رووداو دیجیتاڵ دەنگدەرانی پارێزگای ئەلبێرتا لە کەنەدا بە رێژەیەکی بەرچاو پرۆژەی جیابوونەوەی هەرێمەکەیان لە وڵات رەتکردەوە؛ ئەمەش گورزێکی گەورەیە بۆ بزووتنەوەی سەربەخۆخوازەکان کە لەلایەن هاوپەیمانەکانی دۆناڵد ترەمپەوە پشتیوانی دەکران. بەپێی ئەنجامە بەراییەکان کە میدیا فەرمییەکانی کەنەدا بڵاویانکردووەتەوە، دوای جیاکردنەوەی زیاتر لە سێیەکی دەنگەکان، نزیکەی 76٪ـی بەشداربووان دەنگیان بە مانەوە و یەکڕیزیی نیشتمانی کەنەدا داوە. مارک کارنی، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا پێشتر هۆشداریی دابوو کە ئەم دەنگدانە "لە خراپترین کاتدا" دەکرێت، بەتایبەت لە کاتێکدا کە کەنەدا پێویستی بە سەقامگیریی نێوخۆیی هەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی جەنگی بازرگانی و هەڕەشەکانی لکاندن لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە. لە بەرامبەردا، جێفری راس، سەرکردەی "پڕۆژەی خۆشگوزەرانیی ئەلبێرتا" کە رابەرایەتیی کەمپینی سەربەخۆیی دەکرد، لە شاری ئێدمۆنتۆن بە رۆژنامەڤانانی گوت، "سەرەڕای ئەم ئەنجامە، بەڵام هەوڵەکانمان بۆ دروستکردنی ئەلبێرتایەکی سەربەخۆ بە دڵنیاییەوە بەردەوام دەبن؛ ئێمە وانەی زۆر لەم ململانێیە فێربووین." دانیێل سمیس، سەرۆکوەزیرانی ئەلبێرتا کە سەر بە پارتی پارێزگارانە، رایگەیاند خۆی دەنگی بە مانەوە داوە، بەڵام ئەم گشتپرسییەی رێکخستووە تاوەکو بۆ هەمیشە کۆتایی بەو پرسە بهێنێت کە پارێزگاکەی دابەش کردبوو. گوتیشی سەرکەوتنی لایەنگرانی مانەوە، دەرگای پرسی جیابوونەوە بە تەواوی دادەخات. ئەلبێرتا خاوەنی چوارەم گەورەترین یەدەگی نەوتی سەلمێندراوە لە جیهاندا. پاڵنەری سەرەکیی بزووتنەوەی سەربەخۆخوازی لەم هەرێمەدا دەگەڕێتەوە بۆ تووڕەیی دانیشتووانەکەی لە چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی سامانی نەوت لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە. سەرۆکوەزیرانی هەرێمەکە، جەستن ترودۆی سەرۆکوەزیرانی پێشووی تۆمەتبار دەکرد بەوەی لە پێناو ئەجێندای ژینگەپارێزیدا هەوڵی لەناوبردنی پیشەسازیی نەوتی ئەلبێرتای داوە. ئەم بزووتنەوە سەربەخۆخوازە سەرنج و پشتیوانیی راستەوخۆی ئیدارەی ئەمریکای بەدوای خۆیدا هێنابوو. سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، ئەلبێرتای بە "هاوبەشی سرووشتی"ـی ئەمریکا ناوبردبوو، هەروەها ئیلۆن مەسک، ملیاردێری ئەمریکی و نزیک لە ترەمپ، لەم مانگەدا پۆستی کردبوو کە "دەبێت ئەلبێرتا جیا ببێتەوە." تەنانەت سەرکردە سەربەخۆخوازەکان لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کۆبووبوونەوە و راوێژیان لە ستراتیژیستەکانی پارتی کۆماری وەرگرتبوو. بەڵام لە دوای دەستبەکاربوونی مارک کارنی وەک سەرۆکوەزیرانی کەنەدا لە ساڵی رابردووەوە، پەیوەندییەکانی ئۆتاوا و ئەلبێرتا باشتر بوون، بەتایبەت دوای ئەوەی کارنی رەزامەندیی دا لەسەر دروستکردنی بۆرییەکی نوێی نەوت بۆ هەناردەکردنی نەوتی پارێزگاکە، کە لە سەردەمی ترودۆدا بە تەواوی رەتکرابووەوە.