رووداو دیجیتاڵ
رووداو لە مەترسیدارترین رێگەی کۆچ بەرەو بەریتانیا بەدواداچوون بۆ دۆخی کۆچبەران لە جەنگەڵستانی دانکێخ دەکات. لەوێ، نزیکەی سێ هەزار پەناخواز لەناو سەرما، نەخۆشی و رەوشێکی نالەباردا لە کەمپ و خێمەکاندا ماونەتەوە و چاوەڕێی رێککەوتن لەگەڵ قاچاخچییەکان دەکەن بۆ ئەوەی بە بەلەمی چووپ لە دەریای مانش بپەڕنەوە.
هیڤیدار ئەحمەد لەگەڵ تیمەکەی چووەتە جەنگەڵی دانکێخ لە باکووری فەرەنسا، ئەو شوێنەی دوایین وێستگەی پەنابەرانە بۆ پەڕینەوە لە کەناڵی ئینگلیزی و گەیشتن بە بەریتانیا و بەدواداچوون بۆ دۆخی کۆچبەرەکان بەتایبەتی کۆچبەرانی کورد دەکات.
بەگوێرەی ئەو بەدواداچوونەی هیڤیدار ئەحمەد کردوویەتی، کۆچبەران کە بەشێکی بەرچاویان گەنجان و مێرمنداڵانی کوردن، بەپێچەوانەی ئامۆژگاریی کەسوکاریان ئامادە نین بگەڕێنەوە. هەندێکیان زیاتر لە 9 جار هەوڵی پەڕینەوەیان داوە و بەشێکیشیان لە پێناو گەیشتن بە بەریتانیا، هەموو سەرمایە و تەنانەت گیانی خۆیان و منداڵەکانیشیان دەخەنە مەترسییەوە.
دەقی بەدواداچوونی هیڤیدار ئەحمەد و گفتوگۆکەی لەگەڵ کۆچبەران:
دروست لەم ساتەدا... لەسەر کەناری ئەم دەریایە، هەموو یاسا نێودەوڵەتییەکان دەڕووخێن.
پرسیارەکەش چی دیکە ئەوە نییە: ئایا ئەم رێگەیە مەترسیدارە؟
دەگوترێت ئەولای کەناری دەریا بەهەشت نییە، پێش ئەوانیش خەڵک رۆیشتووە و هەندێکیان لەم رێگەیەدا گیانیان لەدەستداوە. سەرەڕای ئەمە، بەم شەوە خۆیان رادەستی ئەم ئاوە دەکەن.
پرسیارەکە لای من ئەوەیە: چی وایکردووە ئەم خەڵکە... ترسی مەرگی نێو دەریا هەڵبژێرن؟
بۆ ئەوەی بزانین ئەمە چییە روودەدات و چۆن روودەدات، دەبێ بچینە پاریس و لە وێستگەی «گار دو نۆرد» دەستپێبکەین.
هەموو کەس لێرە بە ژیانی رۆژانەی خۆیانەوە سەرقاڵن؛ هەیە دەچێتەوە ماڵەکەی، هەیە بۆ سەر کار، دەزانن ئەمشەو لە کوێ دەخەون...
بەڵام شەمەندەفەری من بەرەو باکووری فەرەنسا دەڕوات، دەچێتە دانکێخ... منیش لەوێ دەچمە لای ئەو کۆچبەرانەی کە ماڵ و وڵاتی خۆیان جێهێشتووە، ئێستا نازانن وێستگەی کۆتایی ئەوان کوێ دەبێت؟
هیڤیدار ئەحمەد: (پەنجا خولەکی دیکە، کاژێر 5 و 3 خولەک، ئێستا کاژێر 4 و 13 خولەکە، شەمەندەفەرەکە لێرەوە دەڕوات و دەگاتە لیل. لە لیل 40 خولەک چاوەڕێ دەکەین، شەمەندەفەرێکی دیکە دێت دەچینە دانکێخ. دانکێخ ئەو شوێنەیە، ئێستا هەموو دەرگەی ئەورووپا، زۆربەی هەرە زۆری ئەگەر نەڵێین هەمووی بە رووی پەنابەر و پەناخواز داخراوە. دەڕۆینە دانکێخ چیرۆکی جەنگەڵستانی دانکێخ باس دەکەین، کە کێن هەڵدێن لە ئەورووپا؟ ئێستا قسە لەسەر ئەوە نییە کە کێ لە باشووری کوردستان، لە عێراق و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئاسیاوە دێن و دەگەنە ئەورووپا؛ کێن لە ئەورووپا رادەکەن کە هاتبوونە ئێرە بۆ ئەوەی ئاییندەیان هەبێت، ئێستا بەدوای ئاییندەیەکی بزردا دەگەڕێن.)
لەم گەشتەدا کە چەند کاژێرێک دەخایەنێت، دەبێ ئەو کەسانە ببینم کە هەزارەها کیلۆمەتریان بڕیوە، هێشتا نەگەیشتوونەتە قۆناخی کۆتایی کۆچی خۆیان.
هەر کە گەیشتین... لە بەردەرگەی وێستگەی شەمەندەفەر لە دانکێخ، کۆچبەری کوردم بینی... ئەو مەودا کەمەی ماویانە تا دەگەنە ئەوبەری دەریا، قورسترە لەوەی تاوەکو ئێستا بڕیویانە.
چاوم بەو مێرمنداڵانە دەکەوێت... 16 و 17 ساڵن، رێگەیان لێ ونبووە؛ بگەڕێنەوە باوەشی دایک و باوکیان یان پەڕینەوە بۆ بەریتانیا...
هیڤیدار: چیت بیست لەسەر ئەورووپا؟ ئێستا؟
کۆچبەر: چیم بیست؟ وەڵڵا نازانم بڵێم چی!
هیڤیدار: چیت بیست؟
کۆچبەر: بەس ناخۆشیم بیستووە، یەک شتی دیکەم نەبیستووە، خودا ئاگادارە.
کۆچبەر: ناخۆشە، رێگەکە زۆر زۆر ناخۆشە.
کۆچبەر: ناخۆشە.
کۆچبەر: ئەوە نییە تۆ بڵێی بە ئاسانی دەگەمە ئەورووپا و پارە پەیدا دەکەم و پارە دەنێرمەوە.
هیڤیدار: ئێستا قورس بووە، دەڵێن قورسە...
کۆچبەر: زۆر زۆر قورسە. ئێستا ئەوەی لەوێ برادەرمان پێمان دەڵێن، دۆستمان لەوێن...
هیڤیدار: دەڵێن چی؟
کۆچبەر: دەڵێن: «بۆچی دێن؟ درەنگە، هیچ وەرناگری، مافت نادەنێ، هیچ شتێک نەماوە لەوێ، ژیان قورسە، وەڵامت نەبێ کارەکەش نادەنێ...»
هیڤیدار: ئەی بۆ دەڕۆن مادام وایە؟
کۆچبەر: ئەی چی بکەین؟ تۆ وەرە لە شاری من...
کۆچبەر: لە کوردستان کوا کار هەیە؟
هیڤیدار: ئەوە نییە لێرە دەرت دەکەن؟
کۆچبەر: لە کوردستانیش دەرمان دەکەن.
کۆچبەر: 10 کاژێر، 12 کاژێر کار دەکەین بە پێنج هەزار، بە 10 هەزار.
کۆچبەر: بەخوا بە 8 هەزار کارم کردووە.
کۆچبەر: رۆژی وا هەبووە پێنج هەزارم نەبووە.
کۆچبەر: قورسە ژیان هەم لە کوردستان هەم لێرە، ئێستا رامانکردووە نازانین چی بکەین.
کۆچبەر: بەس لێرە ئاییندەیەک هەیە...
هیڤیدار: ئاییندە هەیە لێرە؟
کۆچبەر: بەڵێ.
