رووداو دیجیتاڵ
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا و بەرپرسانی ئەمریکا گفتوگۆکانی ئۆسلۆی پایتەختی نەرویجیان بە "زۆر بەرهەمدار" باس کرد، ئەوەش لە چوارچێوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کۆتاییهێنان بەو گرژی و ئاڵۆزییە تووندەی لەسەر پرسی جەنگی رووسیا لەنێوان زیلینسکی و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکادا دروستبووە.
دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ نێردەکانی ترەمپ، سەرۆکی ئۆکراینا سوپاسی واشنتنی کرد بۆ دەستپێکردنەوەی پێدانی زانیارییە هەواڵگرییەکان بە کیێڤ سەبارەت بە هێرشە چاوەڕوانکراوەکانی رووسیا بۆ سەر ئامانجە سڤیلەکان و وێستگەکانی وزە.
رۆژی سێشەممە 20-10-2026 زیلینسکی لە ئۆسلۆ بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند: "سوپاسگوزارین کە زانیارییە هەواڵگرییەکان دەستیان پێکردووەتەوە؛ ئەمە لە بواری ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەدا زۆر گرنگە بۆ خەڵکەکەمان و هاووڵاتییانی سڤیل، چونکە دەتوانین زووتر ئاگاداری مووشەکە بالیستییەکان بین."
بڕیارە ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ راستەوخۆ لە ئۆسلۆوە بچێتە مۆسکۆ بە مەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا، بۆ دۆزینەوەی رێگەیەک بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە جەنگی چوار ساڵەی رووسیا دژی ئۆکراینا.
بەرپرسێکی ئەمریکیش رایگەیاندووە، زیلینسکی لەگەڵ ویتکۆف و جارید کوشنەر، راوێژکاری ترەمپ (کە بەهۆی نەخۆشیی ئەنفلۆنزاوە لە رێگەی ئۆنلاینەوە بەشدار بوو)، گفتوگۆیەکی "زۆر بەرهەمدار و بنیاتنەر"یان کردووە و ئۆکراینا پێشنیاز و بیرۆکەی نوێی خستووەتەڕوو.
سەرەڕای ئەرێنیبوونی کەشوهەوای کۆبوونەوەکەی ئۆسلۆ، دۆناڵد ترەمپ لە کۆشکی سپییەوە گوتی، دەبێت زیلینسکی لەگەڵ رووسیادا "رێککەوێت،" لە کاتێکدا مۆسکۆ لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی زستان هێرشەکانی بۆ سەر ئۆکراینا چڕتر کردووەتەوە. ترەمپ هەروەها رەخنەی لە سەرۆکی ئۆکراینا گرت کە ئامادە نەبووە ئەو مەرجانە قبووڵ بکات کە لە شوباتی 2025 لە کۆشکی سپی پێشنیازی کردبوون.
پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و کیێڤ لە چەند رۆژی رابردوودا گەیشتبوونە قۆناخێکی سەخت، دوای ئەوەی ترەمپ بەشێک لە سزاکانی سەر رووسیای هەڵگرت و لە هەوڵێکدا بۆ دابەزاندنی نرخی سووتەمەنی رێککەوتنێکی لەگەڵ پووتین بۆ دابینکردنی گازوایل راگەیاند، هەروەها بەتووڕەییەوە داوای دەستلەکارکێشانەوە و گۆڕینی زیلینسکی کرد بەهۆی بەردەوامبوونی هێرشەکانی ئۆکراینا بۆ سەر پاڵاوگەکانی رووسیا.
ئۆکرایناش لە بەرامبەردا واشنتنی بەوە تۆمەتبار کردبوو، بە ئەنقەست زانیارییە هەواڵگرییەکان رادەگرێت، ناردنی مووشەکەکانی پاتریۆت دوادەخات و خێرایی سیستمی مانگی دەستکردی سەربازیی (ستارشیڵد) کەمدەکاتەوە.
سەبارەت بە ئەگەری کۆبوونەوەی ترەمپ لەگەڵ پووتین و شی جینپینگ، سەرۆکی چین لە مانگی داهاتوودا کە رەنگە باسی پرسی ئۆکرایناشی تێدا بکرێت، زیلینسکی هۆشداری دا لە پەراوێزخستنی وڵاتەکەی و گوتی: "ئەگەر هەر بابەتێک پەیوەندی بە ئۆکراینا و داهاتوومانەوە هەبێت، تەنیا کاتێک قبووڵکراو دەبێت کە ئێمە خۆمان لەسەر مێزی دانوستاندنەکان ئامادە بین؛ ئەمە تەواو روونە."



