وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا بە رووداوی راگەیاند، ئایدۆلۆژیای داعش یەکێکە لە گەورەترین مەترسییەکان بۆ سەر ئاسایشی ناوخۆی ئەو وڵاتە. وەزارەتەکە دووپاتی دەکاتەوە کە هەرچەندە داعش ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی خۆی لەدەست دابێت، بەڵام خۆڕاگرییە پێکهاتەیی و ئایدۆلۆژییەکەی بەردەوامە، بەتایبەتیش پەیوەندییان لەگەڵ گەنجان لە رێگەی سۆشیاڵ میدیاوە.
وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا جەختیشی لەوە کردەوە، وەڵامدانەوەی رێکخراوی داعش لەسەر سنوورەکانی ئەڵمانیا رێکارێکی کەمە، ئەوان لە چوارچێوەی هاوئاهەنگییەکی نێودەوڵەتیدا و لە وڵاتانی بنەڕەتیدا لە هەنگاوی جیاوازدا بۆ کەمکردنەوەی ئەو مەترسییە کار دەکەن.
گوتەبێژێکی وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا سەبارەت بە مەترسیی داعش بۆ سەر ئەو وڵاتە و شەڕی دژی ئەو رێکخراوە، رۆژی دووشەممە 20ی تشرینی یەکەمی 2026 وەڵامی کەهی مەحموود، ئێدیتۆری تۆڕی میدیایی رووداوی دایەوە.
سەبارەت بە ئاستی مەترسیی داعش، ئەو گوتەبێژە گوتی: "تیرۆر و ئایدۆلۆژیای بەناو دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) هێشتا یەکێکە لە گەورەترین مەترسییەکان بۆ سەر ئاسایشی ناوخۆی ئەڵمانیا و هاوبەشە ئەورووپییەکانمان."
وەڵامدانەوەی داعش لەسەر سنوورەکانمان بەس نییە
گوتەبێژەکەی وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا، سەبارەت بە گرنگیی بەردەوامیدان بە شەڕی دژی داعش جەختی لەوە کردەوە کە ئاسایشی ناوخۆی ئەڵمانیا و ئەورووپا بە ئارامیی ناوچە رەسەنەکانی داعشەوە گرێدراوە و گوتیشی: "تەنیا پاراستنێکی کاردانەوەیی بەرامبەر مەترسییەکان لەسەر سنوورە ناوخۆییەکانمان کەمە و بەس نییە."
بە گوتەی ئەو گوتەبێژە، ئاسایشێکی درێژخایەن لە چوارچێوەی بەشداریکردن لە سیاسەتی ئەمنی، رێگریکردن لە قەیرانەکان، سەقامگیریی مەدەنی و هاوئاهەنگیی گەشەپێدانی بەردەوامدایە، بۆیە حکومەتی فیدراڵی پشتگیری لە تۆڕێکی نێودەوڵەتی بۆ بەڕێوەبردنی قەیرانەکان دەکات.
ئەو گوتەبێژە هەروەها پشتڕاستی کردەوە، شەڕی دژی داعش و هەنگاوەکانی دژی هۆکارەکانی کۆچی نایاسایی پێکەوە گرێدراون و گوتیشی "لەبەر ئەمە، سەقامگیریی وڵاتانی بنەڕەت نەک تەنیا خەڵکی ئەوێ لە تووندوتیژی و کۆچپێکردنی زۆرەملێ دەپارێزێت، بەڵکو لە هەمان کاتدا کار لە دژی هۆکارەکانی جووڵەکانی کۆچی نایاسایی بۆ ئەورووپا دەکات و بەم شێوەیەش ئاسایشی کۆماری فیدراڵیی ئەڵمانیا بە شێوەیەکی بەردەوام بەهێز دەکات."
ئاماری چەکدار و ئەندامانی داعشی دادگەیی کراو
ژمارەی ئەو ئەندامانەی داعش کە دادگەیی کراون لە نێوان ساڵانی 2025 و 2026دا زیاتر لە دوو هێندە بەرز بووەتەوە. ژمارەیان لە سەرانسەری 8 دادگەی باڵای هەرێمیی ئەڵمانیادا لە ساڵی 2025دا لە 7 کەس بووە، لە ساڵی 2026دا بووەتە 16 کەس.
ئەو ئامارانەی کە رووداو کۆی کردوونەتەوە بەم شێوەیەن:
دادگەی باڵای دوسڵدۆرف (نۆردڕاین-ڤێستفالن)
2025 – 2026، حەوت گومانلێکراوی داعش دادگەیی کراون.
بە گوتەی دادگەکە، 2 لەو کەسانە عێراقی بوون و ئەوانی دیکەش وڵاتینامەی تورکیا، سووریا و ئەڵمانیایان هەبووە.
3 دۆسیەی دیکەی پەیوەندیدار بە داعشەوە هێشتا بەردەوامن.
دادگەی باڵای بایرن (بایرن)
2025 ، یەک تۆمەتباری ئەندامی داعش کە هەڵگری وڵاتینامەی ئەڵمانیایە دادگەیی کرا.
دۆسیەی کراوە: 1 دۆسیە.
دادگەی باڵای شتوتگارت (بادن-ڤوورتمبێرگ)
لە ساڵی 2025دا دوو ئەندامی داعش و لە ساڵی 2026دا یەک ئەندامی داعش دادگەیی کراون.
لە نێو ئەو چەکدارانەی داعش کە دادگەیی کراون، کەسانی سووریایی، عێراقی، تورکی و ئەڵمانی هەبوون.
دۆسیەی کراوە: 1 کەس.
دادگەی باڵای فرانکفۆرت (هێسن)
دادگەییکردن: لە ساڵی 2025دا 2 ئەندامی داعش و لە ساڵی 2026دا 2 ئەندامی داعش.
بەپێی دادگەکە، کەسانی ئەڵمانی کە رەچەڵەک و بنەچەی بیانیان هەیە تێیدا بوون.
دۆسیەی کراوە: 8 دۆسیەی پەیوەندیدار بە داعشەوە بە کراوەیی ماونەتەوە.
دادگەی باڵای سێلە (نیدەرزاکسن)
2025 – 2026، چوار گومانلێکراوی داعش دادگەیی کراون. بە گوتەی دادوەر، لە نێو ئەو کەسانەی کە دادگەیی کراون 1 ئەڵمانی، 1 ئەڵمانی-عێراقی، 1 ئەڵمانی-تونسی و 1 یش ئەڵمانی-لوبنانی بووە.
دادگەی باڵای کۆبلێنز (راینلاند-پفالتس)
2025 – 2026: دادگەییکردنی 1 گومانلێکراوی داعش.
دادگەی باڵای هەرێمی تورینگن (تورینگن)
لە ساڵی 2025دا 2 ئەندامی داعش و لە ساڵی 2026دا 1 ئەندامی داعش دادگەیی کراون.
سەبارەت بە ناسنامەکانیان، دادگەکە راگەیاند، 2 هاووڵاتیی ئەفغان و 1 یش سووریایی بوون.