هیڤیدار: چەندتان خەرج کردووە تا گەیشتوونەتە ئێرە؟ چەند؟ دوو دەفتەر؟
کۆچبەر: زیاتر.
کۆچبەر: زیاتر.
هیڤیدار: زیاتر؟ دوو دەفتەر؟
کۆچبەر: دوو دەفتەر.
هیڤیدار: دوو دەفتەر و ئەمە زیاتر؟
کۆچبەر: دوو دەفتەر زیاتر و شتێک کەمتر.
کۆچبەر: هەموو دوو دەفتەری خەرج کردووە.
هیڤیدار: ماڵی ئێوە چی دەڵێن، دەڵێن بگەڕێنەوە؟
کۆچبەر: ئەی چۆن، ئەرێ وەڵڵا بگەڕێنەوە.
کۆچبەر: دەڵێن: «حاشا لەو دوو دەفتەرە.»
کۆچبەر: دەڵێن: «حاشا لەو پارەی خەرجتان کردووە، بگەڕێنەوە.»
کۆچبەر: دەڵێن: «وەرنەوە.»
هیڤیدار: تۆ خودا؟
کۆچبەر: ئەی ئێوە چییان پێ دەڵێن؟ بۆ ناگەڕێنەوە؟
کۆچبەر: تازە هاتووین و پارەمان خەرج کردووە، دەبێ بەشی ئەوە پەیدا بکەین کە بگەڕێینەوە کوردستان شتێکمان هەبێت.
کۆچبەر: ئێستا وەرە ملیان بگرە و دوو دەفتەر بیاندەنێ، هەموو دەگەڕێنەوە.
کۆچبەر: وەڵڵا دەگەڕێنەوە.
کۆچبەر: وەڵڵا هەیە پەشیمانە ئەم رێگەیەی بڕیوە.
هیڤیدار: پارە هەبێ یەکێک بیانداتێ دەگەڕێنەوە؟
کۆچبەر: ئەرێ وەڵڵا، ئەوە دەگەڕێتەوە، ئەوە دەگەڕێتەوە 100%.
کۆچبەر: قیر و سیا لە زەرەرەکە بێنە، ئێستا دەگەڕێمەوە.
کۆچبەر: باشە.
هیڤیدار: ئەی ئێستا گلەییت کرد و گوتت لە کوردستان کار نییە؟
کۆچبەر: راستە کار نییە، بەڵام دەردەسەری و ناخۆشیی زۆرمان بینیوە.
کۆچبەر: هیچ شتێک وەک دایک و باوک نییە، بۆیە وا دەڵێت.
هیڤیدار: بەخوا راست دەکات.
کۆچبەر: هیچ شتێک وەک غەریبی نییە، تەمەنیشیان گچکەیە، لەوانەیە 18 ساڵ بن.
هیڤیدار: پیاوە.
کۆچبەر: 17 ساڵم...
هیڤیدار: 17 ساڵی! هەی ماشەڵڵا.
کۆچبەر: ئەوە 15یە، چەندە؟
کۆچبەر: 16 ساڵم...
هیڤیدار: چۆن ماڵی ئێوە رێگەیان دا بێن؟
کۆچبەر: هەیە لەگەڵمان بووە 14 ساڵ بووە.
هیڤیدار: 14 ساڵە و هاتووە و بەتەنیا؟
کۆچبەر: 13 و 14.
هیڤیدار: 13 ساڵ؟
کۆچبەر: ئەرێ وەڵڵا.
کۆچبەر: دەڵێت: «با منداڵەکەم لەنێو ئاودا بخنکێت، بەس بگەمە ئەوبەر!»
هیڤیدار: دەڵێت چی؟
کۆچبەر: دەڵێت: «با منداڵەکەم لەنێو ئاودا بخنکێت، بەس بگەمە ئەوبەر.»
هیڤیدار: کوردە؟
کۆچبەر: کوردە.
هیڤیدار: خەڵکی کوێیە؟
کۆچبەر: خەڵکی کوردستانە.
هیڤیدار: دەڵێت با منداڵیشم تێبچێت بەس بگەم؟
کۆچبەر: بەڵێ، بەڵێ.
هیڤیدار: ئەمە چی وایکردووە گەیشتووەتە ئەو بڕوایە، منداڵی خۆی بکاتە قوربانی؟
کۆچبەر: بێزاری لە کوردستان، نەمانی گاز، نەمانی ئاو، نەمانی مووچە، هیچ داهاتوویەکی نییە.
ئەم خێزانەم بینی؛ دایک، باوک و منداڵەکانیان، پۆلیسی فەرەنساش وەکو من ئەم دیمەنە دەبینن.
لە دەستیان هێلەگی پەڕینەوەی نێو دەریا هەیە. ئەم باوکە وا هەست دەکات ئەم هێلەگە بەڵگەیەکی ئەمینە بۆ ئەوەی نوقم نەبن...
رۆژی دووەمە لە دانکێخین.
دەبێ بچینە نێو جەنگەڵی دانکێخ، مەنزڵگەی کۆچبەران و بازاڕکردنی نێوان کۆچبەر و قاچاخچییەکان تاوەکو رێگەی گەیشتن بە بەریتانیا بدۆزنەوە.
ئەمە یەکەم دیمەنی کۆچبەرانە...
کەشوهەواکە پێمان دەڵێت، لێرە کەس بەدروستی چارەنووسی خۆی نازانێت.
هیڤیدار: (ئەوە یەکەم دیمەنی کۆچبەرانە لەنێو جەنگەڵی... ئێرە پێی دەڵێن جەنگەڵی دانکێخ. لێرە کۆدەبنەوە و دەچن لە دەریای مانش دەدەن و دەچنە بەریتانیا. ئێستا بچینە نێو ئەم جەنگەڵە پڕی خەڵکە و ئامانجی ئێمەش بچینە ئەوێ.)
تا زیاتر بچینە نێو جەنگەڵەکە، کۆچبەری زیاتر دەبینین... هەموو کەس لێرە لە چاوەڕوانیدان. ئەوەی بڕیار دەدات کە کێ، کەی دەپەڕێتەوە، قاچاخچییەکانن...
ئەوانم بینی، قسەم کرد لەگەڵیان، هیچ کامیان رێگەی نەدا وێنەی بگرین، لەلایەن دەوڵەتانی ئەورووپاوە داواکراون...
لێرە باس باسی مردنی گەنجێکی دهۆک بوو، بەهۆی نەخۆشی کە لەنێو جەنگەڵدا تووشی ڤایرۆس ببوو، باسی کوشتنی گەنجێکی دیکە دەکرا، ئەویش هەر کورد بوو...
رێکخراوی تەندروستی لێرەن بۆ ئەوەی یارمەتیی کۆچبەرەکان بدەن...
بەڵام خەڵک لێرە لێیان دەترسن، دوودڵن لە وەرگرتنی ڤاکسینێک بۆ لەنێوبردنی ڤایرۆسێک کە لەنێو کۆچبەراندا لەم جەنگەڵە بڵاوبووەتەوە.
هیڤیدار: ئەم گەنجە کوردە دەناسی؟
رافائیل: بەڵێ.
هیڤیدار: وەرە.
هیڤیدار: باشە؟
گۆڤەند: باشم زۆر...
گۆڤەند: وەڵڵا زۆر باشە.
هیڤیدار: زۆر باشە؟
هیڤیدار: ئەوە پیاوێکی باشە؟
رافائیل: بەڵێ زۆر باشە... ترسنۆکە، بەڵام پیاوێکی باشە...
گۆڤەند: من ترسنۆک نیم، بەس یەک دەرزی لە من بدەن نەک دوو.
هیڤیدار: بۆچی ترسنۆکە؟
رافائیل: لە وەرگرتنی ڤاکسین دەترسێت...
