رووداو دیجیتاڵ
کۆشکی سپی لە راگەیێندراوێکدا دەڵێ، رووسیا و ئۆکراینا بە نێوەندگیریی مێلانیا ترەمپ رێککەوتوون ئاگربەست لە شارێکی ژێر کۆنترۆڵی رووسیا رابگەیەنن.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی کۆشکی سپی، ئاگربەست لە شاری ئۆلێشکی رادەگەیێندرێت کە ئێستا لە ژێر کۆنترۆڵی سوپای رووسیادایە، ئامانجی ئاگربەستەکە گەیاندنی هاوکاریی مرۆییە بە دانیشتووانی شارەکە لە رێڕۆیەکی پارێزراوەوە.
ئاگربەستە کاتییەکە لە رۆژی 29ی تشرینی یەکەمی 2026ـەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و تەواوی چالاکییە سەربازییەکان لەو شارەدا رادەگیرێن بۆ ئەوەی رێڕۆیەکی ئارام بۆ گەیاندنی هاوکارییە فریاگوزارییەکان و دەربازکردنی هاووڵاتییان دابین بکرێت.
شاری ئۆلێشکی دەکەوێتە هێڵی پێشەوەی جەنگ لە باشووری ئۆکراینا و بەهۆی بۆردوومان و پێکدادانە بەردەوامەکانەوە تووشی وێرانکارییەکی زۆر بووە.
خانمی یەکەمی ئەمریکا لەبارەی دۆخی شارەکەوە دەڵێ: "رەوشی ئۆلێشکی کارەساتبارە؛ زۆربەی ئەو دانیشتووانەی لە شارەکەدا ماونەتەوە بەساڵاچوون و پێویستیان بە چاودێریی پزیشکی، دەرمان، خۆراک و ئاوی پاک هەیە. خەڵک لە نێو رێگەی مینڕێژکراو و بێ کارەبادا دەژین و ئەگەر ئەم دەستپێشخەرییە نەبووایە، گەیاندنی هاوکاری و رزگارکردنیان مەحاڵ دەبوو."
بەپێی رێککەوتنەکە، مێلانیا ترەمپ وەک نێوەندگیری سەرەکی و فەرمی لەگەڵ سەرکردایەتیی هەردوو وڵاتی رووسیا و ئۆکراینا کاریکردووە بۆ دیاریکردنی مەرج و وردەکارییە تەکنیکییەکانی ئاگربەستەکە.
بەگوێرەی ئاگربەستەکە ئەم هەنگاوانە دەنرێن:
- نوێنەرانی مەدەنیی هەردوو وڵات سەردانی ماڵەکانی ناو شارەکە دەکەن بۆ دیاریکردنی پێداویستییەکان و ئاستی هاوکارییەکان.
- ئەو کەسانەی دەیانەوێت شارەکە جێبهێڵن، بەپێی خواستی خۆیان دەگوازرێنەوە؛ چ بۆ ناو خاکی ئۆکراینا بێت یان رووسیا.
- دەزگایەکی میدیایی بێلایەنی ئەمریکی یاوەریی تیمەکان دەکات تاوەکو چاودێری و دۆکیۆمێنتکردنی تەواوی پرۆسەکە و پاراستنی مافی هاووڵاتییان بکات.
ئەم دەستپێشخەرییە مرۆییە دوای ئەوە هات کە لە پەراوێزی 81ـەمین کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، رەوشی نالەباری شارەکە خرایە بەردەم خانمی یەکەمی ئەمریکا.



