رووداو دیجیتاڵ
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێ، گەیشتن بە هەر جۆرە رێککەوتنێک لەگەڵ دەسەڵاتدارانی تاران کارێکی "زۆر ئەستەمە"؛ ئاماژە بەوەش دەکات، تاران لە تەنگەى هورمز "تاکتیکی ژێردەریاییەکانی سەردەمی نازی" پەیڕەو دەکات بۆ نوقمکردنی کەشتییە بازرگانییەکان.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای هیندستان رایگەیاند: "زۆر قورسە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئێران بگەیتە رێککەوتن. بەداخەوە، ئەوان لە بنەڕەتدا نازانن چۆن رێککەوتن بکەن، چونکە لەلایەن کەسایەتییە ئایینییە تووندڕەوەکانەوە ئاراستە دەکرێن کە بە تەواوی لەژێر کاریگەریی ئایدیۆلۆژیادان".
روبیۆ باسی لە دۆخی جووڵەی کەشتیوانی لە تەنگەى هورمز کرد و گوتی، رەوتی گواستنەوەی نەوت لە نێوان 80% بۆ 100%ی ئاستی پێش گرژییەکان بەردەوامە، بەڵام هۆشداریی لە هەڵسوکەوتەکانی تاران دا و گوتی: "ئێران بە ئاشکرا دەڵێت کەشتییە بازرگانییەکان دەکەینە ئامانج، هەوڵی کوشتنی ئەو دەریاوانانە دەدەین کە هیچ پەیوەندییەکیان بە جەنگەوە نییە و دەمانەوێ کەشتییەکان نقووم بکەین. ئەمە بە تەواوی وەک تاکتیکی ژێردەریاییەکانی نازی وایە لە سەردەمی جەنگی دووەمی جیهانیدا".
روبیۆ ئاماژەی بەوەش کرد، هێزەکانی ئەمریکا شەوانە بەشێکی زۆری ئەو مووشەک و درۆنانە تێکدەشکێنن کە ئاراستەی هێڵەکانی کەشتیوانی دەکرێن، بەڵام هەندێکجار بەر کەشتییەکان دەکەون و زیانی گیانییان لێدەکەوێتەوە، لەوانەش کوژرانی ژمارەیەک لە دەریاوانانی هیندستانی.
روبیۆ دووپاتیکردەوە، واشنتن لەسەر سەپاندنی گوشاری ئابووریی تووند بەردەوام دەبێت، چونکە بە گوتەی ئەو، دەسەڵاتدارانی ئێران داهاتە داراییەکەیان بۆ خزمەتی خەڵکەکەیان بەکارناهێنن، بەڵکو بۆ پشتیوانیکردنی "تیرۆر" و پەرەپێدانی مووشەک و درۆن تەرخانی دەکەن.



