رووداو دیجیتاڵ
لە مامەڵەکانی رۆژی هەینیدا نرخی زێڕ بۆ خوار 4000 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک دابەزی، کە ئەوەش نزمترین ئاستییەتی لە زیاتر لە سێ مانگی رابردوودا.
نرخی زێڕ ئەمڕۆ بە رێژەی لەسەدا 0.9 دابەزی و گەیشتە خوار 3990 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک، ئەوەش نزمترین ئاستە لە نێوەڕاستی مانگی تەممووزەوە تۆمارکرابێت. ئەم دابەزینەش دوای ئەوە هات کە رۆژی پێنجشەممە نزیکەی 3%ی بەهاکەی لەدەستدا، هەرچەندە دواتر توانی کەمێک لە زیانەکانی قەرەبوو بکاتەوە.
لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستانیش نرخی مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بە 961 هەزار دینارە.
جەستن لین، شیکەرەوەی ئابووری لە دامەزراوەی (گڵۆباڵ ئێکس ئی تی ئێف)، سەبارەت بە هۆکاری دابەزینەکە دەڵێ: زێڕ رووبەڕووی شەپۆلێکی فرۆشتن بووەتەوە کە هۆکارەکەی دەستکەوتنی "نەختینە"یە.
ئەو شارەزایە روونیکردەوە کە ئەم جۆرە فرۆشتنە زیاتر لە کاتی داڕمانی کتوپڕ و تووندی بازاڕەکاندا روودەدات، چونکە زێڕ سەرچاوەیەکی لەبارە بۆ ئەوەی بازرگانان زوو بیفرۆشن و نەختینەی پێویست بۆ پڕکردنەوەی زیانەکانیان لە بۆرسەدا دابین بکەن؛ هۆشداریشی دا کە رەنگە زێڕ لە مامەڵەکانی داهاتوودا ئاستی مەترسیداری 3900 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک تاقی بکاتەوە.
بەپێی راپۆرتەکە، گومانی وەبەرهێنەران لە بەردەوامیی گەشەی کەرتی ژیریی دەستکرد زیادی کردووە، ئەمەش وایکردووە پێشبینییەکانی بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی یەدەگی فیدراڵیی ئەمریکاوە لاواز بن، بە جۆرێک ئەگەری بەرزکردنەوەی رێژەی سوود لە کۆبوونەوەی هەفتەی داهاتوودا بۆ خوار لەسەدا 10 دابەزیوە.
لە لایەکی دیکەوە، کێشەی دابینکردنی وزە و بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی خاوی برێنت بۆ سەروو 113 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، مەترسییەکانی بەرزمانەوەی هەڵاوسانی لە جیهاندا زیاتر کردووە. بەگوێرەی ئامارەکان، نرخی زێڕ لە کۆتایی مانگی شوبات و لە سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگی ئەمریکا و ئێرانەوە زیاتر لە پێنجیەکی (20%) بەهاکەی لەدەستداوە.
نرخی زێڕ لە مامەڵە خێراکاندا بە رێژەی لەسەدا 0.3 دابەزی و گەیشتە 4014.86 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک. هەروەها زیو بە رێژەی لەسەدا 1.2 دابەزی و گەیشتە 53.90 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک.


