رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا رایگەیاند، لە خۆپێشاندان و گرژییەکانی ئەم دواییەی ئەو وڵاتەدا نزیکەی دوو هەزار و 400 کەس دەستگیرکراون و هەزار پۆلیسیش بریندار بوون. سەرۆککۆماری فەرەنساش دەڵێت، هیچ شتێک نابێتە پاساو بۆ ئەو تووندوتیژییە "بێسنوورە" و بەڵێنی "شەفافیەتی تەواو" دەدات سەبارەت بە مامەڵەی هێزە ئەمنییەکان لەگەڵ رووداوەکاندا.
خۆپێشاندانەکان کە لە کۆتایی هەفتەی رابردوودا بەهۆی بەرزبوونەوەی تێچووی بژێوی ژیان و کێشەکانی دیکەوە لە سەرتاسەری فەرەنسا دەستیان پێکرد، گرژی و تووندوتیژیی زۆری لێکەوتووەتەوە. ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە گوتارێکدا کە ئاراستەی گەلی فەرەنسای کرد، گوتی: "ئەمشەو هەموومان هەست بە تووڕەیی و شەرمەزاری دەکەین." هەروەها جەختی کردەوە کە دەبێت جیاوازی بکرێت لە نێوان ئەو خۆپێشاندەرانەی "داواکاریی رەوا"یان هەیە، لەگەڵ "ئەوانەی کە وێرانکارییان هێنایە کایەوە، شتیان شکاند و تاڵانییان کرد."
دوای ئەوەی رەخنە لە پۆلیس گیرا کە ئامادەکاریی پێویستیان بۆ خۆپێشاندانەکان نەبووە، ماکرۆن بەڵێنی دا کە "شەفافیەتی تەواو" هەبێت لەبارەی شێوازی وەڵامدانەوەی هێزە ئەمنییەکان.
سەرۆککۆماری فەرەنسا رایگەیاند، داوای لە لۆران نونێز، وەزیری ناوخۆ کردووە "هەموو وانە پێویستەکان" لەم دۆخە وەربگرێت، بەتایبەتی لە رووی کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگری و پێشبینیکردنی پێشوەختە. هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە چاوەڕێی "وەڵامی روون و یەکلاکەرەوە" دەکات.



