رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا بە رووداوی راگەیاند، هەواڵگری چاودێریی ماڵپەڕ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکات کە دەیانەوێت خۆپیشاندانی "GenZ regelt"ی 31ی تشرینی یەکەم بۆ ئەنجامدان و بڵاوکردنەوەی تووندوتیژی بەکاربهێنن و دەشڵێت، پۆلیسی فیدراڵی ئامادە دەبێت بۆ ئەوەی تووندوتیژی و وێرانکاریی وەکو فەرەنسا دروست نەبێت.
گوتەبێژێکی وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا رۆژی هەینی، 23ی تشرینی یەکەم، سەبارەت بە مەترسیی وێرانکاری لە خۆپیشاندانەکاندا وەک ئەوانەی فەرەنسا، قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد و رایگەیاند، دەزگا ئەمنییەکانی فیدراڵی و هەرێمی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ناوەندی هاوبەشی رووبەڕووبوونەوەی تووندڕۆیی و تیرۆریزم (GETZ) چاودێریی پێشهاتەکان دەکەن.
وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا هەروەها گوتی: "لە کاتی پێویستدا، پۆلیسی فیدراڵی لە 31ی تشرینی یەکەمدا لە چوارچێوەی یارمەتیی کارگێڕیدا پشتگیریی هەرێمەکان دەکات، لەوانەش بە یەکەی پاراستنی بەڵگەنامە و دەستبەسەرداگرتن (BFE). ئەو کەسانەی دەیانەوێت بۆ بەشداریی تووندوتیژانە لە خۆپیشاندانەکاندا بێن، لەسەر سنوور لەلایەن پۆلیسی فیدراڵییەوە دەگەڕێندرێنەوە."
ئەو گوتەبێژە جەختیشی لەوە کردەوە، دەبێت جیاوازی لە نێوان خۆپیشاندانە "ئاشتیخوازانە"کانی خوێندکاران و کۆمەڵە تووندڕۆکاندا بکرێت کە ئامادەن تووندوتیژی بکەن و بڵاوی بکەنەوە.
بانگەوازێک بۆ گەنجان
دەستپێشخەریی "GenZ regelt" نەوەی Z بەڕێوەی دەبات) لەسەر ماڵپەڕەکەی خۆیدا بە فەرمی بۆ 31ی تشرینی یەکەم بانگی گەنجان دەکات کە بۆ پەروەردە، تەندروستی، پاراستنی کەشوهەوا و هەروەها دژی سەربازیی زۆرەملێ بێنە گۆڕەپانەکان.
بەگوێرەی ماڵپەڕەکەیان، تاوەکو ئێستا 49 هەزار و 718 کەس لە 23 شاری چوار لای ئەڵمانیا تۆمار کراون، کە زۆربەیان لە شارەکانی وەکو کۆلن، فرانکفۆرت ئام ماین و بەرلینن.
پۆلیس بۆ میدیا: ئێمە بە تووندی وەڵامی هەر تووندوتیژییەک دەدەینەوە
ئەندریاس رۆسکۆف، سەرۆکی دەستەی پۆلیسی فیدراڵی، رۆژی 22ی تشرینی یەکەم بە رۆژنامەی Rheinische Postی راگەیاند، رەنگە کەسانی رادیکاڵ و تووندڕۆ تێکەڵی خۆپیشاندانەکە ببن.
ئەو جەختی کردەوە: "هێزەکانی پۆلیسی هەرێمی و هەروەها فیدراڵی بە شێوەیەکی بەرفراوان و یەکلاکەرەوە دژی ئەمە دەوەستنەوە."