هیڤیدار: دەترسێت ڤاکسین وەربگرێت... بۆ دەترسی؟
گۆڤەند: دەترسین شێتمان بکەن، بەخوای کەس جێگەی متمانە نییە. دەرزییەکمان لێبدەن شێتمان بکەن! دوو کەس بەو نەخۆشییە مردییە، ئە...
هیڤیدار: هەر لەو جەنگەڵە؟
گۆڤەند: بەڵێ.
هیڤیدار: لەو رۆژانە؟
گۆڤەند: لەو رۆژانە، حەفتەیەک پێش ئێستا. ئەوانیش هاتوون لێرە دەرزی لە خەڵک دەدەن بۆ ئەوەی تووشی ئەو نەخۆشییە نەبن، نەخۆشییەکی زۆر پیسە بڵاوبووەتەوە.
هیڤیدار: خەڵکی کوێی؟
گۆڤەند: ئەمن خەڵکی هەولێرێمە.
هیڤیدار: ناوت چییە؟
گۆڤەند: ناوم گۆڤەندە.
هیڤیدار: ئەوە چەندە لێرەی؟
گۆڤەند: ئەوە نزیکەی یەک مانگە لێرەم.
دوو ساڵ پێش ئێستاش لەم جەنگەڵە بووم، ئەو کات زۆرترین کۆچبەری نێو دارستانەکە کورد بوون، ئێستا نا، کورد یەکەم نین لە کۆچکردندا.
رافائیل: کەسێک کە خەڵکی رانیە بوو نەخۆش کەوت.
هیڤیدار: خەڵکی رانیە بوو؟
رافائیل: بەڵێ.
هیڤیدار: ئەو ڤایرۆسەی بڵاوبووەتەوە مەترسیدارە؟
رافائیل: بەڵێ.
هیڤیدار: مەترسیدارە؟
رافائیل: بەڵێ. ئەو گەنجە گیانی لەدەستدا.
هیڤیدار: چەند خەڵک لەنێو ئەم جەنگەڵەدا هەیە؟
رافائیل: 2500 بۆ 3000 کەس دەبن.
هیڤیدار: سێ هەزار کەس؟
رافائیل: لەو دەوروبەرە... سێ ساڵ پێش ئێستا 600 بۆ هەزار کەس لێرە بوون. ئێستا بەرزبووەتەوە بۆ 2500 بۆ سێ هەزار کەس.
لەم جەنگەڵە بازاڕی پەڕینەوە بۆ بەریتانیا دەکرێت؛ بە چەند، بە چ رێگەیەک، بگرە کەیسی ئامادەکراوی بەردەم دادگە لە بەریتانیاش هەیە بۆ ئەوەی مافی پەنابەری پێ وەربگیرێ.
هەر کە چوومە نێو خێمەکانی جەنگەڵەکە، مێرمنداڵی زۆرم بینی، بەبێ ئەوەی کەسوکاریان لەگەڵ بن، ئەم رێگەیەیان گرتووەتەبەر!
هیڤیدار: (ئەم تەلبەندانە دەبینن، هەر یەک لەوانە سنووری قاچاخچییەکە؛ ئەمانە نەفەری یەکێکن و ئەو تەلبەندانە نەفەری یەکێکی دیکەن، هەر یەک سنووری جوگرافیای خۆی هەیە و کەس نابێ بچێتە نێو سنووری جوگرافیای دیکە. نەفەر دزینیش هەیە لێرە و کێشەی زۆر گەورە روویداوە و ئەمە نەفەری ئەو دەبات و ئەو نەفەری ئەوی دیکە دەبات. نەفەر هەیە ئەمە بەجێدەهێڵێت و دەچێتە لەگەڵ قاچاخچییەکی دیکە.)
ئەلەند 15 ساڵە، خەڵکی قەڵادزێیە و 9 جار هەوڵی پەڕینەوەی داوە، دەڵێت: «هەر دەڕۆم»، وەک خۆی دەڵێت باوکیشی پێی گوتووە: «تازە هەر دەبێ بڕۆی...»
هیڤیدار: تەمەنت چەندە تۆ؟
کۆچبەر: 16 ساڵ.
هیڤیدار: ئەی تۆ تەمەنت چەندە؟
کۆچبەر: 12 ساڵ.
هیڤیدار: 12 ساڵ! 12 ساڵی؟ بەتەنیایی؟ ماڵی تۆ کەس لەگەڵ تۆ هەیە؟
هیڤیدار: کاکە باشی... ئەو کوڕە 12 ساڵ بوو تەمەنی.
کۆچبەر: بەڵێ، بەڵێ.
هیڤیدار: ئەی چۆن دەبێ بە 12 ساڵی؟
کۆچبەر: هەیە 14 ساڵە.
هیڤیدار: ئێ ئەوە 12 ساڵ بوو؟
هیڤیدار: باشی... ئەوە خەڵکی کوێ بوو 12 ساڵییەکە؟
کۆچبەر: سەردەشت.
هیڤیدار: خەڵکی سەردەشتە؟ ئەدی کەسوکاریان کەس لەگەڵی هەیە؟
کۆچبەر: بەتەنێیە.
هیڤیدار: تۆ چەند ساڵی؟
کۆچبەر: 16 ساڵ.
هیڤیدار: کێ هەیە لێرە تەمەنی گچکەتر بێت؟
کۆچبەر: من لە هەموویان گچکەترم.
ئەلەند: من.
هیڤیدار: تەمەنت چەندە؟
ئەلەند: 15.
هیڤیدار: 15 ساڵی، خەڵکی کوێی؟
ئەلەند: قەڵادزێ.
هیڤیدار: بەتەنیای؟
ئەلەند: بەڵێ.
هیڤیدار: چۆن بەتەنیا هاتی؟
ئەلەند: وەڵڵا بەتەنێ هاتم.
هیڤیدار: دەچییە بەریتانیا؟
ئەلەند: بەڵێ.
هیڤیدار: هەوڵت داوە؟
ئەلەند: بەڵێ زۆر.
هیڤیدار: چەند جار؟
ئەلەند: نۆ جار، 10 جار هەوڵم داوە.
هیڤیدار: دوایین جار کەی بووە؟
ئەلەند: پێرێ شەو...
هیڤیدار: تێنەپەڕین؟
ئەلەند: نە وەڵڵا... پۆلیس ناهێڵن.
هیڤیدار: پۆلیس تووندن؟
ئەلەند: ئەرێ بەخوا.
هیڤیدار: ئەوە چەندە لێرەی؟
ئەلەند: نزیکی دوو مانگە.
هیڤیدار: ناوت چ بوو؟
ئەلەند: ئەلەند.
هیڤیدار: تەمەنت چەند بوو؟
ئەلەند: 15 ساڵ.
هیڤیدار: خێزانی تۆ، پەیوەندی بە تۆوە دەکەن؟
ئەلەند: بەڵێ.
هیڤیدار: دەڵێن بگەڕێوە یان بڕۆ؟
ئەلەند: وەڵڵا بڵێن چی، دەڵێن: «تازە بڕۆ...» بەس حەزیان لێ نییە.
کۆچبەر: گەیشتووەتە ئێرە.
هیڤیدار: گەیشتووەتە ئێرە، نزیک بووەتەوە. زۆری بڕیوە.
کۆچبەر: ئەو هەموو رێگەیەمان بڕیوە بۆ کوێ بگەڕێینەوە...
هیڤیدار: تۆ تەمەنت چەندە؟
کۆچبەر: 20 ساڵ.
هیڤیدار: پیاوی، ئەمەش (ئەلەند) پیاوە بەڵام تەمەنی گچکەترە.
هیڤیدار: تۆ خەڵکی کوێی؟
کۆچبەر: دووکان.
هیڤیدار: خەڵکی ئێرە زۆربەی هی دووکان و...
