رووداو دیجیتاڵ
شاندێکی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی راکێشانی هاوکاریی زیاتر بۆ ئاوارە و پەنابەران، سەردانی یەکێتیی ئەورووپای لە برۆکسل کرد و داوای بەردەوامبوونی یارمەتییە مرۆییەکانی بۆ هەرێمی کوردستان کرد.
د. دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا لە سەردانەکەدا کە سروە رەسووڵ، بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هاوبەشی هاوئاهەنگیی قەیرانەکانی هەرێمی کوردستان تێیدا بەشدار بوو، چوونە ئۆفیسی سەرەکیی یارمەتییە مرۆییەکانی یەکێتیی ئەورووپا و لەگەڵ جێگری بەڕێوەبەری یارمەتییە مرۆییەکان بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەفریقا کۆبوونەوە.
د. دلاوەر بە رووداوی گوت، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر پێویستیی بەردەوامبوونی هاوکارییە مرۆییەکانی یەکێتیی ئەورووپا بۆ پەنابەران و ئاوارەکانی هەرێمی کوردستان کرایەوە.
هەر لە چوارچێوەی سەردانەکەیاندا، شاندەکە سەردانی سەنتەری سەرەکیی هاوئاهەنگیی وەڵامدانەوەی فریاگوزاری و قەیرانەکانی یەکێتیی ئەوروپای کرد، بە مەبەستی ئاشنابوون بە شێوازی کارکردنیان لە نزیکەوە.
لە بەشێکی دیکەی سەردانەکەدا، گرنگیی تایبەت درا بە چۆنیەتیی بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیای سەردەم بۆ بەدەمەوەچوونی مرۆیی لە کاتی روودانی لافاو، بوومەلەرزە، شەپۆلەکانی کۆچبەری و قەیرانە سروشتی و مرۆییە جیاوازەکان.
هاوکات باس لە پەرەپێدانی هاوکاریی دووقۆڵیی نێوان هەرێمی کوردستان و یەکێتیی ئەورووپا کرا، بۆ ئەوەی لەو بوارانەدا سوود لە زانست، تەکنۆلۆژیای نوێ و ئەزموونی یەکێتیی ئەوروپا وەربگیرێت.


