممە 54 کەس لە تیرانا دەستگیر کراون و 27 کەسیان رووبەڕووی رێکاری دادوەری دەبنەوە.
بەگوێرەی راپۆرتێکی وەزارەتی تەندروستیی ئەلبانیا، بەهۆی ئاڵۆزییەکانی رۆژی یەکشەممەوە 65 کەس بریندار بوون کە 37 کەسیان ئەندامی هێزەکانی پۆلیسن و 12 کەسیشیان بەهۆی سەختیی برینەکانیانەوە لە نەخۆشخانە خەوێندراون.
وەزارەتەکە گوتی، لە رۆژی سێشەممەوە تاوەکو ئێستا کۆی گشتیی بریندارانی پێکدادانەکان گەیشتووەتە 272 کەس، کە لەنێویاندا 169 ئەفسەر و کارمەندی پۆلیس هەن.
لەلایەکی دیکەوە، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تیرانا داوای "دانبەخۆداگرتن و ئارامی لە هەموو لایەنەکان" کرد.
ئەم پشێوییانە دوای چەندین مانگ لە ناڕەزایەتیی بەردەوام دێن لەو وڵاتەی بەڵکان، کە سەرەتا بەهۆی پڕۆژەیەکی کێشەلەسەری گەشتیاریی پەیوەندیدار بە خێزانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سەریهەڵدابوو.