ئەلەند: قەڵادزێ و رانیە.
کۆچبەر: سەردەشت و ئێران و رانیە و قەڵادزێ.
هیڤیدار: ئەو کوڕە بێنە 12 ساڵییەکە.
کۆچبەر: رۆیی.
هیڤیدار: بێنە با بێت.
کۆچبەر: رۆیی.
هیڤیدار: 12 ساڵە تەمەنی؟
هیڤیدار: دەڵێن نەچن بۆ ئەوبەر (بەریتانیا) ئەورووپا وەکو جاران نەماوە.
ئەلەند: ئەرێ وەڵڵا وا دەڵێن، ئەی چۆن.
هیڤیدار: ئەی بۆ قەناعەت بۆت دروست نابێت؟
ئەلەند: وەڵڵاهی چی بکەین لە کوردستان؟ هەر بێ باشترە!
لەبەردەم بازاڕی نێو جەنگەڵ سێ چیرۆکم بیست، یەک لەوەی دیکە تاڵتر بوو...
سەفا شەوی پێشوو هەوڵی پەڕینەوەی دابوو، هەوڵەکە بە مردنی هەندێک لە هاوڕێگەکانی کۆتایی هاتووە.
سەفا: 100 نەفەر بووین، چوار کەس مردن.
هیڤیدار: چوار مردن؟
سەفا: ئەرێ وەڵڵا چوار نەفەر مردن. نەفەرەکان ئەوەندە زۆر بوون، ئۆکسجینی تێدا نەما، نەفەرەکان ئەوەندە زۆر بوون هەموو بەسەر یەک کەوتبوون.
هیڤیدار: تەرمەکان چییان لێهات؟
سەفا: تەرمەکان، بەخوا دانە بە دانە بە دەستی خۆم دەرمهێنان و دامنان لەنێو کەشتییەکە.
هیڤیدار: منداڵیشی لەنێودا هەبوون؟
سەفا: ئەرێ وەڵڵا دانەیەک ئەوەندە بوو.
هیڤیدار: منداڵ؟
سەفا: بەخوا بەس بەزەییم بەوەدا هات، ئەوانی دیکە چاویان دەرچووبوو.
هیڤیدار: تۆ خەڵکی باشووری کوردستانی؟
سەفا: بەڵێ.
هیڤیدار: خەڵکی کوێی؟
سەفا: با بڵێین خەڵکی رۆژهەڵاتین، چونکە لەوبەر دەبێ وا بڵێین.
هیڤیدار: بۆچی لەوبەر دەبێ بڵێن خەڵکی رۆژهەڵاتن؟
سەفا: عێراق بە سایەی زەرد و سەوز بەحیساب وڵاتێکی ئەمن و پارێزراو ناسراوە، بەس ئیدی وا نییە.
هیڤیدار: ئەگەر چوویە ئەوبەرە گوتت خەڵکی رۆژهەڵاتم دەیخوات؟
سەفا: ئیدی حیسابێکی دیکە بۆمان دەکات.
هیڤیدار: چەند خۆش قسە دەکەی... ئەگەر پرسیاری رۆژهەڵاتیان لە تۆ کرد نازانی شارەزایت نییە؟
سەفا: با، کەیسم کڕیوە.
هیڤیدار: کڕیوتە؟
سەفا: بەڵێ.
هیڤیدار: بە چەند؟
سەفا: وەڵڵا نزیکەی هەزار بۆ هەزار و پێنج سەد دۆلارم پێداوە.
هیڤیدار: بە کەیسەکە؟
سەفا: ئەرێ وەڵڵا.
هیڤیدار: کەیسەکە چییە؟
سەفا: کەیسەکە ئێرانییە و ئەو خەڵکەی لێرە دەبینی هەر هەموویان کەیسی ئێرانییان کڕیوە.
هیڤیدار: لێرە دەیفرۆشن؟
سەفا: نا، لە کوردستان و ئیدی...
هیڤیدار: پێت دەڵێن ئەوها بڵێ و ئەوها قسە بکە؟
سەفا: بەڵێ، بەڵێ.
هیڤیدار: بە 1500 دۆلار دەیکڕی؟
سەفا: بەڵێ، بە هەزار، بە هەزار و 500 و بە 500 دۆلار دەیفرۆشن، ئەویش بەگوێرەی کەیسەکەیە.
هیڤیدار: کێنە دەیفرۆشن؟
سەفا: هەر کوردی خۆمانن.
هیڤیدار: رۆژێ چەند کەیسی ئەوها دەفرۆشن؟
سەفا: ئەو خەڵکەی لێرە دەبینی هەر هەموویان کەیسی ئێرانییان هەیە و هەمووی عێراقین بەڵام ئیدی...
هیڤیدار: هەر یەکە و هەزار دۆلار بە کەیسەکە دەدەن؟
سەفا: ئەرێ وەڵڵا پێنج سەد و هەزار و هەزار و پێنج سەد دۆلار دەدەن. کەیس هەبووە لە ماوەی دوو مانگدا مافی پەنابەری وەردەگری و بە شەش هەزار دۆلار کڕیویەتی.
لەنێو بازاڕەکە موختارم بینی، گەنجێکی کوردە، بەو ناوە بانگی دەکەن... لێرە کارتی مۆبایل دەفرۆشێت...
ئەو دۆزەخی نێو خێزانی کورد لە ئەورووپا باس دەکات. باسی ئەوەش دەکات بۆچی کۆچکردن لە باشووری کوردستان کەمتر بووە؟
هیڤیدار: لە 10 کەس کە کۆچ دەکەن، چەند لە کوردستان دێن و چەند ئەوانەن لە ئەورووپا دێن؟
موختار: لە 10 کەسی پێنج بۆ حەوت کەس لە کوردستانەوە دێن و ئەوانەی دیکە لە ئەورووپاوە دێن.
هیڤیدار: ئەورووپا بۆ وای لێهاتووە؟
موختار: ژیانی تێدا نەماوە بۆیە.
هیڤیدار: ژیانی تێدا نەماوە؟
موختار: قورس بووە.
هیڤیدار: چۆن؟ کوا پێم بڵێ؟
موختار: کوردستانەکە باشترە، ئەوەی دێت زۆری چاولێکەرییە، سەیر دەکات برادەرەکەی دەڕوات...
هیڤیدار: ئەو قسەیە دووبارەیە کە دەڵێن چاولێکەرییە؟
موختار: یەک شتی دیکە نییە.
هیڤیدار: بۆ کەمبووەتەوە؟
موختار: یەکەم شت ئەوەیە کە ڤیزە نییە، ئەوەی پێشتر نیەتی ئەورووپای هەبوو، هەمووی هاتووە.
هیڤیدار: ئەوەی پێشتر هەیبوو هاتووە، ئەورووپاش وەک جاران ئیقامە نەماوە و قورس بووە؟
موختار: قورس بووە و ژیانی تێدا نەماوە، ئەورووپا هیچت ناداتێ، هەرچیش بدات لێت وەردەگرێتەوە.
هیڤیدار: چۆن؟ کوا پێم بڵێ؟
موختار: بۆ نموونە، دێی بۆ ئەو ئەورووپایە پێنج ساڵی پێدەچێت ئینجا دەگەڕێیەوە، دەچییەوە باوک و دایکت نەماوە، ئەوەی پێشتر لەگەڵی ژیابی ئێستا لە ژیاندا نەماوە، هەر بەشێکی زۆری لێرە دەدۆڕێت، فێری دەرمان دەبێت، دەدۆڕێت.
هیڤیدار: لەبەر ئەوە لێرە ئومێد نەماوە؟
موختار: ئومێد نییە برا، ئومێدی چی؟
هیڤیدار: ئاییندە؟
موختار: هەر نییەتی، ئەوەی دەڕوات وەک خێزان لە ژنەکەی جیادەبێتەوە. 80%ی ئەو ژنانەی لەگەڵ مێردەکانیان دەڕۆن جیادەبنەوە و خێزان هەڵدەوەشێت.
