رووداو دیجیتاڵ
پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان رایگەیاند، 12 کۆچبەر لە کاتی هەوڵدان بۆ پەڕینەوە لە دەریای ئیجە گیانیان لەدەستداوە، تەرمی شەشیان دوای ئەوە دۆزرایەوە کە بەلەمەکەیان خۆی بە کەشتییەکی پۆلیسدا کێشاوە.
رۆژی دووشەممە 19-10-2026 بەرپرسێکی پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان راگەیاند، لە رووداوەکەی نزیک دوورگەی (لێسبۆس)، بەلەمێکی خێرای کۆچبەران خۆی بە لای چەپی کەشتییەکی پۆلیسدا کێشاوە و لە ئەنجامدا شەش کەس گیانیان لەدەستداوە کە منداڵێکی ساوا و چوار ژنیان لەنێودایە، لە کاتێکدا هەشت کەسی دیکە لە ئاوەکە رزگار کراون.
هاوکات لە رووداوێکی دیکەدا لە کەناراوەکانی دوورگەی (سامۆس)، شەش کۆچبەری دیکە کە پێنج پیاو و ژنێک بوون، بەهۆی وەرگەڕانی بەلەمە بچووکەکەیانەوە خنکان. پاسەوانی کەناراوەکان ئاماژەی بەوەش کرد، 14 کەسی دیکە لەو بەلەمە رزگار کراون کە گومان دەکرێت یەکێکیان رێکخەری گەشتەکە بێت و بەڕەچەڵەک ئێرانی بێت.
دەریای ئیجە یەکێکە لە رێگە سەرەکی و پڕبەکارهێنراوەکانی کۆچبەران بۆ پەڕینەوە لە تورکیاوە بەرەو ئەورووپا و بەردەوام رووداوی گیانلەدەستدانی تێدا تۆمار دەکرێت؛ بە جۆرێک لە مانگی ئەیلوولی رابردووشدا، بەهۆی ژێرئراوکەوتنی بەلەمێکی کۆچبەران لە نزیک دوورگەی (گاڤدۆس)، کەسێک خنکا و 25 کەسی دیکەش بێسەروشوێن بوون.



