رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزخانەی ئۆکراینا لە عێراق ئەو راپۆرتانە رەت دەکاتەوە کە باس لە هەبوونی هێزی تایبەت بە درۆن و هەزاران درۆنی ئۆکراینی لە هەرێمی کوردستان دەکەن، جەختیش لەوە دەکاتەوە کە ئەو بانگەشانە هیچ بنەمایەکیان نییە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە رۆژی 20ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێرانی لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنییەوە بڵاویکردەوە کە ئۆکراینا سەرباز و شارەزای درۆن و هەزاران درۆنی بچووکی لە هەرێمی کوردستانی عێراق جێگیر کردووە.
باڵیۆزخانەی ئۆکراینا لە عێراق لە راگەیێندراوێکی فەرمیدا کە رۆژی 21ـی تشرینی یەکەمی 2026 بڵاویکردەوە، وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی دایەوە و رایگەیاند: "ئەم تۆمەتانە بە تەواوی بێبنەمان و دەچنە خانەی بڵاوکردنەوەی زانیاریی چەواشەکارانەی ئامانجدارەوە. ئۆکراینا هیچ درۆنێک، یەکەی درۆن یان کارمەندی پەیوەندیداری لە هەرێمی کوردستان یان لە هیچ شوێنێکی دیکەی عێراق جێگیر نەکردووە."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا، باڵیۆزخانەکە دووپاتیکردەوە که "ئۆکراینا بە تەواوی رێز لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی کۆماری عێراق دەگرێت و بەهایەکی یەکجار زۆر دەداتە دۆستایەتیی خۆی لەگەڵ حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان."
باڵیۆزخانەی ئۆکراینا داوا لە دەزگاکانی راگەیاندن دەکات کە "وردبینیی پێویست بکەن و خۆیان لە گەورەکردن و بڵاوکردنەوەی ئەو بانگەشانە بەدوور بگرن کە هێشتا پشتڕاست نەکراونەتەوە."
تەسنیم چی گوتبوو؟
بەپێی راپۆرتەکەی ئاژانسی تەسنیم،
سەرچاوەیەکی ئەمنی باسی لەوە کردبوو کە ئۆکراینا خەریکی دروستکردنی "تۆڕێکی
ئۆپەراسیۆنیی درۆنی بچووک"ـە لە ناوچەکەدا. سەرچاوەکە بە ئاژانسەکەی گوتووە:
"هێزە ئۆکراینییەکان هەزاران درۆنی بچووکیان لە هەرێمی کوردستانی عێراق جێگیر
کردووە" و گوتیشی لە کاتی گونجاودا ناوی ئەو وڵاتانەش ئاشکرا دەکەن کە
میوانداریی ئەو هێزانەیان کردووە.
تەسنیم دەڵێت، تاران ئەم کارەی ئۆکراینا
وەک هەنگاوێکی دوژمنکارانەی وڵاتانی ئەورووپا و ناتۆ دژی ئێران دەبینێت و بیریش لە
"وەڵامدانەوەی گونجاو" دەکاتەوە. سەرچاوەکە ئەم کارە بانگەشەبۆکراوەی بە
"ئابڕووچوون و هەوڵێکی بێئاکام" بۆ ئۆکراینا ناوبردووە، جەختیشی
کردووەتەوە کە ئێران "بە تەواوی ئاگاداری جموجووڵەکانی کیێڤە و رێگە نادات
ئەورووپا و ئۆکراینا پلانەکانیان دژی ئێران جێبەجێ بکەن."
ئاژانسە ئێرانییەکان دەڵێن، ئۆکراینا لە
کاتی جەنگە 40 رۆژەییەکەی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، هاوکاریی ئەو وڵاتانەی
کردووە کە بنکەی ئەمریکییان تێدایە لە کەنداو، بەتایبەتی لە بواری درۆندا.
لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەیدا، تەسنیم باس
لەوە دەکات کە هێزەکانی ئۆکراینا وەک قۆڵی ناتۆ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کار دەکەن
بۆ مەشقپێکردنی چەکداران. ئاژانسەکە دەڵێت: "لە هاوینی 2025، پۆلیسی سلێمانی
سێ هاووڵاتیی ئۆکراینیی دەستگیرکرد کە مەشقیان بە گرووپێکی ناوخۆیی دەکرد بۆ
بەکارهێنانی درۆنی بچووک بە مەبەستی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی تیرۆرکردن لە باکووری
عێراق."
تەسنیم ئۆکراینییەکان تۆمەتبار دەکات بەوەی
کە وەک بەکرێگیراو لە بەرامبەر پارەدا بۆ ئەمریکا، بەریتانیا و ئیسرائیل کار
دەکەن، هەروەها نموونەی ئەوە دەهێنێتەوە کە هێزەکانی ئۆکراینا دەستیان هەبووە لە
هێرشە درۆنییەکەی ساڵی 2023 بۆ سەر کۆلێژی سەربازیی حومس لە سووریا کە تێیدا زیاتر
لە 100 کەس کوژران، کە بەشێکیان خەڵکی سڤیل و کەسوکاری ئەفسەرەکان بوون.