هیڤیدار: هەیە لەنێو ئەم جەنگەڵە لە خێزانی خۆی جیابووەتەوە؟
موختار: هەر لێرە دەستپێدەکات.
هیڤیدار: جیادەبنەوە؟
موختار: هەیە هەر لە کوردستان پلانی هەیە و پێکەوە دێن، ئافرەتەکە بەرنامەی داناوە لێی جیاببێتەوە.
هیڤیدار: تۆ زۆر خەتەر قسە دەکەی؟
موختار: وەڵڵا ئەوجا من بە راستی قسە دەکەم، لەنێو چووپەکە (بەلەمی پەڕینەوە بۆ بەریتانیا) جیادەبێتەوە.
هیڤیدار: لەنێو چووپەکە؟
موختار: ئەرێ بەخوا. بەخوا هێشتا کەمم گوتووە...
هیڤیدار: کا هەندێک زیاتر بڵێ؟
موختار: زیاتری چی بڵێم، دڵم پڕە وازی لێ بهێنە، ئەورووپا ئەوەندە ناهێنێ زۆر قسەی لەسەر بکەم، قسە لەسەر ژنە هەڵاتووەکان بکەم. بۆ لە کوردستان قۆندەرەی بۆ دادەنێ عەیبی نییە، کە گەیشتە ئێرە لێی جیادەبێتەوە؟
هیڤیدار: ئەزموونی زۆرت هەیە لەسەر مەسەلەی خێزان؟
موختار: لە ساڵی 2022ـەوە لێرەم.
هیڤیدار: باسی جیابوونەوەی خێزانت کرد. لە 10 خێزانی چەند دەمێنن؟
موختار: وەڵڵا دوو دانە دەمێنێت، سێ دەمێنێت.
هیڤیدار: هەشت تێکدەچن؟
موختار: سەد لە هەزار تێکدەچێت...
هیڤیدار: لە خۆتەوە قسە دەکەی یان...؟
موختار: نا، نا، بە تەئکید 100% وایە.
هیڤیدار: 100%؟
موختار: بەڵێ.
هیڤیدار: تۆ دڵت پاک نییە لەسەر ژن یان راستییەکەت بینیوە و قسە دەکەی؟
موختار: ئەوە واقیعییە برا.
هیڤیدار: لەم قسەیە بەرپرسیاری؟
موختار: وەڵڵا 100% لێی بەرپرسیارم و بەرپرسیشم لێی.
هیڤیدار: بەخوا خەتەرە...
موختار: بەڵێ مەترسیدارە، ئەورووپا چییە؟ ئەورووپا هەرچی خێزانی کوردە هەڵیوەشاند...
هیڤیدار: پێم خۆشە ئەوانەی لە ئەورووپا وەڵامی ئەم پیاوە بدەنەوە؟
موختار: وەڵڵا بۆی نادرێتەوە.
هیڤیدار: وەڵامیان پێ نادرێتەوە؟
موختار: وەڵامیان پێ نادرێتەوە، چونکە ئەوەی گوتوومە هەمووی راستییە.
سیروانم بینی، پیاوێکی لە من بەتەمەنتر، لەم جەنگەڵە رۆژانە نۆکاو دەفرۆشێت بۆ ئەوەی منداڵەکانی لە شارەزوور لە باشووری کوردستان بەخێو بکات.
نەیهێشت وێنەی بگرین، بەڵام رازی بوو گفتوگۆکە بخەینەڕوو...
هەوڵی داوە بپەڕێتەوە، بەڵام سەرکەوتوو نەبووە...
هیڤیدار: لەو جەنگەڵە، ئەو نۆکاوە، قیمەتی زۆر زۆرە مەسەلە پارەکە نییە... وا نییە خاڵە...؟
سیروان: بەڵێ، بەڵێ.
هیڤیدار: چایێکیش لەگەڵی دەدەن؟
سیروان: بەڵێ چایێکیش.
هیڤیدار: سەموونێکیش؟
سیروان: سەموونێکیشی لەگەڵە.
هیڤیدار: ئەمە هی سلێمانییە؟
سیروان: شارەزوور، گەرمیان، سلێمانی...
هیڤیدار: بە چی بەناوبانگە؟
سیروان: بە شەڕ بەناوبانگە...
هیڤیدار: منداڵی خۆت لەوێ بەخێو دەکەی؟ لە کوردستان؟
سیروان: بێگومان بۆ بژێوی من لێرەم...
هیڤیدار: بۆ بژێوی... پارەیان بۆ دەنێری؟
سیروان: بەڵێ بێگومان.
هیڤیدار: چەند دووکانی ئەوها وەکو تۆ هی کوردە؟
سیروان: هەموو کوردە.
هیڤیدار: لێرە هەموو کوردن؟
سیروان: بەڵێ، بەڵێ.
هیڤیدار: لێرە کورد دەسەڵاتدارە؟
سیروان: بەڵێ.
هیڤیدار: حاکمی ئەو جەنگەڵەیە؟
سیروان: بەڵێ.
هیڤیدار: بەڵام نەتەوەی دیکەشی تێدا هەن، ئێستا سۆماڵییەکانیشم بینی بەڵام تابعی کوردەکانن؟
سیروان: هەموو بازاڕ و دووکان و ئیشەکە هی کوردن.
هیڤیدار: جەنگەڵەکەشی هی کوردە؟
سیروان: جەنگەڵەکەش هی کوردە، راستە.
هیڤیدار: ئێستا پارە بۆ خۆت و خێزانەکەت لە کوردستان پەیدا دەکەی تا دەگەیە ئەوبەر؟
سیروان: بە ئیزنی خودا.
هەر کە لەوێ بووم ئەم کۆچبەرە بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ ماڵەکەی کرد، هیچ شتێک نەیتوانی قەناعەتی پێ بهێنێت بگەڕێتەوە نێو کەسوکارەکەی...
هیڤیدار: ئەلۆ.
برای کۆچبەر: ئەلۆ، ئەلۆ...
هیڤیدار: ئەتۆ بە باوکت ناڵێی بگەڕێتەوە؟
کۆچبەر: بابم ئەو نییە، ئەوە برامە.
هیڤیدار: بە براکەت ناڵێی بگەڕێتەوە؟
برای کۆچبەر: با، با (با بگەڕێتەوە).
هیڤیدار: با بگەڕێتەوە؟
برای کۆچبەر: ئەرێ.
هیڤیدار: ئەوە دەمێکە لێرەیە، ئەوە چوار مانگە وا نییە؟
کۆچبەر: بەڵێ، ئەوە چوار مانگە لێرەمە بە من دەڵێن بگەڕێوە.
هیڤیدار: ئەوجا دەگەڕێیەوە بە گوێیان دەکەی؟
کۆچبەر: وەڵڵا دەچمە لای براکانم.
هیڤیدار: لە کوێن براکانت؟
کۆچبەر: لە بەریتانیان.
هیڤیدار: ئەو دەڵێ هەر دەڕۆم! خۆت خەڵکی کوێی؟
کۆچبەر: خەڵکی هەولێرم.
هیڤیدار: چوار مانگە لێرەی نەپەڕیونەتەوە؟
کۆچبەر: دوێنێ شەو بە ئەسپ بۆ ئێمە هاتن، هەموومان گەڕاینەوە.
هیڤیدار: بە ئەسپ بۆ ئێوە هاتن؟
کۆچبەر: بەڵێ.
دانکێخ و جەنگەڵەکەی خاڵی کۆتایی کۆچەکەیان نییە، بەڵکو دەبێ بگەمە ئەو خاڵەی کە بەلەمی کۆچکردنی تێدا دادەنێن.
