رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی خۆجێیی فەرەنسا رایانگەیاند، بۆ رۆژی شەممەی داهاتوو سەرجەم خۆپێشاندانەکان لە شاری لیۆن، کە سێیەم گەورەترین شاری وڵاتەکە یە، قەدەخە کراون، ئەمەش وەک هەنگاوێک پێش بەڕێوەچوونی خۆپێشاندانی سەرتاسەری لە وڵاتەکەدا، دوای ئەوەی گردبوونەوەکانی هەفتەی رابردوو توندوتیژییان لێکەوتەوە.
ئیدارەی ناوچەی رۆن لە راگەیێندراوێکدا کە رۆژی پێنجشەممە بڵاوکرایەوە، دەڵێت: "بە لەبەرچاوگرتنی ئەو رووداوانەی کە لە 17ـی تشرینی یەکەمدا روویدان، پارێزگار بڕیاریدا بە دەرکردنی فەرمانێک بۆ قەدەخەکردنی سەرجەم خۆپێشاندانەکان لە شاری لیۆن لە رۆژی شەممەی داهاتوودا، 24ـی تشرینی یەکەم."
لیۆن، وەک پاریس و چەند
شارێکی دیکەی فەرەنسا، لە کاتی گردبوونەوە جەماوەرییەکان بۆ ناڕەزایی دەربڕین
بەرامبەر بە هەڵاوسان و گرانی، رووبەڕووی پێکدادان و تاڵانکاری بووەوە کاتێک
گەنجانی دەمامکدار خۆیان بەنێو خۆپێشاندەراندا کرد و روویان لە شەقامەکانی نێوەندی
شار کرد.
گێگۆری دووسێ، سەرۆکی
شارەوانیی لیۆن گوتی، شارەکەیان لە کاتی ئاڵۆزییەکاندا چەندین کاژێری پڕ لە
"ئاژاوە"ی بەخۆیەوە بینیوە و لە ئەنجامدا نێوان 150 بۆ 200 دووکان تاڵان
کراون و نووسینگەیەکی گەشتیاریش سووتێنراوە، هاوکات پۆلیس نزیکەی 200 کەسی دەستگیرکرد.
رێکخەرانی خۆپێشاندانەکان،
کە بریتین لە بزووتنەوەی هێلەگە زەردەکان و سەندیکاکان، بانگەوازیان بۆ گەڕێکی
نوێی خۆپێشاندانی سەرتاسەری لەسەر قەیرانی بژێوی لە رۆژی شەممەدا کردووە، هەروەها
داوای مانگرتنی گشتی و خۆپێشاندانیان لە 5ی تشرینی دووەم کردووە.
بەرپرسانی فەرەنسا کە نەیتوانی تووندوتیژییەکانی هەفتەی رابردوو
کۆنترۆڵ بکەن، لەم هەفتەیەدا بڕیاریان دا بۆ ماوەی سێ شەو قەدەخەی هاتووچۆ لە
بەشێک لە پاریس، لیۆن و چەند شارێکی دیکە رابگەیەنن بە مەبەستی پاراستنی شوێنە بازرگانییەکان.



