رووداو دیجیتاڵ
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا رۆژی یەکشەممە "پێزانین و سوپاسگوزاریی" خۆی بۆ واشنتن دەربڕی دوای ئەوەی کۆتوبەندەکانی سەر ئاڵۆگۆڕی زانیارییە هەواڵگرییەکانی هەڵگرت.
زیلینسکی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "ئێن بی سی"ـی ئەمریکی گوتی، ئاڵۆگۆڕی زانیارییە هەواڵگرییەکان "بۆ ماوەیەک پەکیان کەوتبوو، دواتر لایەنی ئەمریکی کۆتایی بەو پەککەوتنە هێنا. ئێمە سوپاسگوزارین بۆ ئەوە و ئێستا کارەکان بە باشی دەڕۆن." زیلینسکی ئاماژەی بەوە کرد کە کیێڤ "لە ماوەی سێ رۆژی هێرشە بالیستییەکانی رووسیادا هیچ زانیارییەکی هەواڵگریی پێنەگەیشتبوو."
زیلینسکی گوتیشی: "دەیان وڵات هەن کە هاوکاریمان دەکەن، بەڵام تەنیا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا خاوەنی ئەو زانیارییە هەواڵگرییانەیە کە دەتوانێت ئاگادارمان بکاتەوە کاتێک رووسیا مووشەکی بالیستیک بەکاردەهێنێت."
جگە لە گلەییەکانی بۆ پێنەگەیشتنی هۆشداریی پێشوەختە لەلایەن هاوپەیمانە ئەمریکییەکەیەوە سەبارەت بە هێرشەکانی رووسیا، کیێڤ لە هەفتەی رابردوودا ئاماژەی بە دەرکەوتنی کۆتوبەندی گەورە کرد لەسەر بەکارهێنانی خزمەتگوزاریی مانگە دەستکردەکانی کۆمپانیای "سپەیس ئێکس"ـی ئەمریکی (کە خاوەندارێتییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئیلۆن مەسک).
زیلینسکی رۆژی یەکشەممە گوتی کە ئەم کۆتوبەندانەی رێگرن لە سیستمی "ستارشیلد" (کە وەشانی سەربازیی ستارلینکە)، "لە حکومەتی ئەمریکاوە دەرچوون" و کۆمپانیای سپەیس ئێکسی پابەند کردووە. روونیشیکردەوە کە سیستمەکە لە ئۆکراینا هێشتا بە تەواوی نەگەڕاوەتەوە دۆخی ئاسایی خۆی.
دواتر، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە رێگەی هەمان کەناڵەوە رایگەیاند کە ئاراستەکردنی تۆمەتێکی لەو شێوەیە لەلایەن زیلینسکییەوە، رەفتارێکی "تەواو بێباکانە و سەرەڕۆیانەیە." بێسێنت گوتی: "پێویستە سەرۆک زیلینسکی وریاتر بێت پێش ئەوەی لێدوانی لەو شێوەیە بدات کە هیچ پەیوەندییەکیان بە راستییەوە نییە."
هێزەکانی ئۆکراینا سیستمی "ستارشیلد" بۆ پەیوەندییکردن لە هێڵەکانی پێشەوەی جەنگ و هەروەها لە ئۆپەراسیۆنەکانی تێکشکاندنی درۆنەکاندا بەکاردەهێنن.