ئەم جەنگەڵە بەجێدەهێڵین، بەرەو کەنارەکانی دەریای بەریتانیا دەچم.
لە رێگەداین بۆ ئەوەی بچینە باشووری رۆژئاوای هەرێمی کالێ؛ دەبێ بچینە ناوچەی "ئێکیان پلاژ".
لێرە دروست ئەو جێگەیەیە، کۆچبەر هەرچی هەیە ئیدی لەدوای خۆی بەجێیدەهێڵێت بۆ ئەوەی لەم دەریایە بپەڕێتەوە.
لەسەر ئەم کەنارە کە گەڕام، جلوبەرگ، پێڵاو، مەمەی منداڵانم بینی... منداڵێک بە ئێرەدا تێپەڕیوە کە ئەو، ئەم رێگەیەی هەڵنەبژاردووە.
ئەمە پێمان دەڵێت بەڵێ، لەو شوێنە کۆچبەر رۆیشتوون. چەندین کاژێرە لەسەر ئەم کەنارەین، تاوەکو بە چاوی خۆمان دیمەنی مەترسیدارترین رێگەی کۆچ ببینین، کە کۆچبەر پێیدا تێدەپەڕن.
لەو کاتەی لێرەین تاوەکو ئێستا هیچ بەلەمێک نەڕۆیشتووە. هێزێکی ئەمنیی زۆر لێرە بڵاوبوونەتەوە. کۆچبەری زۆر لەنێو ئەم جەنگەڵەدا هەن، دەزانن هێزی ئەمنی لەبەر ئەوان لێرەن؟
سەربازەکانی فەرەنساش دەزانن کۆچبەر بەم رێگەیەدا کۆچ دەکەن. هیچ لایەنێک پاشەکشە ناکات و ئێمەش چاوەڕێین دیمەنەکە ببینین.
کاژێر 3:06ی بەرەبەیانە، ئێمە لەسەر کەنارەکانی ئاوی نێوان فەرەنسا و بەریتانیا، پێی دەڵێن دەریای مانش، هیچ دەنگی مرۆڤ نییە لێرە جگە لە دەنگی سرووشت. راستیتان پێ دەڵێم لێرە ترسناکە بەس خۆمان لێرەین. چونکە دڵنیاین کە ئەمشەو نەفەرەکان تێدەپەڕن، بەلەمەکان لێرە تێدەپەڕن، چ کاژێرێک چ خولەکێک نازانین، بەڵام بە ئێمەیان گوتووە کە تێدەپەڕن. دەمانەوێ ئەو دیمەنە تۆمار بکەین کاتێک بەلەمەکان دێنن و چووپەکە پڕدەکەن و نەفەرەکان سوار دەبن و لەم دەریایە دەدەن. ئەم دەنگی دەریایە هیچ بێدەنگ نابێت، هیچ.
هیڤیدار: ئێستا بەرەبەیانە لێرە کاژێر 7:17 خولەکی بەیانییە، ئێرە خاڵێکی هەرە بەهێزی ئاوی نێوان فەرەنسا و بەریتانیایە. ژمارەیەکی زۆری هێزی ئەمنی لەسەر ئەم کەنارە هەن، بەم شەوە هەتا بەرەبەیان بڵاوبوونەوە؛ هێز هاتن، هێز رۆیشتن تاوەکو رێگری بکەن. بەڵام هێشتا ماویەتی، دەڵێن لە کاژێر هەشت و ئەو کاتانە دێن. لەم کاتە تاوەکو کاژێر هەشت چاوەڕێ دەکەن. ئەوەی من دەیبینم رەنگە ئێوە نەیبینن، ئەوە هێزی پۆلیسن لەسەر ئەو خاڵانە کە لەوێ کۆچبەر دێنە خوارێ و پۆلیس لێرە بۆ رێگریکردن لە پەنابەران وەستاون بۆ ئەوەی رێگەیان پێ نەدەن.
ئەو شەوە هیچ بەلەمێک تێنەپەڕی تاوەکو رۆژ هەڵات.
لە کاژێر 10ی بەیانی و بە رۆژی رووناک لە شوێنێکی دوورتر، قاچاخچییەکان رێگەیەکیان دۆزییەوە، کە بەوێدا کۆچبەرەکان رەوانە بکەن، هەر واشیان کرد، لە پلانەکەدا سەرکەوتن، دوو بەلەم لە 3-10 و بە رۆژ گەیشتنە نێو دەریا...
هێزی ئەمنی جووڵەیان تێکەوت، کە چۆن ئەمە روویدا.
هێزی زیاتریان هێنا، کەناری دەریا لە رووی ئەمنییەوە تووندتر کران.
هیڤیدار: ئەوە دوو بەلەم دەبینم لە دووریی ئەو خاڵەی ئێمەی لێ وەستاوین، نەفەری تێدایە، دەیانەوێ تێپەڕن. ئەو کەشتییەی پۆلیسە دەیانەوێ رێگەیان لێ بگرن بۆ ئەوەی تێنەپەڕن. فەرەنسا هەوڵدەدات رێگری بکات، چونکە رێککەوتنی هەیە لەگەڵ بەریتانیا.
ئێوارە حکومەتی بەریتانیا رایگەیاند کە بەڵێ دوو بەلەم گەیشتوون، 164 کۆچبەریان تێدابووە.
شەوی 3 لەسەر چواری 10، چاوەڕێ بووین لەم تووندییەی هێزە ئەمنییەکان و رژدبوونی قاچاخچییەکان کە دەبێ نەفەری خۆیان تێپەڕێنن، چی روودەدات؟
شەو بەسەردا هات، هیچ بەلەمێکی دیکە نەڕۆیشت، بڕیارە بۆ رێگریکردن لە کۆچبەران هەنگاوی ئەمنیی تووندتر لەلایەن دەوڵەتی فەرەنساوە بگیرێتەبەر و هێلیکۆپتەریان بەکارهێنا؛ تاوەکو بەیانی هیچ کەلێنێک نەکرایەوە...
بۆ شەوی دووەمە کاژێر 5:55 خولەکی بەرەبەیانە، بە سەتان خەڵکی کورد بە پلەی یەکەم، سۆماڵی، ئەفغانی، خەڵکی نەتەوەکانی دیکە، ئەفریقی زۆری تێدا هەیە، دەبێ ئەمڕۆ کۆچ بکەن. بێن کەمێکی دیکە وا پێشبینی دەکرێت دوای تووندییەکەی پۆلیسی فەرەنسا ئەوان هەموو سنوورێک بشکێنن، بێن بەلەمەکان لەم دەریایە بدەن و بپەڕنەوە بۆ ئەوبەرە.
هیڤیدار: ئیجرائاتەکان زۆر تووندن، ئەوە ئێستا هێلیکۆپتەریشیان هێنا، ئەوە چووە نێو جەنگەڵ بۆ ئەوەی بەدوای ئەو خەڵکە بگەڕێت کە لەوێنە. کۆچبەرن دەیانەوێ بڕۆن. ئەوە یەکەمجارە ئەوە دەبینم، ئەوە ماوەی دوو رۆژە لێرەم ئەوە دەبینم، چونکە دەنگوباس هەیە دەڕۆن، پۆلیسی فەرەنساش ئیجرائاتی زۆر تووندیان گرتووەتەبەر کە رێگە نەدەن ئەم خەڵکە تێپەڕێت و بۆ ئەوانیش تەحەدایەکی زۆرە، سەرما زۆرە... زانیارییەکانیش زۆر وردن کە دەبێ ئەمڕۆ بڕۆن. ئینجا ئەمڕۆ فڕۆکەشیان هێناوە، ئاها ئەوە بەدوای نەفەردا دەگەڕێت بەو لایتە لەسەر لێواری جەنگەڵەکە دەگەڕێت تاوەکو بزانن لە کوێ خۆیان حەشارداوە، هاتوونەتە سەر لێواری جەنگەڵەکە بۆ ئەوەی بڕۆن یان نا؟
کاژێر 9:30ی بەیانی کۆچبەرەکان وەک تەحەدایەک دەرکەوتن.
