رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە گوتەکانی تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا لەبارەی هێرشکردنەوە سەر ئێران لە دوو رۆژی داهاتوودا رایگەیاند، ئاگاداری هیچ پلانێک نییە بۆ ئەو هێرشە.
رۆژی هەینی، 23ی تشرینی یەکەمی 2026، تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا و نێردەی تایبەتی وڵاتەکە بۆ عێراق و سووریا لە هەڤپەیڤینێکدا و لە وەڵامی پرسیاری: "ئایا دەکرێ لە کۆتایی ئەم هەفتەیە (سبەی یان دوو سبەی) هێرش بکرێتەوە سەر ئێران؟" گوتی، "بێگومان، بەڵێ دەکرێ."
بەڵام نێردەکەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بە هەوڵە دیپلۆماسییە بەردەوامەکانی واشنتنیش کرد و رایگەیاند: "سەرۆک ترەمپ زۆر روون بووە. سەرۆک ئامادەیە و دەرگای بۆ رێککەوتن واڵایە".
دوای گەیشتنی بە ویلایەتی فلۆریدا، رۆژنامەڤانێک لەبارەی ئەو گوتانەوە پرسیاری لە ترەمپ کرد و ئەویش گوتی: "تۆم باراک باڵیۆزی منە بۆ تورکیا. پێم وایە ئەو کەسێکی زۆر بەهێزە. ئەگەر ئەمە راست بێت، (واتا ئەگەر پلانێکی وەها هەبێت)، ئەوا من هیچی لەبارەوە نازانم".
رۆژی 9ی تشرینی یەکەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ لە وەڵامی پرسیارێکی دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی واشنتنی تۆڕی میدیایی رووداو سەبارەت بە ئەگەری هێرشکردنەوە سەر ئێران پێش هەڵبژاردنی نیوەی خول رایگەیاند: "لەوانەیە بیکەین. مەبەستم ئەوەیە، با بزانین چی دەبێت".
سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی: "پێم وایە ئەوان (بەرپرسانی ئێران) بە خراپی شکست دەهێنن. وڵاتەکەیان بە خراپی شکست دەهێنێت. سوپاکەیان تێکشکاوە. هیچ هێزێکی دەریاییان نییە. هیچ هێزێکی ئاسمانییان نییە".
سەرۆکی ئەمریکا لە وەڵامی رووداودا ئاماژەی بەوەش کرد: " (ئێران) هەڵاوسانی 300٪ی هەیە و لە دۆخێکی زۆر خراپدان."
رۆژی 28ی شوبات ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئێران و ئەویش بە هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر ئیسرائیل و وڵاتانی دراوسێی وەڵامی دانەوە. هەردوولا لەسەر ژمارەیەک پرس ناکۆکن، لەوانە ئەتۆم، ئەو گرووپە چەکدارانەی واشنتن بە نزیک لە ئێرانیان دایاندەنێت و تەنگەی هورمز.


