رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند، تەنیا لە شەوی رابردوودا سوپای وڵاتەکەی 808 درۆنی ئۆکراینای خستووەتە خوارەوە، ئەمەش تەنیا چەند کاژێرێک دوای کۆبوونەوەی نێوان ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا هات.
وەزارەتی بەرگریی رووسیا لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد کە ئەو درۆنانە، کە دوای کۆبوونەوەکەی رۆژی چوارشەممەی نێوان پووتین و نێردەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە شاری سان پترسبۆرگ ئاراستەی خاکی رووسیا کرابوون، لەلایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانییەوە لە چەندین ناوچەی جیاوازی رووسیا و نیمچەدوورگەی کریمیا تێکشکێنراون.
هاوکات دەسەڵاتدارانی ئۆکراینا رایگەیاند، لە هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی شەوی رابردووی رووسیا بۆ سەر چەند ناوچەیەکی وڵاتەکەیان، لانیکەم حەوت کەس کوژراون.
هێرشەکانی شەوی چوارشەممە لەسەر پێنجشەممە
سێرگی سۆبیانین، سەرۆکی شارەوانیی مۆسکۆ گوتی، هێزەکانی بەرگریی ئاسمانی توانیویانە بەشێک لەو 630 درۆنە تێکبشکێنن کە بەرەو ناوچەکە ئاراستە کرابوون، لە کاتێکدا 163 درۆن نزیکبوونەتەوە لە پایتەخت. لەم هێرشانەدا دوو کەس بریندار بوون.
لە ئۆکرایناش، هێرشەکان بوونە هۆی کوژرانی پیاوێک لە سومی، ژنێک لە خارکیڤ، سێ کەس لە زاپۆریژیا و دوو کەسیش لە دۆنێتسک.
لە کیێڤی پایتەخت، بەهۆی کەوتنەوەی پاشماوەی هێرشەکانەوە زیان بە تۆڕی میترۆ لەسەر پردی پیڤدێنی گەیشت و 15 کەسیش بریندار بوون.
رۆژی چوارشەممە، یووری ئوشاکۆڤ، راوێژکاری کرێملین بۆ کاروباری دەرەوە رایگەیاند کە پووتین رەزامەندیی نیشانداوە لەسەر دەستپێکردنەوەی دانوستاندنی سێقۆڵی لە نێوان رووسیا، ئەمریکا و ئۆکراینا لە دوای 10ی تشرینی دووەم، واتە یەک هەفتە دوای هەڵبژاردنەکانی نیوەخولی کۆنگرێس لە ئەمریکا، ئەوەش دوای کۆبوونەوەی پووتین بوو لە سان پترسبۆرگ لەگەڵ ویتکۆف.
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا پشتگیریی لە دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان کرد، بەڵام نیگەرانی پیشان دا و کەمێک پێش لێدانی زەنگەکانی ئاگادارکردنەوە لە کیێڤ گوتی: "با بیبەینە دواوە و ببینین ئەمجارە چی روودەدات."