هیڤیدار: ئەوە گرووپێکی پەناخوازان هاتوونەتە خوارێ، لەنێو جەنگەڵەکە هاتوونەتە خوارێ، پۆلیس رێیانی لێ گرتووە، دەیانەوێ بپەڕنەوە، ئێمەش هەوڵدەدەین بە زووترین کات بگەین پێش ئەوەی بپەڕنەوە. ئەوە دەبینن دیمەنەکان، هەڵدێن، هەڵدێن، هەموو هەڵاتن.
ویستیان بپەڕنەوە.
هیڤیدار: هەڵدێن، دەیانەوێ سەربکەون.
بەڵام رووبەڕووبوونەوەیەکی تووند لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان روویدا...
هیڤیدار: ئەوە دەبینم منداڵی تێدایە.
کۆچبەر رایانکرد بۆ نێو جەنگەڵەکە، رێگەی دەربازبوون لەدەست هێزی ئەمنی سەخت بوو.
هیڤیدار: دەڵێن ئەوە هاتنە سەر ئێوە... ئەوە بۆیان رۆیشتن. ئێستا دابەشبوون تیمێک چووە ئەوبەرە و تیمێک لەمبەرە. ئەوە رۆیشتن، دیارە پۆلیس چوونەتە سەریان دەیانەوێ رزگار ببن. دیارە خێزانیشیان لەگەڵە، منداڵ، ئافرەت.
کەوتنێک، تەسلیمبوونی تێدا نەبوو...
هیڤیدار: ئەوە بۆ نەیهێشت ئێوە بڕۆن؟
بەلەمەکەیان لەنێوبرا، گەڕانەوە بۆ نێو جەنگەڵ.
هیڤیدار: ئێستا کە گەیشتمە ئێرە، ئاها دەبینن تۆز و شتە، دیارە هەڵاتن هەیە، دەنگی تەقەم بیست، تەقەیان کرد، پۆلیسەکان چوونەتە نێو جەنگەڵ.
هیڤیدار: خەڵکی زۆر لەوێ هەیە؟
کۆچبەر: بەڵێ.
هیڤیدار: چەندە؟ 500، 600؟
کۆچبەر: زیاتر لەوە.
هیڤیدار: زیاتر لەوە؟
کۆچبەر: بەڵێ.
هیڤیدار: ئێ باشە ئەوان نازانن ئێوە لەو جەنگەڵە ئەوها دەژین؟
کۆچبەر: کێ، حکومەتی کوردستان؟
هیڤیدار: حکومەتی ئێرە...
کۆچبەر: ئەوەی ئێرە دەزانن.
هیڤیدار: دەزانن... سبەینێ دوا رۆژە تاوەکو پێنجی مانگ (5-10-2026) شەپۆلی دەریا خاودەبێت؟
کۆچبەر: وەڵڵاهی ئینشائەڵڵا ببێ بە زریان هەر دەڕۆین.
هیڤیدار: ببێ بە زریان هەر دەڕۆن؟
کۆچبەر: هەر دەڕۆین.
هیڤیدار: خەڵکەکە گەڕایەوە. خەڵکەکە گەڕایەوە... بۆ کوێ گەڕانەوە؟ بۆ نێو جەنگەڵ؟ تۆ نازانی.
هیڤیدار: من رۆژنامەنووسم بەرنامەیەک لەسەر کۆچکردن تۆمار دەکەم... خەڵک گەڕانەوە نێو جەنگەڵ.
پۆلیس: بەڵێ.
هیڤیدار: من بۆنی بارووت دەکەم، تۆ تەقەت کرد؟
پۆلیس: نا، نا...
هیڤیدار: ئەمە رۆژی سێیەمە لێرەین بۆ ئەوەی یەک بەلەم ببینم بپەڕێتەوە، ئەم هەموو کەنارە، هەمووی داخراوە، هەموو دەرگە سەرەکییەکان داخراون، ئەمانە کە پێشتر بەکارهاتوون. بۆ نموونە ئێرە ئێستا ئەو جلانە دەبینین... ئەمە رێگەیەکی سەرەکییە پێشتر کۆچبەر لێرەوە هاتوون و بەلەمی داناوە و رۆیشتووە. ئەمە هەموو نیشانەی ئەوەیە کە ئەمە رێگەیەکی سەرەکییە و ئێستا ئەوانیش هەر بە ئێرەدا هاتبوون. ئەمە جلوبەرگیانە سەیر بکەن، ئەمە هەموو جلوبەرگیانە، پێڵاون. ئەمە هی بەلەمەکەیە کە پێی پڕدەکەنەوە و ئەمە دەستکێشەکانیانە و ئەمە جلەکانیانە چونکە تاوەکو جلی کەمتریان لەبەر بێت بەلەمەکە سووکتر دەبێت بۆ رۆیشتن لەنێو دەریا، چیرۆکی کۆچبەری هێشتا زۆر زۆری ماوە.
کاژێرەکانی بەردەم ئێمە و کۆچبەران و هێزی ئەمنی یەکلاکەرەوەن.
مەترسییەکانی رووبەڕووبوونەوەش زیاتر دەبێت...
لەو چەند رۆژەی لەوێ بووم، زانیم هێزی ئەمنی چەند رێگری بکات لە کۆچ، هەوڵ و ئومێدی کۆچبەران هەر دەمێنێت، چونکە بڕیارێکیان داوە، گەڕانەوەی تێدا نییە.
ئێوارە هات.
دنیا وا بەرەو تاریکی دەڕوات، کاژێر نزیکی هەشتی شەوە.
لەپڕ ژمارەیەکی زۆری کۆچبەر لەنێو ئەم جەنگەڵە بەرەو دەریا دێن، هێلەگی دژی نقوومبوونیان پۆشیوە.
هەوڵمان دا بگەینە لایان.
هیڤیدار: با بگەینە ئەوان... وەرە لەگەڵ من. وا کۆبوونەتەوە لەسەر لێواری ئاو.
هەر کە گەیشتم، بەلەمی ئەوانم نەبینی، وام زانی هەوڵەکەیان پێش ئەوەی دەستپێبکەن، شکستی هێنا.
هیڤیدار: ئەوەی دەبینن، ئەو نەفەرەن و ئەوە دوو نەفەری دیکە دێن لەگەڵ ئەوان... وا لێرە کۆبوونەتەوە، ئەوە پێڵاو و شتیان فڕێدا، هەرچی هەیە لەگەڵیان فڕێدەدەن، ئەوە دیمەنێکی زۆر سەرنجڕاکێشە... گەڕانەوە.
دواتر زانیم ئێمە لە شوێنێکی هەڵە راوەستاین.
هیڤیدار: بۆچی گەڕانەوە؟
کۆچبەرەکان رێڕەوی خۆیان گۆڕی، بەرەو هێزی ئەمنی رۆیشتن... نازانین ئەمە چییە روودەدات!
هیڤیدار: بۆچی گەڕانەوە؟
گرژی روویدا، هێزی ئەمنی بەوەوە سەرقاڵ بوون...
