رووداو دیجیتاڵ
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا رایگەیاند، "هیچ پاساو و بیانوویەک" بۆ ئەو تووندوتیژییە "بێپێشینە و بێسنوورەی" نێو ناڕەزایەتییەکانی کۆتایی ئەم هەفتەیە لە وڵاتەکەی نییە و گوتیشی، دەبێت ئەوانەی دەستیان لە وێرانکاریدا هەبووە، باجەکەی بدەن.
رۆژی یەکشەممە 18-10-2026، ماکرۆن لە گوتارێکدا کە ئاراستەی گەلی فەرەنسای کرد، گوتی: "ئەمشەو، هەموومان هەست بە تووڕەیی و شەرمەزاری دەکەین." هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، دەبێت جیاوازییەکی تەواو بکرێت لەنێوان ئەو خۆپێشاندەرانەی کە "داواکاریی رەوایان هەیە،" لەگەڵ "ئەوانەی کە کاولکارییان کرد، شکاندیان و تاڵانییان کرد."
سەرۆککۆماری فەرەنسا بەڵێنی دا، حکومەت لە بەرامبەر ئەوانەی ئاژاوەیان گێڕاوە "سازش" نەکات و گوتی: "ئەوانەی وێرانکارییان کرد دەبێت باجەکەی بدەن. بینینی شەقامەکانی شارەکانمان بەمجۆرە کە تاڵان کراون، قبووڵنەکراوە." ماکرۆن هاوکات بەڵێنی پاڵپشتیی دارایی و هاوکاریی بۆ ئەو کۆمپانیا و بازرگانانە دووپاتکردەوە کە بەهۆی پشێوییەکانەوە زیانیان بەرکەوتووە.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، ماکرۆن ئاماژەی بەوە کرد، بەرپرسانی باڵای وڵات "بە هاوئاهەنگی لەگەڵ سەرۆکشارەوانییەکان بڕیاری پێویست دەدەن بۆ پاراستنی شارەکان، باڵەخانە گشتییەکان و بازاڕەکان."
دوای ئەوەی رەخنەی زۆر ئاراستەی هێزە ئەمنییەکان کرا بەوەی ئامادەکاریی پێویستیان بۆ خۆپێشاندانەکان نەبووە، ماکرۆن بەڵێنی دا لە شێوازی مامەڵەکردنی هێزە ئەمنییەکاندا لەگەڵ ناڕەزایەتییەکان "شەفافیەتی تەواو" دەبێت.
سەرۆککۆماری فەرەنسا رایگەیاند، داوای لە لۆران نونێز، وەزیری ناوخۆی وڵاتەکەی کردووە "تەواوی وانە پێویستەکان وەربگرێت،" بەتایبەت لە بواری کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگری و پێشبینیکردنی پێشوەختەدا، گوتیشی چاوەڕێی "وەڵامی روون"ـە لە وەزیرەکەی.
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا، تەنیا لە رۆژی شەممەدا نزیکەی 2,400 کەس لە سەرانسەری وڵاتەکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کراون، لە بەرامبەردا نزیکەی 1,000 کارمەندی پۆلیس لە پێکدادانەکاندا بریندار بوون، کە برینی حەوتیان سەختە.



