رووداو دیجیتاڵ
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا
رایدەگەیێنێت کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا "فەرەنسای خۆش ناوێت"،
هاوکات تۆمەتباری دەکات بەوەی زانیاری و لێدوانی ناڕاستی لەبارەی ئەو
خۆپێشاندانانە داوە کە بەشێک لە شارەکانی فەرەنسایان گرتووەتەوە.
لە مانگی ئەیلوولەوە لە چەندین شاری فەرەنسا، قوتابیانی قۆناخی
ئامادەیی بەهۆی زیادبوونی گرانی و خراپبوونی بارودۆخی قوتابخانەکان دەستیان بە
خۆپێشاندان کردووە. بەشێک لە خۆپێشاندانەکانیش تووندوتیژییان لێکەوتووەتەوە،
تاوەکو ئێستا زیاتر لە دوو هەزار و 500 کەس دەستگیرکراون.
لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤاناندا سەبارەت بە لێدوانەکانی کۆشکی سپی
لەسەر بارودۆخی ئەو وڵاتە و ئەوەی ئایا ترەمپ فەرەنسای خۆش ناوێت، ماکرۆن گوتی:
"باشە، دەبێت مرۆڤ دان بەوەدا بنێت. هەموو ئەو کەسانەی لەم کاتەدا بە خراپە
باسی وڵاتەکەمان دەکەن، ئەو کەسانەن کە وڵاتەکەمانیان خۆش ناوێت."
سەرۆکی فەرەنسا گوتیشی: "کەسانێک هەن بانگەشەی ئەوە دەکەن گوایە
کۆمەڵە کۆچبەر و ئیسلامییەکان بەسەرماندا زاڵ بوون و وڵاتیان داگیرکردووە، ئەمەش
بە تەواوی ناڕاستە." کاتێکیش پرسیاری لێکرا ئایا ئەمە ترەمپیش دەگرێتەوە، لە
وەڵامدا گوتی: "ئەویش و ئەوانی دیکەش. دەزانن، لە کاتێکی وەک ئێستادا
دەتوانیت ببینی کێ فەرەنسای خۆش دەوێت و کێ خۆشی ناوێت."
ترەمپ خۆپێشاندانەکانی فەرەنسای وەک کارتێکی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی
نیوەخولی کۆنگرێس بەکارهێناوە و هۆشداری دەدات لەوەی ئەگەر پارتی کۆماری بدۆڕێت،
ئەمریکاش تووشی هەمان چارەنووسی فەرەنسا دەبێت. سەرۆکی ئەمریکا رۆژی دووشەممە لە گردبوونەوەیەکی
جەماوەریدا لەویلایەتی کانزاس گوتی: "ئەگەر دەتانەوێت بزانن مەترسیی ئەم
هەڵبژاردنە لە چیدایە، تەنیا سەیری ئەوە بکەن چی لە فەرەنسا روودەدات، نەتەوەیەک
کە پێشتر مەزن بوو، ئێستا لەلایەن کۆچبەران، جیهادییەکان و ئەو کۆمۆنیستانەوە کە رقیان
لە کرستیانەکانە، داگیر دەکرێت، تاڵان دەکرێت و بە تەواوی دەسووتێنرێت."
هەریەک لە ترەمپ و جەی دی ڤانس، جێگری
سەرۆکی ئەمریکا، پشتیوانیی خۆیان بۆ پارتی بەرەی نیشتمانیی ئۆپۆزیسیۆن دەربڕیوە.
ئەو پارتە راستڕۆ توندڕۆیە، بە سەرکردایەتیی ماری لوپێن ئیدارەکەی ماکرۆن بە سستی
لە بەرەنگاربوونەوەی تاوان تۆمەتبار دەکات.
لەو چوارچێوەیەدا جۆردان باردێلا، سەرۆکی پارتی بەرەی نیشتمانیی راستڕۆی
تووندڕۆ رۆژی یەکشەممە رایگەیاند: "ئێمە باجی دەیان ساڵ لە نەرمینواندن لە بەرامبەر
تاوان، لاوازیی دەسەڵات و بێچەککردنی ئەخلاقی، دەروونی و مادیی هێزەکانی ئاسایشی
ناوخۆمان دەدەین."