هیڤیدار: ئەوەی روودەدات رەنگە ئێوە نەیبینن شەوە، کۆچبەرەکان رۆیشتن بۆ ئەوەی سەر بە هێزی ئەمنیدا بگرن و شەڕ بکەن، ئەوەی من دەیبینم گوللەی گازی فرمێسکڕێژیان تەقاندووە، ئەو ئۆتۆمبێلە هی هێزی ئەمنییە رایکردووە و ژمارەی کۆچبەرانیش یەکجار زۆرن، ئەوانیش گازی فرمێسکڕێژیان تەقاندووە بۆ ئەوەی کۆچبەر بڵاوببنەوە. دەنگیان دەبیستم هاوار دەکەن، دوورکەوتنەوە، هەر دەنگیان دەبیستم هاوار دەکەن، لە ئافرەت و پیاو پێکدەهاتن، دەنگی کوردیش لەنێو ئەواندا دەهات قسەم کرد لەگەڵیان بەڵام قسەیان نەدەکرد، ئێستاش هاواری ئافرەت و پیاو دێت. ئەمڕۆ ئەوەی لێرەش دەیبینن وەکو دوێنێ و بەیانی نییە، هێزی ئەمنی کەم لێرە هەن، وەکو جاران نەبوو، بەیانی یەکجار زۆر بوون، ئەو هێزانەی رێگری دەکەن لە کۆچکردنی کۆچبەران. ئۆتۆمبێلی هێزی ئەمنی هێشتا زۆر دووریان خستەوە. رەنگە ئەمە پلانیش بێت، هێزی ئەمنی سەرقاڵ بکەن تاوەکو نەفەری دیکەی کۆچبەر بڕۆن!
ژمارەیەکی یەکجار زۆری کۆچبەر لەنێو دارستانەکان بە هەڵگرتنی بەلەمەوە هاتنە دەرەوە، بە خێراییەکی زۆر بەرەو رووی دەریا رۆیشتن...
کۆچبەرەکانی دیکە رێگەیان لە هێزی ئەمنی گرت، تا ئەوانی دیکە بگەن بە نێو دەریا...
هیڤیدار: ئەوەی دەیبینم منداڵی خۆیان بەجێهێشت، هاواری منداڵ دەبیستم.
ئەو کات زانیم ئەمە لەلایەن قاچاخچییەکان پلانی بۆ داڕێژراوە.
بەلەمەکە گەیشتە نێو ئاو.
هیڤیدار: وا رۆیشتن، رۆیشتن...
کۆچبەر بە خێرایی و بە مەلە دەیانەوێ بە زووترین کات سواری بەلەمەکە ببن.
هیڤیدار: 100 کەس زیاترن، 100 کەس، ئەوە بەجێمان بەجێ؟
هەوڵدەدرێت بە زووترین کاتدا ماتۆڕی بەلەمەکە بە ئیش بخرێت.
هێزی ئەمنی چی دیکە ناتوانن بگەن بەوان...
هیڤیدار: وا دەنگی کورد دەبیستم، دەنگی کورد، ئەوانەتان بەجێهێشت...
کۆچبەرەکانیش دەزانن بەم شەوە دەریا ئەمین نییە، بەڵام هەر هەوڵدەدەن بگەنە نێو بەلەمەکە.
هیڤیدار: هەوڵدەدەن ئەوەتا دەستی یەکدییان گرتووە... ئەوانە مان هەموو نەڕۆیشتن، ئەوە قەمسەڵەیان فڕێداوە، ئەوە جلوبەرگیان...
ماتۆڕ بە ئیش خرا، بەلەمەکە جووڵەی کرد.
17 کەس لەوانەی کۆچبەرن، بڕیاربوو بەو بەلەمە بڕۆن، لەنێو ئاو بەجێمان...
84 کەسیش بە بەلەمەکە رۆیشتن...
ئەوەی لەسەر زەوی دەمێنێت، ئەو پارێزراوە، بەڵام لە چاوی کۆچبەر نا... ئەو کەسەی لەم کاتەدا بەجێدەمێنێت، شکستە.
سەیری بەلەمەکەم کرد و ترسەکەم بینی، بەڵام ئەوان وەک هەلێک بۆ دەستپێکردنی ژیانێکی بەختەوەرتر سەیری بەلەمەکەیان دەکرد.
هیڤیدار: رۆژی قیامەتە، رۆژی حەشرە، ئەوە هێشتا بەس دەستپێکردنەکەیەتی، ئەوانە هەموو مان، ئەوە بە مەلە هەوڵدەدات بگاتە ئەوان.
هیڤیدار: ئێستا دەمەوێ بزانم بۆ ئەوانە بەجێمان؟ وا هەر دەنگیان دێت.
هیڤیدار: بۆچی ئێوە نەڕۆیشتن؟
کۆچبەر: نازانین.
هیڤیدار: کوا منداڵم بینی، کوا؟
هیڤیدار: ئەوە چەند کەس بوون؟ لەنێو بەلەم؟ لەنێو بەلەم؟ 100... 70... 80؟ بۆچی ئێوە لێرە ماون؟ ئێوە هەمووتان بۆ لێرە مان؟
کۆچبەر: دەمانەوێ دەربچین.
هیڤیدار: خەڵکی کوێن؟ من رۆژنامەڤانم... ئێوە خەڵکی سۆماڵن؟ سوودان...
هیڤیدار: وادیارە ئەوانە زۆربەیان لە کیشوەری ئەفریقا هاتوون... سۆماڵ، سوودان، ئەریتریا؟
هیڤیدار: ئەوانە قسە ناکەن، ئەوەی من دەیبینم ئەوە دوو نەفەر کوردن لەنێو ئاودا ماون، ئەوە (یەک، دوو، 3، 4، 5، 6، 7، 8، 9، 10، 11، 12، 13، ئەم ژن و مێردەش ماون 14، 15، ئەو دوو نەفەرەش 16، 17) 17 کەس ماون، بەلەمەکە رۆیشت ئێستا من نایبینم، ئێستا بە ئەستەم دیارە بەلەمەکە رۆیشت.
هیڤیدار: ئەتۆ شانست نەبوو... هەوڵدەدەی بۆ جارێکی دیکە؟
کۆچبەر: شانسمان نەبوو، نا.
هیڤیدار: ئەوە کۆتا شانس بوو؟
کۆچبەر: ئەرێ.
هیڤیدار: دەگەڕێیەوە بۆ وڵاتی خۆت؟
کۆچبەر: بە نەفرەت بێت شۆفێری بەلەمەکە... بە نەفرەت بێت!
هیڤیدار: جنێو بە شۆفێرەکە دەدەن کە ئەمانەیان بەجێهێشت، تووڕەن، زۆر تووڕە بوون (1، 2، 3، 4، 5، 6... ئەمە مەترسیدارترین رێگەیە لەسەر رووی زەوی بۆ کۆچکردن بەرەو بەریتانیا).
دوای ئەم بەلەمە هەمان شەو 5 بەلەمی دیکە رۆیشتن، کە 418 کۆچبەریان هەڵگرتبوو.
رۆژی دواتر 5-10 هەر لەو کەنارە 8 بەلەمی دیکە رۆیشتن، کە 609 کۆچبەریان تێدابوو.
لە 6-10 پێنج بەلەمی دیکە بە 338 کۆچبەرەوە گەیشتن. ئەمە ئاماری فەرمیی دەوڵەتی بەریتانیایە.
دوای ئەم هەموو رۆژەی لێرە بووم، گەیشتمە ئەو بڕوایە، کە ئەو پرسیارەی هەمبوو لەسەر کۆچبەران کە چۆن بە بەلەم دەپەڕنەوە، هەڵە بوو.
کێشەکە لە بەلەمدا نییە کە کۆچبەر ژیانی خۆی دەخاتە بەردەم مردنێکی حەتمی، بەڵکو ئەوە چ ژیانێکە بۆ ئەوان هێندە سەختە ئەم رێگە و مەترسییە هەڵدەبژێرن. کاتێکیش دەگەنە سەر ئاوەکە، بڕیاری کۆتاییان ئەوەیە کە دەبێ هەر کۆچ بکەن.
ئەم کۆچە کۆتایی نایەت... هێشتا ماویەتی.


